كرۆنا وەك دێوەزمەیەكی كۆمەڵگەی مرۆیی

01/04/2020

ئیبراهیم حاجی زەڵمی

 خوێندنەوەیەكی سۆسیۆلۆژی                        
لەوكاتەوەی مرۆڤ لەسەرئەم زەمینە روەو بەكۆمەڵبوون رۆیشتوەو بەكۆمەڵ بەدەستهێنان و پركردنەوەی پێداویستیەكانی خۆی بووە،  بەسوود وەرگرتن لە سێ شتی سەرەكی، یەك:  ئەزموونی لەگەڵ دانەكان و دیاردەو بابەتەكانی سروشت.دوو: مامەڵەی لە گەڵ خواستی هەمەجۆرو داواو نیازی مرۆڤ و گروپ و كلتوری كۆمەڵەكانی دەوروبەری.سێیەم: لەگەڵ حەزو خولیاو خەونە خودی  و جۆری داواو پێویستیەكانی خودو گروپ و ئەو كۆمەڵگەی تیایدا ئەندامە.
ئەم سیانە دەلاقەی تەماشەو دیدو دونیابیی هەرمرۆڤێك بوون بۆ جیهان و جۆری پەیوەندی گرتنی لەگەڵ مرۆڤەكانی ئەم سەرزەمینە، لەوێوە حەزی بەژیانكردن و بەردەوامی ژیان و بەدەستهێنانی ئاسودەیی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی خۆراك و لابردنی تەنگژەو بەربەستەكانی بەردەم زیندو مانەوەو خۆشگوزەرانی بووە.


لەم رێیەی مرۆڤداو لەم جەدەلیەی بیرو ئایدیاو مامەڵەو پەیوەندیانەی نێو ژیانی كۆمەڵایەتیەیدا  لەم سەرزەمینەو هەنگاو هەڵگرتنی زیاتری ئەو مرۆڤە بەئاوەدانكردنەوەی ئەم سەرزەمینە بەخۆی، هەردەم سێ دێوەزمەی  مەترسیدارو گرنگ وەك بەربەست و مۆتەكە،  لەبەردەم ژیانكردن و گوزەرانی خۆشی و مانەوەی لەنێو كۆمەڵدا دەركەوتە بوون. بەمانا لەگەڵ بەكۆمەڵبوونی زیاتری مرۆڤ و گەورەبوونی كۆمەڵگەی مرۆیی ئەو سێ دێوەزمەیە زیاتر خۆیان نواندووە كە ئێمە بەكورتی بەرچاو رۆشنیەكیان لەسەردەدەین و تەماشەیەكی كرۆنا وەك یەكێك لەو دێوەزمانە دەكەیتە هەوێنی باسەكەمان. 


یەكەم: گرفتی كەمی بەردەستی پێویستیەكان و زیاتر بوونی خواستی پێداویستیەكان لەلایەن مرۆڤ و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیەوە .. 
بەو پێیەی پێویستی خواستێكی دەروونی و بایەلۆژی و كۆمەڵایەتی مرۆڤە، ناخی مرۆڤ و لەهەمانكاتدا كلتورەكەی لەپشت هەرهەوڵێكی مرۆڤەوەیە بۆ دەسكەوتنی، چونكە تاكە هۆكاری بەردەوامی پێدانی ژیانیەتی و درووستكەری ژیان و شارستانیەتی، دیارە مرۆڤیش واناسراوە بونەوەرێكە كە خاوەن خواستی پێداویستی جۆراو جۆرەو پێدەچێت گەورەترین جیاكەرەوەی مرۆڤ و ئاژەڵان ئەوەبێت كەئاژەڵە ناگۆكان (حیوانات غیر ناگقە) پێداویستیەكانیان تەنها رەمەكی و بایەلۆژەی بن ، شێوەی فێربوون و جێبەجێبوونی  هەر رەمەكی و بایەلۆژین و شایەن بەفێربوونن بێ كەمو كورتی. بەڵام پێداویستیەكانی مرۆڤ(بونەوەری بگۆ-حیوان ناگق) بایەلۆژی و كلتورین و شایەنی خستنەسەرن و شێوازو رێگەی بەدەستهێنانیان لەهەژمارنایەن. بۆ ئەم مەبەستەش مرۆڤ رێگەی شیاوونەشیاو (رێگەی باش و رێگەی خراب )هەڵدەبژێرێت، هەرچی سیستمی ئاكارو نۆرم و بەهاكۆمەڵایەتیەكانن لەكۆمەڵگەدا، ئەو رێو میكانیزمە داچۆراوانەی نێو ئەزموون و بیرو خەمی مرۆڤانەی مرۆڤن بۆ دیاریكردنی جۆری(باش-خراب)  رێوشوێنی بەدیهێنانی ئەو پێویستیانە بە ئاسانترین و گونجاوترین شێواز كە ئاسایشی كۆمەڵایەتی و بەردەوامی ژیان و گوزەران بدەن بەدەستەوە. دیارە سەرچاوەكانی پێداویستی هەم سروشتین و هەم كۆمەڵایەتی و مرۆیین.  مرۆڤیش بۆ رامكردنی سروشت تابە ئیمرۆ جەنگاوە و توانیویەتی وەك یەكەم و گەورەترین سەرچاوەی پێداویستیەكان بەئاكاری و نائاكاری سودی لێوەربگرێ و ببێتە سەرچاوەی یەكەمی پێداویستیەكانی، لەهەمانكاتدا بەو پێیەی كۆمەڵگەش دابینكەری زۆرێك لەپێداویستیەكانی تاكە، لێرەوە پەیوەندی تاك و گروپ و كۆمەڵگە لەسەر ئەم مەبەستە وەستاوەو بونیادی سەرەكی كۆمەڵایەتی بوونی لەسەر دیاریكراوە.
دووەم: گرفتی دەركەوتەبوونی ململانێی زیاتری مرۆڤەكان لەپێناو دەستگەیشتن بەسەر سەرچاوەكانی بەرهەمهێنان و بژێوی، دواجار داگیركردنی سەرچاوەكان ژیان و دەسەڵات لەلایەن كەسانی خۆپەرستەوە. 


پرسی ململانێ پرسێكی مرۆییە، لەوساتەوەی كە ئیتر مرۆڤ نەگەرایەوە بۆ ئەو ویژدان و (نیازی پاك)ەی ناخی مرۆڤ وەك ئاینەكان باسی دەكەن و وەك ئەو (ویستی چاكە)یەی كە كانت لەپشتیەوە  رەخنە لە سەر عەقڵی پەتی دەیگرێت، رەهای دەكات لە هەمووشتەكان،  بەڵكو ناخی خۆی كردە هێلانەی ئەنانیەت و ئەو خۆپەرستی وخۆبەگەورە زانینەی (كەیەكەم جار لای شەیتانەوە دەركەوت (انا خیر منە) بەرامبەر باوەئادەمی باوكی مرۆڤایەتی نواند، پاشان ئەم نەریتە نەگریسە هاتە ناو مرۆڤەكان و بەداخەوە زیاتر لەنێو كەسەدەسترۆیشتو دەسەڵاتدارە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان تەشەنەی كردو دەستەواژەكانی (هەرچی من دەیڵێم ئەوەراستە،!! ئەوەی من دیاری دەكەم ئەوە پەیرەوە،!! كێ لە ئێمە پیرۆزترو بیركەرەوە تر لەسەر راستی تر هەیە!! خۆ بەگەورە زان و پیرۆزو شایستە بەریزی ئەوانی ترو ئەوانی تر بە كەسانی پلە دوو بەردەست.!!  ئەمە تەنها بۆ(من)ەو شایەن بەمن و بنەماڵە‌و دەست و تاقمی (من) ەو ئەوانی تر ... ئیتر..؟؟هەزاران دەستەواژەی ناساغ و ناسازی مرۆیی و دژ بە ژیانی دادی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی راستەقینە، ئیتر راكردوو خۆپەناگرە لەهەر بەرپرسیاریەتێكی ئینسانی و كۆمەڵایەتی راستەقینە ئەگەر لەبەرژەوەندی خۆی نەبێ وزیانی بۆ پەزەكانی نەبێ!! چونكە بەرپرسیارێتی هەستێكی ئەرێنی شێلراوی گیانی مرۆڤانەیە، كەلەناخی مرۆڤەكاندا وەك هەڵوێستێك بەرامبەر جیهانی دەرەوە لەئەرك و ماف و گێرانی رۆڵ دا لە گوتەو كارو مامەڵەی مرۆڤدا دەركەوتە دەبێت. بەمەش تاكی مرۆڤ روەو خزمەت و پاراستنی كۆمەڵگە ئاراستە دەكات. بەڵام ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەمانەیان نیەو بۆ ناخی حۆیان شۆربوونەتەوەو سەرچاوەی ململانێن تەنانەت وەیشومەو دوژمنێكی سەرسەختی هاوشێوەكانی خۆشیانن.!
بوونی ئەم جۆرە تەرزە لەمرۆڤ لەم ژیانەو خاڵی نەبوونی كۆمەڵگەكان (بێ جیاوازی و كوردەواری بەنمونەش)لەم تەرزە مرۆڤانە خاڵی لاوازی كۆمەڵگەكانە بۆ بوونی درزی دارمان و لەرزەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دەركەوتەبوونی هەزاران دیاردەی وەك دزیی و گەندەڵی و هەژاری و كوشتن و ...هتد


ئەمە بەدەرلەوەی ئەگەری هەڵكشانی ململانێكان و بوونی رقێكی داپۆشراوی ساختە بە (ئم و بەڵێ‌ قوربانەكان!!) و نەمانی متمانەی پردی پەیوەندی خەڵك و دەسەڵاتە لەهەركۆمەڵگەیەكدا ، (بۆ كوردەواریش ئەمە هەر راستە.) كە دەرگایەك دەكاتەوە بۆ پرسی  من و ئەوان، پرسی خەیرو شەر، پرسێك كەتا بینەقاقای گەوزاوە لەململانێ، ململانێی بینراو و نەبینراو، چێنراو بە قین و بوغزو پاشقول و ملشكاندن، ئیترو ئیتر ئیتر بەردەوام تا ئەوكاتەی مرۆڤی بریاردەری سەردەستە یان ئەگەرێتەوە  بۆ ناخی راستەقینەی خۆی و نێو ماڵی گشتی ئەوان، ئەوانێك كەهۆكاری سەرزل بوونی ئەم بوون رۆژێ لە رۆژان  (كە مەخابن نموونەی لەمە زۆركەمە!!) یان ململانێكە دواجار بەملشكانی ئەوچینی سەردەستەكەی دێت، مێژووی مرۆڤایەتیش لەم نمونانەی بێ هەژمارە.


سێیەم : نەخۆشی
نەخۆشی بۆ خۆی لەگەڵ مرۆڤدا مێژوویەكی دێرینی هەیە، پرسی مێژووی كۆمەڵایەتی ڤایرۆسەكان وەك هۆكارێكی نەخۆشخەرو مەترسیدار هەڕەشە لەسەر ژیانی مرۆڤ،  مێژینەیەكی كۆمەڵایەتی 12هەزار ساڵەی لەگەڵ كۆمەڵگەی مرۆیی دا هەیەو هەردەم هۆكارێكی نەخوازراوو بێزراو دوژمن ئاسای مرۆڤ بووە لەم سەرزەمینە. بەتایبەتی دوای چەرخی بەردینی نوێ و دەركەوتنی ژیانی كشتوكاڵی و زیاتر بوونی چری دانیشتوان، ئیتر نەخۆشیە ڤایرۆسیەكان ماڵی و نیشتەنی كۆمەڵگەكان بوون، نموونەی سورێژە وئاوڵە و تاعوون و هتد. كە ئەمانە زۆر جار ژیانی مرۆڤایەتیان تیكداوەو كۆمەڵگەكانیان بەرەو لێواری لەناوچوون بردووە.


نەخۆشی ئەو دێوەزمە بووە بەدرێژایی مێژوو شەری لەسەر ژیان و بونی مرۆڤ كردووە، هەردەم مەترسی بووە لە توانای و چالاكی و هێزو دەسەڵات و بەردەوامی ژیانی،  بەهەمانكاتدا گەورەترین رێگربووە لە بەردەم خەون و خولیاو خۆشیەكانی ژیانی، بەیەكێك لەتێكدەرەكانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی سیاسی و نیشتمانی نەتەوەكان بووە،  چونكە هیچ كات ئاسایشی كۆمەڵایەتی و نیشتمانی هیچ كۆمەڵگەیەك پارێزراو نابێت ئەگەر كۆمەڵگەیەكی ناتەندروست و پەككەوتەو پرنەخۆشی هەبێت.


دیارە كرۆنا وەك یەكێك لەو نەخۆشیە ڤایرۆسی و درمانەی كە ئیمرۆ كۆمەڵگەی مرۆیی  بەتێكڕا تەنیوە، یەكێكە لەخراپترینی ئەو دوژمنانەی كەبەرۆكی كۆمەڵگەی مرۆیی گرتوە لەبەرسێ خاڵی گرنگ:
یەك: بەچالاكترین جۆری نەخۆشی لەم سەرزەمینە هەژماركراوە كە بتوانێت بەكەمترین كات هەمووسنورە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكان ببرێت و پرسیارو گۆرانكاری لە جۆری سیستمی تەندروستی كۆمەڵگەكان دروست بكات و راستەوخۆو ناراستەوخۆ هەموو كۆمەڵگەی مرۆیی بخاتە ژێر باری خۆپارێزی و بەرگری و  جۆری كۆنترۆڵكردنیەوە.


دووەم: تائێستە یەكەم جۆری نەخۆشی ئەم سەرزەمینەیە كە زۆرینە یاخود بەجۆرێ لەجۆرەكان هەموو چالاكیەكانی مرۆڤایەتی خستە ژێر پارێزو و رارایی و تەنانەت جۆرێك هەڵپەساردنەوە، بەجۆرێك كە بەگەورەترین هەرەشە لەسەر ئابوری و بژێوی ژیانی مرۆڤایەتی هەژماردەكرێت، پێدەچێ داكەوتەكانی ئەم نەخۆشیە ئەگەر وەها بەردەوام بێت، دیاردەی هەژاری و جەنگ و ململانێ مانەوەی كۆمەڵگەكان درووست بكات .


سێیەم: بەداخەوە كرۆنا دووگرفتەگەورەكەی تری ئاماژەمان پێدا : ( گرفتی كەمی بەردەستی پێویستیەكان و زیاتر بوونی خواستی پێداویستیەكان لەلایەن مرۆڤ و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیەوە .. و دەركەوتەبوونی ململانێی زیاتری مرۆڤەكان لەپێناو دەستگەیشتن بەسەر سەرچاوەكانی بەرهەمهێنان و بژێوی، دواجار داگیركردنی سەرچاوەكان ژیان و دەسەڵات لەلایەن كەسانی خۆپەرستەوە. ) زیندووتر دەكاتەوەو دەیانكاتە سەرباری خۆی. بەوەی زیاتر بوونی خواستی تەندروستی و بەربەستبوون لەسەر ئاسان دەستگەیشتن بەسەرچاوەكانی  ژیان وبژێوی، ئەمە لەسەر ئاستی دێوەزمەی یەكەم بەرۆكی كۆمەڵگەی مرۆیی دەكاتەوە، لەسەر ئاستی دێوەزمەی دووەمیش ململانێكان لەسەر سەرچاوەكانی ئابوری و دەسەڵات ئەو مەترسیەگەورەیەیە كە بگاتە بڵاوبونەوەی هەژاری بەربڵاو لەسەر ئاستی جیهان و گومانی دەكرێ دوای نەمانی كرۆنا سەرەتای جەنگێكی نوێ بێت. هیواداریشم وانەبێت!!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە