ویستە تاكڕەوییەكانی پشت ٤٨ سەعات قەدەغەی هاتووچۆ

06/04/2020

كەمال چۆمانی

ئیدارەی خۆجێیی، بەتایبەتتریش سێكتەری تەندروستیی سلێمانیی، لە پرسی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، بە بەراورد بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی دیكە، سەركەوتوتر بوە. تەنانەت حكومەتی هەرێم لە جێبەجێكردنی پلانەكانیدا، ستراتیژی ئیدارەی خۆجێیی سلێمانیی گرتۆتەبەر. بۆ ئەمە، ئیدارەی خۆجێیی سلێمانیی تا رادەیەك پرۆفێشناڵانە كاریكرد، بە پێچەوانەی حكومەتی هەرێمەوە. تا رادەیەكیش، هەر زو، كە زانیان حكومەتی هەرێم بێ پلانە، تاقیگەیەكیان دانا، متمانەی خێرخوازانیان بەدەستهێنا بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەك. ئەو متمانەیە دروستنەدەبو ئەگەر ئیدارەكە راستگۆ نەبوایە لە راگەیاندنی كەیسەكان. هەروەها، ئیدارەكە تەنها جێبەجێكردنی پلانەكانیان گرتە ئەستۆ، پلان و رێككاریی و ئامۆژگارییەكانیان لە كەسانی پرۆفێشناڵی تەندروستیی وەرگرت. هەر بۆیەشە هەمو چاوەكان كەوتنە سەر سلێمانیی چونكە ئەوان رونتر و بەپلانتر بون.

بۆ نمونە، حكومەتی هەرێم دژی ئەوە بو پشكنینەكان بنێردرێنە بەغداد، دەشیانەویست قەیرانەكە بشارنەوە و زۆربەی كەیسەكان رانەگەیەنن، بەڵام ئیدارەی خۆجێیی سلێمانیی ئەوەیان رەتكردەوە. لە راگەیاندنی ٤٨ سەعات قەدەغەی تەواوەتییش، ئەوە تەنها بڕیاری مەسڕوڕ بارزانیی و وەزیری ناوخۆ بو، دەشیانەویست ٧٢ سەعات بێت، تەنانەت پارێزگاری سلێمانیی هەڤاڵ ئەبوبەكر و جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانییش ئاگادار نەبون. بەڵام دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، بو بە ٤٨ سەعات قەدەغەی تەواو. ئەوە بڕیارە لەناكاوەی مەسڕوڕ بارزانی -كە لەڕێی وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەدەوە راگەیەنرا- كە هەموانی توشی شۆك و پانیك كرد، بێ خوێندنەوە نەبوە. ئەو خەونی حكومەتێكی سێنتراڵی توندی هەیە نەك حكومەتێك كە دەستەڵاتەكان بداتە پارێزگاكان و قەزا و ناحیەكان. ئەوە قبوڵكراو نییە لای مەسروڕ بارزانیی شارێك یان قەزایەك بێ گەڕانەوە بۆ حكومەت بڕیاربدات نەخۆشخانە بكاتەوە یان خوێندنگەیەك یان كتێبخانەیەكی گشتیی. ئەو بێ راوێژ كارەكان ئەنجامدەدات چونكە بڕوای بە تاكڕەویی هەیە، وەزیرەكانی پارتییش ئەمەیان پێخۆشە چونكە خۆیان لە هەر بەرپرسیارێتییەك دەدزنەوە، ئەمەش بۆ وەزیرەكان ئاسانترە نەك بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن. هەم لەناو حیزبەكەی، هەم لە پیشە هەواڵگرییەكەیدا تاكڕەوییەكەی وێنەیەكی گەورەی لەناو حیزبەكەی پێبەخشیوە. تا رادەیەكی باشیش سەركەوتو بوە لەوەی تاكڕەوییەكەی بە “دەوڵەتداریی” بە ئەندام و لایەنگرانی بفرۆشێتەوە. ئەو نازانێت ئەمە لەناو حكومەتێكی هاوپەیمانیی سەركەوتو نابێت. لەوانەیە حیزبەكان یان هەندێك لە وەزیرەكان تا ماوەیەك یان لە هەندێ باردا و ئە و تاكڕەوییە قبوڵبكەن، بەڵام تا كۆتایی وا بەردەوام نابێت چونكە حیزبەكان لەژێر فشاری لایەنگرانیانن و دەیانەوێت حكومڕانییەكی جیاوازتر ببینن لێیان. حكومەت هێزی دیكەشی تێدا هەن. لە پارلەمان ئۆپۆزسیۆنیش هەیە. خەڵك چاودێرێكی وردە. میدیاش بەوردی هەنگاوەكانی هەڵدەسەنگێنێت.
 
مەسروڕ بارزانی بە رادەیەك دژایەتیی لامەركەزیەتە تەنانەت لەڕێی گوتەبێژی حكومەتەوە رایگەیاند كە “هیچ كەمپەینێك بۆ كۆكردنەوەی پارە بە ناوی هاوكاری رێگەپێدراو نییە و بۆ هیچ كەسێك یان لایەنێك نییە كەمپەین رابگەیێنێت.” هەرچەندە وا دەردەكەوێت كە بارزانی دەیەوێت هەڵمەتەكانی كۆكردنەوەی پارە و یارمەتییدانی هەژاران یەكبخات، بەڵام لە بنەرەتدا ئەوە ترسە لەوەی خەڵك پشت بە خۆی ببەستێت و رێكخراو و گروپە كۆمەڵایەتییە خێرخوازەكان ببنە هێزێكی كاریگەری كۆمەڵایەتیی. بارزانی بەو بڕیارەی رێ لەو خێرخواز و كەسایەتییانە دەگرێت كە دەیانەوێت لەڕێی جڤاك و شار و گوند و شارۆچكەكەی خۆیانەوە، یان لەڕێی حكومەتە خۆجێییەكەی خۆیانەوە پارە كۆبكەنەوە چونكە دەیەوێت هەموان بۆ ئەو بگەڕێنەوە. بارزانی پشتی بە كام بنەمای قانونیی بەستوە بۆ رێگریكردن لە كۆكردنەوەی پارە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت لەو قەیرانە قولەدا كە توشی هەرێمی كوردستان و دونیا بوە؟

چەند خاڵێك لەو بڕیاری ٤٨ سەعات قەدەغەی تەواو هەڵدەهێنجم:
– وەك زۆر خەڵكی هەرێمی كوردستان، بڕوایەكی تەواوم بە بەخشینی زیاتری دەستەڵات هەیە بە حكومەتی خۆجێیی پارێزگاكان و قەزا و ناحیەكان -لامەركەزیەت-. ئەوەی ئیدارەی خۆجێیی سلێمانیی كردی، سەلماندنی ئەو راستییە بو كە ویستی سەرۆكی حكومەت مەسروڕ بارزانیی بۆ زیاتر بەسێنتراڵكردنی حكومەتی هەرێم و كوشتنی لامەركەزیەت مەترسیدارن، شكستخواردون و پێویستە رێیان لێ بگیرێت. بارزانی نایەوێت خەڵك ئەو راستییانەی بۆ دەربكەوێت كە ئیدارە خۆجێییەكان زۆر گرنگن. ئەوەش عەیبەیەك نییە، تەنانەت لە ئەمریكاش ویلایەتەكان مشوری خۆیان خوارد كاتێك بینیان ئیدارەی دۆناڵد تڕامپ وەك پێویست نەبو لە سەرەتادا.
– ئیدارە خۆجێییەكان دەتوانن متمانەی زیاتر لەنێوان خۆیان و هاووڵاتییان دروستبكەن، هەربۆیە زۆر بەزویی خێرخوازان دەستوبردیان كرد لە كردنەوەی نەخۆشخانەیەك، بەتایبەت كە بینییان كادیرانی تەندروستیی بەڕاستیی خۆیان ماندودەكەن بێگوێدانە ئەو لاوازییانەی لە حكومەتدا هەن. لە دروستكردنی ئەو نەخۆشخانەیە و تاقیگەیەك، ئەوەی ون بو حیزب بو، بە كۆی رەنگەكانیەوە، ئەوەی هەبو و دەركەوت خەڵكی خێرخواز و پرۆفێشناڵ بو. -بەڵێ، من دەزانم و پێشتریش زۆر رەخنەمان لەو سیستەمە گرتوە، بەڵام ئەو سەرنجانە باسی ئەوەن كە چۆن حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێیی مامەڵەی كردوە بەپێی ئەوەی لەبەر دەستدا بوە-.
– پێویستە ئیدارە خۆجێییەكان دەستەڵاتەكانیان زیاتر بكرێت، لە بواری داراییشەوە دەستەڵاتەكانیان فراوانبكرێت، بە رادەیەك خۆیان مشوری زۆر شت بخۆن و نەگەڕێنەوە لای حكومەت. ئیدارە خۆجێییەكان بكەونە كێبڕكێ لە ململانێی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر. بۆ نمونە، ئەگەر سەرۆك وەزیران لە حیزبی ئەلف بێ، دەكرێ ئیدارەی شاری رانیە لەلایەن حیزبی بی ئۆپۆزسیۆنەوە بەڕێوەببرێ كە ئۆپۆزسیۆن لەوێ باشتر خزمەتدەكات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە ئەگەر حكومەت بگرێتە دەست، دەتوانێت باشتر بێت. ئەمە دەرفەتیشە بۆ ئۆپۆزسیۆن و حیزبەكانی دی كە ئەسپی خۆیان تاوبدەن لە حوكمڕانیی. ململانێكان روێكی تر وەردەگرن و دەبنە ململانێ لەسەر بنەمای پێشكەشكردنی باشتر. بۆ نمونە، پارێزگاری لەندەن لە حیزبی كرێكارانە، بەڵام حكومەت هی پارتی پارێزگارانە.
– نامەوێت ئەو برینە قوڵتر بكەم كە یەكێتیی و پارتیی و خەڵكی تریش خستویانەتە نێوان سلێمانیی و هەولێر. بەڵام پێموایە مەسڕور بارزانی بۆیە بڕیاری ٤٨ سەعات قەدەغەی سەپاند تا ئەو ئیدارەدانە باشترەی حكومەتی خۆجێیی سلێمانیی لە روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەدەستیهێناوە بە بەراورد بە حكومەتی هەرێم، بیانكاتە هی حكومەت و لەمەودوا ئیدارەی سلێمانیی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك سنوردارتر دەكرێن لە گرتنەبەری هەر رێككارییەك كە جیاواز بن لە هی حكومەتی هەرێم، یان پێش یان پاشی حكومەتی هەرێم بن.
– ویستی تاكڕەویی مەسروڕ بارزانی لەو بڕیارەدا بەڕونی دیارە. دژایەتیشی لەگەڵ لامەركەزیەت و بەخشینی دەستەڵاكەكان بە حكومەتە خۆجێییەكان شتێكی رونە. دەبێت مەسروڕ بارزانی و حكومەتی هەرێم و سەرجەم حیزب و لایەنەكان لەوە تێبگەن خەڵكی پێنجوێن و ئامێدی و دهۆك و هەڵەبجە دەیانەوێت زیاتر بەشدارییان هەبێت لە بڕیارەكانی تایبەت بە شار و شارۆچكەكانیان. قەیرانی ڤایرۆسی كۆڕۆناش باشتر دەریخست كە حكومەتی سێنتراڵی توند هەمیشە شكستخواردوە.

كەمال چۆمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی