دەبێت سود لە قەیرانی ئابووری وەربگرین

29/03/2020

ئارام هەڵەدنی

قەیرانی ئابوری كارەساتێكی نەخوازراوی ئابورییە بەسەر وڵاتدا دێت هەرچەندە بۆ حكومەتە پێشكەوتووەكان ئاساییە چونكە خاوەنی ئابوری سەربەخۆن و دەتوانن لەكاتی قەیراندا قەرز وەربگرن لە بانكی نێودوڵەتی یان لە حكومەتێكی تر لای هاوڵاتیانیش دڵنیایی ئابوریان هەیە چونكە سیستەمی بانكیان تەواو جێگیرە هەر بۆیە لەو حاڵەتەدا بازرگانانو هاوڵاتیان هاوكاری حكومەت دەبن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكە.

حكومەت دەتوانێت بە زیادكردنی باج و ڕسومات داهاتی وڵات زیاد بكات بۆ ئەوەی بتوانێت موچەی موچەخوران بدات و كاریگەری نەرێنی نەبێت لەسەر بازاڕ.

لە حاڵەتێكیتردا حكومەت دەتوانێت پارەی نوێ چاپ بكات هەرچەندە لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵئاوسانی ئابوری بەڵام بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابوری هەموو ئەگەرەكانی لەبەردەم كراوەیە.

ئەوانەی باسمان كرد بۆ حكومەتێكی سەربەخۆ و پێشكەوتو ئاساییە بەڵام بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەستەمە بتوانێت چونكە نە سەربەخۆیە و نە سیستەمێكی ئابوریەكی پێشكەوتومان هەیە.

هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابوردو چەندین جار ڕوبەڕوی قەیرانی ئابوری بووەتەوە لەهەمو قەیرانەكاندا هاونیشتیمانیان بە تایبەت موچەخۆران دەبنە قوربانی سەرەكی و گەشەی ئابوری تا ئاستی وەستان دەڕوات بەهاتنی هەر قەیرانێكی ئابوری ڕێژەی بێكاری ڕولەهەڵكشان دەكات.

ئەوەی جێی سەرنجە دوای تێەپڕاندنی قەیرانە یەك لە دوایەكەكان بەرنامەیەكی تۆكمە و درێژخایەن نابینین بۆ هەر پێشهاتێكی چاوەڕوان نەكراو بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی بە داهاتی نەوت و بودجەی عێراق بەستووە.

دبوایە لە پاڵ ئەو داهاتانە بە شێوەیەكی بەرنامە دڕێژراو كار لەسەر سێكتەرەكانی تریش بكرێت بە تایبەت( كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار).

كوردستان خاكێكی بە پیت و ئاوێكی سازگاری هەیە بۆ بەرهەمی كشتوكاڵی زۆر لە گونجاوە دەكرا بە جۆرێك كار لەسەر كشتوكاڵ بكرێت كە بتوانین بەرهەمی ناوخۆیی هەناردەی وڵاتانی دەوروپشتمان بكەین و ببێتە گەورەترین سەرچاوەی داهات لەهەمان كاتدا بەشێكی زۆری دەرچوانی كشتوكاڵ و گەنجە بێكارەكان دەخرانە سەر كار ڕێژەی بێكاری كەمی دەكرد.

سروشتی جوان و ئاو هەوای پاك و هەڵكەوتەی دیمۆگرافی كوردستان كە بە چەندین شاخ و گرد و تەپۆلكەی جوان نەخشاوە ئەگەر كاری لەسەر بكرایە پرۆژەی جوان و سەرنج ڕاكێش لە شوێنە گەشتیارەكان دروست بكرایە و خزمەتگوزاری ڕێگاو بان و ئاو و كارەبای بۆ دابین بكرایە و لە ڕێی كۆمپانیا گەشتیاریەكانەوە لە عێراق و وڵاتانی ترەوە گەشتیار پەلكێش بكرایە بەدڵنیایەوە دەبووە بەشێكی سەرەكی بۆ سەرچاوەی داهات و گەشەی ئابوری بەهەمان شێوەی كشتوكاڵ ڕێژەی بێكاری بەرەو دابەزین دەبرد.

كەواتە جێی خۆیەتی ئەم كابینەیە كە سەرۆكەكەی نوێیە و ستافێكی نوێ لە وەزارەتەكان هاوشانی ئەو كاردەكەن بە ڕاوێژ لەگەڵ پسپۆڕانی ئابوری و كارگێڕی كار لەسەر هەمەجۆری داهاتی ناوخۆیی بكات بەرنامەیەكی كورت خایەن و درێژخایەنی ئابوری دابنێت و پەند لە ڕابوردو وەر بگرێت و چیتر دەستەوەستان نەوەستین لەبەرامبەر داهاتی نەوت ‌كە جێگیری لە نرخەكەیدا نییە وەك كەڵەكی سەر ئاو وایە هەركات وڵاتانی زلهێز ویستیان لاری دەكەنەوە بەرەو خوار.

جێی خۆیەتی هاونیشتیمانیانی كوردستانیش تەنها چاویان لە حكومەت نەبێت بۆ دامەزراندن دەبێت بەرهەمی ناوخۆیی بەرەو بۆژانەوە بڕوات كوردستان بەرەو وڵاتێكی پۆپۆلیستی نەچێت هەركەسێك فەرمانبەر نەبوو بێكار دابنیشێت و هیچ سەرچاوەیەكی داهاتی نەبێت.

ئارام هەڵەدنی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی