بەرپرس و ئەندام پارلەمانانی گۆڕان بێدەنگ بكەن

30/03/2020

كەمال چۆمانی

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی قوڵی دارایی دایە. داهاتی هەرێمی كوردستان لە ٩٥٠ ملیۆن دۆلارەوە مانگانەوە دابەزیوە بۆ ٥٠٠ ملیۆن دۆلار. 

حكومەتی هەرێم لە یەكی نیسان بڕیارە كۆبونەوەیەك بكات و دەستكاریكرانی موچە رابگەیەنێت. ئەگەری هەرە لەپێش ئەوەیە ٤٥ یان ٥٠ رۆژ موچە بدات بێ هیچ بڕینێك بۆ ئەوەی وای نیشانبدات كە موچە دەستكاریی نەكراوە، دەكرێت هەر راشینەگەیەنێت تا موچەكە دابەشدەكرێت.

ئەوەی شەرعییەت دەدات بە حكومەتەكەی مەسروڕ بارزانیی و رێگەخۆشدەكات بۆ ئەو ناعەدالەتییە، بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرس و ئەندام پارلەمانەكانیەتی. 

رۆژانە خەریكی دۆزینەوەی رێگەچارەن بۆ قەناعەتپێهێنانی خەڵك. تا جارێك یەكێتییەك یان پارتییەك لێدوانێك دەدات، پێنج لێدوانی بەرپرس و ئەندام پارلەمانانی گۆڕان دەبینی. هەموشمان دەزانین هێشتاش -بە بەراورد بە جەماوەری یەكێتیی و پارتیی- جەماوەرەكەی گۆڕان توڕەن لە حكومەت و دەتوانن فشارێكی گەورەتر بن لەسەر حكومەت، كەچی حكومەت بەرپرسانی گۆڕان بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی هەمیشە جەماوەری گۆڕان و جەماوەری كوردستان لەژێر كۆنترۆڵ بمێننەوە.

حكومەت لە كاتێكدا ئەوە بەرانبەر موچەخۆرانی خۆی دەكات، هیچ رێگاچارە و ستراتیژێكی نییە بۆر زگاركردنی هەرێمی كوردستان و ئابورییەكەی لەو قەیرانەی تێیكەوتوە. هەروەها، هیچ چارەسەرییەكی سادەشی پێ نییە بۆ ئەوانەی كار و كەسابەتیان لەدەستداوە یان بێكارن و لە دۆخێكی دارایی قوڵ دەژین.

نرخی نەوت پێدەچێت زیاتریش داببەزێت دوای ئەوەی عەمبارەكانی نەوتی وڵاتان پڕ دەبن. ئێستا زۆربەیان پڕبونە و كەشتیی بارهەڵگری نەوت بەكرێدەگرن بۆ عەمباركردنی نەوت، هەربۆیە تا ئێستا نرخی نەوت زیاتر دانەبەزیوە. خواست لەسەر نەوت لە بازاڕدا بە رێژەیەكی زۆر كەمیكردوە، بەڵام خواستەكە زیاتریش كەمدەكات كاتێك عەمبارەكان پڕدەبن.

لەو دۆخەدا، پێویستمان بە گۆڕانكارییەكی رادیكاڵ و چارەسەریی جدیی هەیە، نەك شەرعییەتدان بە ناعەدالەتییەكانی حكومەت كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرمەشقییەتی. ئەگەر گۆڕان شەرعییەت نەداتە ئەو ناعەدالەتییەی حكومەت، بەدڵنیاییش یەكێتییش دەكەوێتە هەڵوێستێكی زۆر ئیحراجكەرەوە كە بە هۆی ئەو هەمو دابەشبون و ململانێیەی ناوی دەكرێت ببێتە فشارێكی گەورە لەسەر حكومەتەكەی مەسڕور بارزانیی.

كەمال چۆمانی


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی