هەر بە تاقیكردنەوە بۆم دەركەوتووە كە هیچ شتێك هێندەی ئەوە ئازارت نادات كە لە غەریبیدا هاونشتیمانیەكی خۆت ببینی بە زەلیلی. ئەمە بۆ هەر نەتەوە و میللەتێكی دیكەش ڕاستە، بۆیە من هەرگیز دیمەنی ئەو كوڕە عەرەبە سوننەیەشم بیر ناچێتەوە كە لە كاتی دادگایی كردنی سەددامدا و لە كەمپێكی پەنابەری لە نەرویج بە خوڕ دەگریا و عەرەبە شیعەكانی دەوری تانەیان لێدەدا.
مەلا كرێكاریش بە جل و بەرگ و جامانەی كوردەواری و ریشی ماش وبرنجی خویەوە، كە بە پۆلیسی نەرویجی چواردەوری دەگیرێت، پیت خۆش بێت و ناخۆش دیمەنێكی نەخوازراوە بۆ هەر كوردێك.
یاخود تۆ دیمەنی سیلڤی لیستهاوگی كەسی دووهەمی پارتی پێشكەوتنی نەرویجی (كە ناسراوە بە دژایەتی كردنی پەنابەران) ببینی كاتێ كێكی خۆشی لەت ئەكات، كە بە نەرویجی لە سەری نووسراوە (گەشتێكی خۆش كرێكار) كە مەبەستی لە دەركردنێتی بەرەو ئیتالیای پڕ لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا. تۆ بتەوێت و نەتەوێت وەها دیمەنێكیش جۆرێك لە زیادەڕۆیی و دڵڕەقی تێدایە بەرانبەر بە كەسێك تاوانبار یان بێتاوان ئەوا تۆ ئێستا زاڵیت بە سەریدا و ڕەوانەی دادگای دەكەیت!
كێشەی نێوان لیستهاوگ و سیڤ یانسنی كەسی یەكەمی پارتی پێشكەوتن لە لایەك و مەلا كرێكاریش لە لایەك مێژوویەكی هەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو لێدوانە توندانەی كە ئەم كەسایەتییە دژ بە یەكانە بەرانبەر بە یەك داویانە پێشووتر.
هەموو ئەمانەی سەرەوە باس لە سۆزێكی رووت ئەكەن بۆ مەلا كرێكار جارێك وەك مرۆڤ و جارێكیش وەك هاونشتیمانییەكی كورد لە وڵاتی غەریبیدا.
بەڵام كاتێك قسە دێتە سەر مەلا كرێكارە سەلەفییە توندڕەوەكە هەقە هەر كەسێك كە دوورە لە وڵاتی نەرویج و بێ خەبەرە لە سەرگوزشتەی مەلا كرێكارەكەی نەرویج هیچ لێدوانێك نەدات و هەوڵ نەدات سۆزی جەماوەرێكی دڵسافی بێ ئاگا لە دەوری كەیسی مەلا كرێكار كۆبكاتەوە، بە قازانج بۆ خۆی یان بۆ پێگە و حزبەكەی. جا ئەو كەسە مەلا بێت یان سیاسی یاخود سەرۆك حیزب بێت. ئەمەش لە پێناو ئەوەی نەكەوینە هەندێ بڕیاری بێ بنەمای هەڵەوە.
قسەی ناهەق ووتن دژ بە نەرویجی وڵاتی خانەخوێ كرێكار كە ڕەنگە نە لە لای خودا و نە لە لای خودی مەلا كرێكاریش قبووڵ بێت. مەلا كرێكار خۆی لە چەندین بۆنەدا لە وەسفی وڵاتی نەرویج لێدوانی داوە.
مەلا كرێكار كە زیاد لە بیست و هەشت ساڵە خۆی و ماڵ و مناڵی لە نەرویج ئەحەوێنرێنەوە كە باوەڕ ناكەم بەردێكی ئەوتۆشی خستبێتە سەر بەردێك بۆ نەرویج، بەڵام خانوو و ژیانی بۆ دابین كراوە بە پارەیەكی كە بەشێكی بەرچاوی لە باجی مەشروب و دیسكۆی شەوانە و چەك فرۆشتن و گۆشتی بەرازەوە هاتووە.
مناڵە بەڕێزەكانشی (كە بە ڕاستی هاوخەمیانم، چونكە دواجار دوورخستنەوەی باوك بە ئازارە جا بە هەر هۆكارێك بێت) بە جوانترین شێوە پەروەردەكراون و خراوەنەتە بەر خوێندن. ئەمە جگە لەوەی بە پێی بەدواداچوونێكی ڕۆژنامەی ئافتن پۆستنی نەرویجی تەنها پرۆسەكانی دادگایی كردنی كرێكار تا ساڵ ٢٠١٥ شەش ملیۆن كڕۆنی نەرویجی تێچووە كە بەهای دوو شووقەی مام ناوەندە لە ئۆسلۆ! ئەمەش هەمووی لە پێناو ئەوەی دادگایەكی دادپەروەرانەی كەیسەكانی مەلا كرێكار بكەن.
هەموو ئەمانە لە بەر خاتری یەك شت كە مەلا كرێكار داوای پاراستنی گیانی كردووە بەوەی كە ژیانی لە كوردستان لە مەترسیدایە. كرێكار بۆی هەبوو لە نەرویج ئازاد بێت وەكو هەر تاكێكی دیكەی ئەو كۆمەڵگایە. بەڵام لە كوێی دونیا دیوتانە پەنابەرێك هەر دوای وەرگرتنی مافی پەنابەری سەفەر بكات بۆ ئەو شوێنەی ژیانی تێدا لە مەترسیدایە و هەر ئەمەش نا بگرە رێكخراوی تیرۆرستیش دروست بكات؟
كام دەسەڵاتەی دونیا ڕازییە بەوەی پەنابەرێك لە خوتبەكانیدا لە وڵات و ناوماڵی خۆیان هانی خەڵكی بدات بە كوشتنی سەرۆكی پارتێكی نەرویجی كە ئارنە سولبەرگی سەرۆك وەزیرانی ئێستای نەرویجە؟
لە كام سیستەمی دونیا بینیوتانە كە پەناهەندەیەك هانی دواكەوتووانی خۆی بدات لە خوتبەكانیدا بە واجبی دینی دابنێ بە كوشتنی كوردە مولحیدەكانی نەرویج لە وێنەی مەریوان هەڵەبجەیی؟
بۆیە نەرویج لە بەر ئەوەی وڵاتی یاسایە ، یاساكەی كەس ناناسێت و چاوپۆشی لە هیچ ناكات و هەڕەشەی كوشتنی ئەم و ئەو سزای خۆی هەیە.
سەبارەت بە ناردنی مەلا كرێكار بۆ ئیتالیا و لەم كاتەدا زۆر گرنگە چەند ڕاستییەك بڵێین. هەموو ولاتە ئەوروپییەكان رێكەوتنی ئەمنی و یاسایی و ڕێكەوتنەكانی دبلن سەبارەت بە پەنابەرانیان ئیمزا كردووە و پابەندن پێوەی. بەم پێیەش بێت هەر پەنابەرێك كە داواكراو بوو لە هەر وڵاتێك لەم وڵاتانە تەسلیم بە پۆلیسی وڵاتی داواكار دەكرێت. دادگای ئیتاڵی بڕیاری ١٢ ساڵ زیندانی بۆ مەلا كرێكار دەركردووە بە تۆمەتی دامەزراندنی ڕەوتێكی تیرۆرستی لەو وڵاتە. ئەمە بووە بە بنەما بۆ ناردنەوە كە. بە پێی لێدوانی پۆلیسی خزمەتە ئەمنییەكانی نەرویج (PST) پێشتر دوو پرسیاریان لە پۆلیسی ئیتاڵی كردووە سەبارەت بە ناردنی مەلا كرێكار ئەویش بەوەی كە تا ئێستاش سورن لە سەر داواكردنی مەلا كرێكار و وە گەرەنتی پاراستنی گیانی دەكەن؟ وەڵامی هەردوو پرسیاریان بە ئەرێنی وەرگرتووە. بۆیە هیچ ڕێگرییەك لەم پڕۆسەی ناردنە نابینین ئەگەر بزانین ئەو دەمێكە لە سەر هەمان داوا لای ئێمە ڕاگیراوە. دوای ئەوە كرێكار هەڵگری ڕەگەزنامەی نەرویجی بووایە بارەكە زۆر لە بەرژەوەندی ئەگۆڕا و هەر نەبێت سزاكەی ئیتاڵیای لێرە دەدرا لە نزیك ماڵ و مناڵەكەی. ئەو دەرفەتەش مەلا خۆی لە دەستی خۆی داوە بە هۆی تاوانەكانی پێشتری دەنا هەر كەسێك مافی پەنابەری هەبێت بە ٧ ساڵ ئەبێت بە نەرویجی و وە كوو نەرویجییەك شایستە یاساییەكانی سود لێوەردەگیرێت.
با ئێمە بەدەر لە عاتیفە هەندێ ڕاستیش بخەینە بەر چاو بۆ بەندكراوێك چ فەرقێكی هەیە نەرویج یان ئیتاڵیا؟ خۆ ئەگەر كۆڕۆناش بیانووی نەناردنی بێت لەم كاتەدا، حاڵی نەرویج لە ئیتاڵیا باشتر نیە ئەگەر بە ڕێژەی دانیشتووان لە یەكی بدەینەوە.
خاڵێكی دیكەی گرنگیش مەلا كرێكار بە پێی یاساكانی هەرێم و عێراقیش داواكراوە، خۆ ئەگەر بێت داوایان بكردایە لە نەرویج، ئەوا لە سایەی بوونی سزای لەسێدارەداندا هەرگیز نەرویج ئەم داوایەی پەسەند نەدەكرد. بەڵام ئەمە بۆ ئیتاڵیا پێچەوانەیە.
ئیتر پێم وابێت قسەكردن لە دەرەوەی ئەم ڕاستیانە درێژدادڕییە. ئەبێت ئەو ڕاستییە بزانن كە مەلا كرێكار تۆمەتبارە و تێوەگلاوە و لە ئەوروپاش یاسا سەروەرە، هەر بۆیە سزا دەدرێت. كوردیش دەڵێت زۆر ووتن هەر قورعان خۆشە.
دلێر محەمەد نوری
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی