حكومەت بەنیازی چییە؟

01/04/2020

مەریوان عەبدوڵڵا

چەند رۆژێكە مقۆمقۆ و دەنگۆی دووبارەی سەرهەڵدانەوەی سیستمی پاشەكەوتی موچە یان كەمكردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی دەوڵەت سەری هەڵداوەتەوە و هەندێك زانیاری پشتراستكراوەی ئێمەش دەریدەخات حكومەتی هەرێم بەهۆی ئەو دۆخە داراییە نوێیەی كە بەم زوانە بەرۆكی دەگرێت رەنگە نیازێكی لەم جۆرە هەبێت و دووبارە دەست بباتەوە بۆقوت و بژێوی ژیانی بەشێك لە فەرمانبەران, ئەگەر ئەمە رووبدات بەدڵنیاییەوە قورس دەبێت بۆ ئەو چینەی كە لە بنچینەدا خۆیان بەو موچە كەمە لە جەنگێكی بەردەوامدا لەگەڵ ژیان و بمرە و بژی ئەژین , لە دۆخێكی ئاوادا و لەم رەوشە خراپەی سەردەمی كۆرۆنادا گومانی تێدا نیە تەنگو چەڵەمەیەكی زۆر بۆ ئەو چینە دروست دەبێت كە خۆیان لە بنچینەدا بە ناچاری درێژە بەژیانی كولە مەرگی دەدەن , ئەوەی جێگەی تێڕامانە تۆ بڵێی ئا لەم دۆخە سەختەدا هەر بەڕاستی حكومەتی هەرێم نیازی كارێكی لەم جۆرەی هەبێت ؟

جەنابی وەزیری دارایی دەڵێت: ئەوانەی قسەی زل دەكەن فەرموو وەرن بزانم چۆن هەرێمی كودستان لەم قوڕاوە رزگار دەكەن و رێگە چارەیەك بۆ دۆخی خراپی ئابوری دەدۆزنەوە كە بەهۆی كۆرۆناوە تێی كەوتووین, جەنابی وەزیر بەر لەوەی ئەو بیانو پاكانەیە بۆ هەر جۆرە نانبڕینێك بهێنێتەوە دەبێت سەیرێكی خوار هێڵی هەژاری خەڵكیش بكات , كە رۆژانە بۆ دەستكەوتنی پاروە نانێك چاوی لە دەستی كەسانی خێخوازەو ئەو فەرمانبەرەش ببینێت كە نزیكەی 2 مانگە موچەیان وەرنەگرتووە و لە كونجی ماڵەكانیانەوە چاوەڕێی ئەوەن موچە كانیان وەربگرن و بە بەشێكی كرێی خانوو قەرزەكانیان بدەنەوە و بەو بەشە كەمەی كە نامێنێتەوە لە خەمی دابیكردنی شیر و دایبی و تیكە نانێكدا بن بۆ منداڵەكانیان, دەبوو وەزیری دارایی و هەموو بەرپرسانی تری حكومەتی هەرێم بەرلەوەی قسە لەسەر كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران بكەن چاوێكیان بەو بڕیارانەدا بخشانایە كە بەشێك لە دەوڵەتانی دونیا بۆ بەهاناوەچونی میلەتی خۆیان لەم دۆخە دژوارەی كە بەهۆی كۆرۆناوە بەرۆكی گرتوون هەنگاویان بۆ ناوە , لە بچوكترین كاردا فەرمانیان كردووە بۆ هەرخێزانێك بڕێك پارەی دابین بكرێت و دڵنیایی تەواویش دراوە كە هیچ خێزانێك رووبەڕووی دۆخێكی دژوار نابێتەوە و گەر پێویست بكات نان و پێداویستی دەگەیەنن بە هەموو ماڵێك و ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین دەكەن, ئەمە بۆ دەوڵەتێكی پێگەیشتوی سیستمی دیموكراسی و دادپەروەری جێگەی سەرسوڕمان نیە و هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕێ دەكرێت, بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان ئەمە نەك لەم قۆناغەدا بەڵكو روونە بۆ مێژوویەكی دوورمەوداش هەر خەونێكی بەدینەهاتووە , حكومەتی هەرێم پێویستە لەم قۆناغەدا بەپرسیاریەتی دابینكردنی ژیانی خەڵك لە ئەستۆ بگرێت و لانی كەم بەشێك لەو ئەركانە جێبەجێ بكات كە ھەر حكومەتێك لە كاتی قەیران و دژوارییەكان لە ئەستۆی دەگرێت نەك دەست بەجێ پەنابردن بۆ كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت. 

ئێستا ئەوە روونە حكومەت ناتوانێت وەك ھەر دەوڵەتێكی تری دونیا مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیەدا بكات، بەڵام خۆ ھیچ نەبێت دەتوانێت لەرووی دەروونیەوە ژینگەیەكی گونجاو بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێنێت و لەم دۆخەدا بە قسەیەك كۆتایی بەو مقۆمقۆ بهێنێت كە باس لە كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەكات هیچ نەبێت ئەم بابەتە هەڵبگیرێت بۆ دوای كۆرۆناو دواتر هەرچۆنێك بێت دوور لە بە ئامانج گرتنی چینی هەژار و كەمدەرامەت رێگەچارەیەكی تری بۆ بدۆزێتەوە , لەم كاتەدا رێگە بدرێت خەڵك لە ماڵەكانیان بە دەرونێكی ئارامەوە بەرەنگاری ئەم دوژمنە سەر سەختەكەی مرۆڤایەتی "كۆرۆنا" ببنەوە , هەڵبەت ئەبێت ئەوەش لە بەرچاو بگیردرێت لە بابەتی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنادا حكومەتی هەرێم رێكارو رێوشوێنی زۆر باشی گرتووەتەبەر و پێشوەختە چەندین هەنگاوی گرنگی ناوە كە تارادەیەكی باش هۆكارن بۆ دوورخستنەوەی ئەم مەترسیە لەسەر هەرێمی كوردستان, ئەمە جێگەی دەستخۆشی و ستایشكردنە و بەم زوانەش بۆچونی خۆمان لەم بارەیەوە دەخەینەڕوو .

مەریوان عەبدوڵڵا


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی