بۆ هەموو ئەوانەی هەناسە دەدەن

25/03/2020

ئەژین عەبدولخالق

من پەرستیارێكم لە كونجێكی ئەم دونیایە ئەمڕۆ زانیم مردن جۆری جیاوازی هەیە، بەڵام ئەم مردنە تراژیدیترینە.

ئەمڕۆ بینینم دایك نەدەوێرا دەستی منداڵەكەی بگری، بینیم ژنێك دوای سی ساڵ پێكەوە ژیان لەگەڵ هاوسەرەكەی نەیانهێشت دواماڵئاوایی لە مێردە مردوەكەی بكات و باوەشی بكات.

بینیم لە پاسێكدا مرۆڤ مۆڕەی لە یەكتر دەكرد، بینیم لە شەقامێكدا مرۆڤ هەستیی بۆ هەناسەو كۆكە و پژمینی یەك ڕاگرتبوو.

من ئەمڕۆ ژیانێكیترم بینی من ئەمڕۆ زانیم چەند پێویستم بە خۆشەویستی ئێوەیە، من و هاوڕێكانم لە كەرتی تەندروستی پێویستمان بە تۆی باوك،دایكە هێز و وزە بدەیتە منداڵەكانت، پێویستمان بە تۆی گەنجە بە جێگای ئێمە قوتوێك شیر وپاكەتێك نان بۆ دراوسێ پیرەكەت بكڕی. ئێمە لە ژێردەمامك و چاویلكەی پارێزەر چاوەڕێی ئێوەی سەرۆكی وڵاتەكانین بێیتە سەر شاشەو دان بە هەڵەی خۆتاندا بنێن، چونكە ئەو هەوڵ و داهاتەی بۆ گولەو موشەك و چەك تەرخانتانكرد. گەر بۆ تەندروسی مرۆڤ و ژینگە بووایە ئێستا كۆڤید نۆزدە چارەسەری دەبوو.

كە منداڵبووم قاڵۆچەم دەخستە نێو شوشەێكی بچوك، دوای چەند كاتژمێرێك لە بێ ئۆكسجینی دەمردن. ئێستا من و تۆ و هەموومان لە نێو هەسارەێكین لەوەیە ئۆكسجین پەشی هەموومان نەكات و یەك یەك وەك قاڵۆچەكانی سەردەمی منداڵیم هەناسەمان لێ ببڕێ و بمرین.

لەوەیە پێت وابێ خەڵكی تەنیا پێویستیان بە كارمەندی تەندروستیە لەم دۆخەدا، بەڵام ئێمە پێویستمان بە هاوكاری ئێوەیە. پێویستمان بە خۆشەویستی ئێوەیە. ئەو دونیایە لە هەر كات زیاتر پێویستی بە تۆیە.

سەركردەی وڵاتێكی، بیركەوە لە ماوەی هەفتەێك لەبەر ئازاری سینگ و هەناسەدان كەس نەمێنێ لە وڵاتەكەت، تۆ سەركردەی كێ دەبیت؟

قەشەی؟ مەلای، مۆنكی خەڵكێك ڕاهاتوون گوێت لێ بگرن، ئەم جمعە و شەمە و یەك شەمەیە كەس ناێتە نوێژەكانتان، لەوەشە كڵێساو مزگەوتەكنتان ئیتر نەكرێتەوە، بۆیە هاوكاربە بێ جیاوازی.

مافیای، بیركەوە ئەم دونیایە تۆ و دار و دەستەكەتی تیا ماوە، هەرچی زێڕ و ئۆریو و دۆلارە بۆ تۆیە بێ ئەوانیتر چی لێدەكەی؟

نەمدەزانی ڕۆژێ دێ پێویست دەكات بۆ هەمووتان بگێرمەوە، نەنكم دەیگوت:" ئەو ژیانە لەسەر كەس ناوەستێ و بەردەوامە. بەڵام ئەم بەیانیە زانیم نەنكم ڕاستی نەكرد. ئەم ژیانە لەسەر هیمەت و هاوكاری هەموومان وەستاوە، من ئەو بەیانیە ژیانیم بینی وەستابوو. وەك قیتارێكی پەككەوتوو ژەنگیگرتبوو.

كەس لە تەنیشت یەكتر نەدەڕۆیی. دایك دەستی منداڵەكەی نەدەگرت.

من كوڕێكی عاشقم بینی نەوێرا گوڵ بكرێ بۆ خۆشەویستەكەی.

ئەو ژیانە لەسەر هیمەتی تۆ وەستاوە، جوانی پێ بدەیەوە.

ئەژین عەبدولخالق


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی