بۆچی كۆرۆنا لە (قوم)ـەوە گەیشتە ئیتاڵیا؟

25/03/2020

رێبوار كەریم وەلی

ستێفان ھێل براوەی خەڵاتی نۆبڵی كیمیای ساڵی 2014 دەڵێت: بە شك دەكەوم، ئەگەر ھەمووان یەك بۆچوونیان ھەبێت.

خاڵی جێگەی پرسیار لە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا یان نەخۆشیی كۆڤید-19 ئەوەیە كە بۆچی ئەو ڤایرۆسە لە چینەوە كە نزیكەی شەش هەزار كیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە، وا بە ئاسانی و پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ دراوسێكانی چین، بەو شێوەیە بە ئێراندا و بەتایبەتیش بە قوم كە تەنۆا 140 كیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە و ناوەندی بڕیاری شیعەی سیاسییە لە ئێراندا، بڵاو بكرێتەوە؟ ئینجا چۆن لە منارەكانی قومی ئیسلامییەوە گەیشتە كۆلیزیۆمی رۆما؟
 
كاربەدەستانی ئێرانی پێشتر ئەوەیان راگەیاند كە بەھۆی بوونی نزیكەی 700 خوێندكاری ئایینی لە زانكۆی ئایینیی ئەلموستەفای ئێرانی، ئەم ڤایرۆسە گوێزراوەتەوە بۆ قوم. ئەڵبەتە دیار نییە كە چەند كەس لەو خوێندكارانە خەڵكی وھان بوونە، بەڵام قسەی عەلیڕەزا ئەعرافی كە بەڕێوەبەرە لە زانكۆی ئەلموستەفا ئەو قسەیە بە درۆ دەخاتەوە كە رایگەیاندبوو لە ماوەی رابردوو (واتا پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە) تەنھا دوو كەسی دیكە لە چین وەرگیراون و ئەوانیش لە تاقیكردنەوە پزیشكییەكان دەرچوونە! كەواتا نھێنیی ئەو وەزعە چییە؟ بۆچی ئێران وا گرفتار بوو؟ بۆ وا بە خێرایی گەیشتە ئەوروپا؟
 
میخائییل لوویدڕێز، رۆژنامەنووسی ئەڵمانی لە 2017 كتێبێكی ھەیە بە ناوی "ئەوەی با بچێنێت، زریان دەدروێتەوە". لوویدڕێز ساڵانێك پەیامنێری ھەفتەنامەی Die Zeit  بووە كە لە ھامبورگ دەردەچوو. پووختەی كتێبەكە باسكردنە لە دەستێوەردانەكانی رۆژئاوا لە كاروباری رۆژھەڵاتی نزیك و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و، باس لە دەرئەنجامە شوومەكانی ئەو دەستێوەردانانە دەكات كە بەرھەمەكەی، تیرۆر، داڕمانی وڵاتان و سەرھەڵدان و سەركەوتنی ھێزە ئیسلامییە تووندڕەوەكان بووە. 

لوویدڕێز كودەتای ساڵی 1953ـی ئەمریكی و بەریتانییەكان لە دژی حكومەتە ھەڵبژێردراوەكەی محەممەدی موسەدیق (كە پابەندی بەھا دیموكراسییەكان بوو) لە ئێران بە سەرەتای كارەساتێك دەستنیشان دەكات كە ئینقیلابی 1979 و، دواتر داگیركردنی ئەفغانستان لەلایەن سۆڤییەت و ئەو شەڕە بە وەكالەتەی لێكەوتەوە كە رۆژئاوا لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆی لە دروستكردنی گرووپگەلی جیھادی تاوەكو 11ـی سێپتەمبەر و ھەموو شەڕەكانی دواتر تاوەكو دەركەوتنی داعشی لێكەوتەوە. ئەوە بەرھەمی ئەو بایە بوو كە چاندیان.
 
ئێران و چین دوو براوەی ھیستریای كۆرۆنان لە جیھاندا؛ ھەردووكیان كار لەسەر ئامانجێكی ھاوبەش دەكەن. چین باڵادەستیی خۆی لە دروستكردن، بڵاوكردنەوە و خۆدزینەوە لە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی ڤایرۆسەكە نیشاندا. 

پشكی كۆمپانیاكانی ئەوروپای لە بۆرسەی چین بە نرخێكی زۆر ھەرزان كڕییەوە و بە پێی مەزەندەكان 200 ملیاریان قازانج كرد. 

بۆ ئێرانیش شەڕێكی دوو لایەنە بوو، شەڕێكی بیۆتیرۆریزم (زۆر بەھێزتر لە شەڕی مەیدانیی قاسم سولەیمانی و داعش) لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپییەكان و سەرڕاستكردنی شەڕی داھاتووی رژێمی كۆماری ئیسلامی لەناوخۆی خۆی كە بە بڵاوكردنەوەی ئەم ڤایرۆسە، بتوانێ تەسفییە حیساباتی ناوخۆییی خۆی بۆ دوای نەمانی خامنەیی لە قازانجی موجتەبای كوڕی یەكلابكاتەوە. 
 
مردنی ئەو ھەموو كاربەدەستە باڵا ئایینەییەی ئێران كە بڕیار لەسەر رابەری داھاتووی ئێران دەدەن بە سودفە نییە. ھەزاران تەرمی خۆپێشاندەرانی ناڕەزاییەتییەكانی چەند مانگ پێش ئێستاش كە لە ساردخانەكاندا مابوونەوە بەخاك بسپێرێت و، بەم شێوەیە سەرباری ھەموو ئابڵوقە و گەمارۆكانی ئەمریكا و ئەوروپا درێژە بەژیان بدات. ئەگەر ئەمریكا ئیفلاسی بە ئێران كردبێت، ئەوا ئەمڕۆ كۆرۆنا وایكردووە كە 30%ـی ئەمریكییەكان بێكار بن! ئەوەش واتا ئیفلاسی ترەمپ لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو.
 
قوم و پەكین پێكەوە كار لەسەر كەمكردنەوەی نفوزی ئەمریكا لە عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەكەن. ئێران لایەنی سیاسی و چینیش بازاڕی جیھان و عێراقی بەلاوە مەبەستە. ئەو دەروازەیەی كە عەبدولمەھدی بۆ چینییەكانی كردەوە، دەبێ بە كراوەیی بمێنێتێەوە. ئینجا ئەوروپا سزادەدەن و ناچاریان دەكەن كە رێكارگەلێك بگرنە بەر كە پتر لە نیو سەدەیە بەلایایاندا نەچوونە.

ئێران سپۆنسەری گواستنەوەی ئەو بەڵایە بوو بۆ ئەوروپا و بۆئەوەی كەس شكی لێ نەكات، بە تایبەتیش بۆ وڵاتێك گواستییەوە كە خاوەنی یەكێكە لە گەورەترین سیستەمەكانی تەندروستیی ئەوروپا و جیھان. ماھان ئێیر سەلامەت بێت!

پرسیاری سەرەكی: ئەرێ لە سووریا چ باسە؟ كەس پرسیاری ئەوەی كردووە؟
 
ئەوەی دیكەی با بۆ خوێنەر بەجێبمێنێت.

رێبوار كەریم وەلی