بریا ڤایرۆسێكیش بۆ ڕێڕەوی بیركرنەوەمان دروستبوایە

25/03/2020

پەیمان عیزەدین

ئەوەی لە ئێستادا بۆ كۆمەڵگای ئێمە گرنگی هەیە، گۆڕانكاری سەرەكیە لەبیركردنەوەدا، سەد هێندەی ئۆكسجین پێویستمان بەجۆرێك هۆشمەندیە كە بتوانین تەنیا بەرپێی خۆمان نەبینن ، ئێمە موحتاجی ڤایرۆسێكین لەبری ڕێڕەوی هەناسەدانمان، ڕێڕەوی بیركردنەوەمان بگرێ و مێشك و شێوازی بیركردنەوەمان هەڵتەكێنێ تا بتوانین بە ئاسانی تێبگەین كە :

ئەو دەزگا حیزبیانەی ناوی خێرخوازیان هەڵگرتوە و ئەو كۆمپانیایانەی پشكی گەورەی سەرمایەكانیان هی حیزبە، كۆمەك و هاكاریەكانیان خێر و سەدەقە نیە و ئەوەی ئەیبەخشن بەشێكی زۆر بچوكی مافی دزراوی ئەو خەڵكەیە كەلەڕێی پارتی و یەكێتیەوە براوە بۆ كۆمپانیا و دەزگا خێرخوازیەكانیان .

ئەوەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی كۆرۆنا كراوە بەدور و نزیك پەیوەندی بە حكومەتەوە نیە و بەسەركەوتن بۆ حكومەت حساب ناكرێ، ئەوە ئەرك و ماندوبونی كۆمەڵێك مرۆڤی دڵسۆزە كە بەختمان هەبوە ئەوانە پارێزگارو قایمقام و بەڕێوەبەری تەندروستی و هاتوچۆ بون لە ئێستادا، كە هەموو هەوڵەكانیان خستۆتە گەڕ بۆ سەركەوتنی قۆناغی خۆپارێزی .

ئەوەی دەوڵەمەند و خێرەومەندان ئەیكەن لە دروستكردنی نەخۆشخانە و هاوكاریی مادیی هەژاران ، چەند چاكە و مرۆڤدۆستیە بۆ ئەوان، سەد ئەوەندە بێباكی و كەمتەرخەمی و شكسته بۆ حكومەت ، ئەو حكومەتەی تا كارەساتێكی لەم جۆرە بەردەرگای پێنەگرێ ، نازانێ و ناتوانێ پلانی هەبێ بۆ پەرەپێدانی كەرتی تەندروستی ، داڕمانی ئەو كەرتە و پشتگوێ خستنی ئەنجامی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و بردنی بودجەی گشتیە بۆ كۆمپانیاكانی حیزب و بەرژەوەندی بنەماڵەكان .

ئەوەی حكومەت خۆی ئەدزێتەوە لە دانی موچە ، چەند شكستی ئەم حیزبانە لە حكومڕانیدا دەردەخات ، سەد ئەوەندە دەرخەری ئەوەیە كە حكومەت باكی بە مان و نەمانی هاوڵاتیان نیە و بۆی گرنگ نیە لە ماڵەكانیاندا برسین یان تێرن، ئەوەی پێداگریش ئەكات لە مانەوەی هاوڵاتیان لە ماڵەكانیاندا ، پاراستنی خۆیان و مناڵەكانیانە بە پلەی یەكەم و شاردنەوەی كەموكوڕی و شكستەكانیانە لە كەرتی تەندروستیدا بە پلەی دووەم .

جا بینینی ئەم ڕاستیانە و هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەری بەر لەهەر شتێك بیركردنەوەیەكی دروستی دور لە دەمارگیری ئەوێ كە ئەوەش نازانم بێ ڤایرۆسێكی كاریگەر دروست ئەبێ یان نا

پەیمان عیزەدین


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی