دەیگۆڕێ

06/04/2020

فارس نەورۆڵی

ھەرچەندە ھێشتا زوە بۆتێگەشتنی تەواو لەو زیان و گۆڕانکاری و کاریگەری و لێکەوتانەی کە دەشێت کۆرۆنا بەدوای خۆیدا بیھێنێت، چونکە ھێشتا تەندروستی جیھانی لای ڕون نیە کەی کۆتایی بەم ڤایرۆسە دێت، ئەمە لەکاتێکدایە جیھان ئەم دۆخەی بە دۆخی شەڕ ناساندوە، ھەمیشەش شەڕەکان میراتێکییان بۆ سەردەمی ئاشتی و ئارامی جێھێشتوە، کە باجێکی قورسی ھەیە، ھەربۆیە کیسەنجەر ھۆشداری دایە ئەمریکا لەسەرکاریگەریی ترسناکی دوای کۆرۆنا لەسەرئابوری جیھان و سیستمی سیاسی و لیبراڵ، ئەو ئاماژانە ئەوە دەڵێن کە ژێرخانی ئابوری جیھان بە تەواوی دادەتەپێت، ئەمەش گۆڕانکاری لە جیھانبینی مرۆڤ و گۆڕانی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دێنێت، جۆرێکی دی لەمرۆڤ پەیدادەبێت فەزایەکی جیاوازتر لە جاران دەخولقێنێت، کۆمەڵناسەکان لەم بارەیەوە دەڵێن" گۆڕانی کۆمەڵایەتی پرۆسەیەکی بەردەوامە و ھۆکار و دەرەنجامی خۆی ھەیە و ھەرگۆڕانێک لە پەیکەری کۆمەڵایەدا ڕوبدات گۆڕانکاری کەلتوری لەگەڵ خۆی دێنێت. "

 لەلایەکی دیکەوە مارکس لەم بارەیەوە دەڵێت" گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا ڕەنگدانەوەی ئەوگۆڕانەیە کە لە بنەمای ئابوریدا ڕودەدات"، بەڵام ئەگەرپێشتر شەڕ و بیرمەندان و سیاسەت و ئاین و ڕەوتی جیاجیا گۆڕانکارییان دروست دەکرد، ئەوە ئێستا ڤایرۆسێک فاکتەری سەرەکی گۆڕانکارییە لە ھەموو ئەوکایانەدا، ھەرلەگەڵ کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا سیاسەت جارێکی دیکە ستراتیج دادەڕێژێتەوە، چونکە زۆربەی کایەکانی ژیان دەگۆڕێت، بۆ نمونە گەر پێشتر گروپ و تاک  مەترسیبون لەسەریەکتر، ئێستا خۆمان مەترسین، ڕۆژنامەنوس ماسیمۆ گیانینی دەڵی" ئێمە لە مەترسیدانین، بەڵکوخۆمان مەترسییەکەین".

لێرەوە جیاوازییە بنچینەییە جیاکەرەوەکانمان وەک ئاژەڵی سیاسی ئێمە دژبەوان نامێنێ و ھەمومان دەبینە مەترسی کاتێک ھەر وڵاتێک دەرگای خۆی بەسەروڵاتانی دیکەدا دابخات، ئەم داخستنە ورد دەبێتەوە بۆ ھەموئاستەکان، تاکەکان دەرگا بە سەر یەکتردا دادەخەن، جۆرجیۆئاگامین دەڵێت" خراپتر لە سنوردارکرنی ئازادی لە ئەنجامی کۆرۆنا ھەرەسھێنانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانە"، ئەویش ھەڵس و کەوتمان دەگۆڕێت، کە ناشتوانین دەست لە یەکتر بدەین ، دەبێت بە مەودایەکی دیاریکراو دوربین لە یەکتر، ھەمونەریت و کەلتورەکانی پێشو پێچەوانەدەبێتەوە، ئەگەر جاران نیشانەی ڕێز و خۆشەویستی بۆھاوڕێیەتی ئەوە بوبێت یەکتر لە باوەش بگرین و تەوقەی گەرم لەگەڵ یەکتر بکەین، ئەوە ئێستا ڕێز ئەوەیە لە دورەوە سەیری یەکتر بکەین، ئەگەر لە نێوان ئاشقاندا ژوانی ئامێزگرتن بوە ئێستا تەنھا سەیرێکی مردوانەیە، کەواتە گەر کۆرۆنا توانیبێتی ئەشق و خۆشەویستی بگۆڕێت، ئەوا گۆڕان لە ھەموشتدادەکات، تا ئەو ڕادەیەی گێلەکان جۆرێکی دی لە گێلایەتی درێژە پێبدەن.
ئەوەی پێویستە لەسەر ئێمە ئەوەیە بە کەمترین زیانی گیانی ئەودۆخە ئاوارتە ترسناکە تێپەڕێنین، دواترئێمەش لە تەک گۆڕاوەکاندا چۆن نەخشە دەکێشێت، لەگەڵیدا خۆدەگۆڕین و خۆدەگونجێنین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی