کەمینی ستراتیجی...

30/03/2020

رێبوار کەریم مەحمود

بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بزانن چی ئەگوزەرێت، سەرەتا بەبیرتان دەهێنمەوە:
ئەوکاتەی کە گفتوگۆی ئەو شتە ئەکرا کە ناویان نا (یاسای چاکسازی) چەندینجار باسی ئەوەمان کرد کە ئەم یاسایە رێگایەکە بۆ کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران. وتمان ئەو یاسایە، هەوڵێکە بۆ دروستکردنەوەی پاشەکەوتی موچە.
بیرتانە کۆمەڵێک لایەنی سیاسی بو بە شەڕیان لەسەر خاوەندارێتی ئەو یاسایە؟!
کە ئەمانوت ئەم یاسایە چاکسازی بەوە تێگەیشتوە کە موچەی فەرمانبەر ببڕێت، ئەوان دەیانوت رێکخستنەوەیەو تەنانەت موچە پاشەکەوتکراوەکانیشیان بۆ دەگێڕینەوە.
ئەوەتا ئێستا دەرکەوت یاسا چاکسازییەکەتان هەر بۆ گیانی موچەخۆران پەسەندکرابوو. ئەو قسەیە راست نیە کە دەوترێت بەهۆی قەیرانی کۆرۆناو نرخی نەوتەوە موچە کێشەی تێدەکەوێت. نەخێر، ئەوەتا حکومەت خۆی زۆر بە ئاشکرا ئەڵێ (مەترسن، شتێک نیە بەناوی پاشەکەوتی موچەوە، ئەوە تەنها جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە!). کەواتە حکومەت راست دەکات زۆر پێش ئەم بەزمە بڕیاری کەمکردنەوەی موچەکانتانی داوە لەڕێی بڕینی بەشێک لەدەرماڵەکانتان بەناوی چاکسازییەوە.


ئەوەی کە لەمیدیاو هەندێ چالاکوانەوە دەیبیستن کە هەندێ زانیاری بڵاودەبێتەوە، ئەوە هەر حکومەت خۆی دزەی پێدەکات بۆ ئەوەی ووردە ووردە لەسەر کەمکردنەوەی موچە خەڵک رابهێنێت.
نازانم حکومەت پەشیمان دەبێتەوە لەم هەڵوێستەی یاخود نا، بەڵام ئەوە دەزانم کە ئەمجارە بۆی ناچێتەسەرو خەڵک رێگەنادات یاری بە قوتی بکرێت. چونکە ئەمە ژیانی هەمو خەڵک و بازاڕی پێوە بەستراوە.
بڕۆن، ئەگەر راست ئەکەن، چاکسازی لە دۆسیەی نەوت و غازو تاڵانی زەوی شارەوانیەکان و گومرک و گرێبەستی وەزارەتەکان و زۆر بواریتر بکەن. گەندەڵی لەوێیە نەوەک لە گیرفانی هاوڵاتی.
(چاکسازی) لەبابەتێکدا دەکرێ کە (گەندەڵی) تێدابێت، دەی کەی گیرفانی فەرمانبەری موچەخۆر (گەندەڵی) تیایە تا حکومەت (چاکسازی) لەوێ بکات؟!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی