ئەو رۆژە سەختانەی لە پێشمانن

08/04/2020

ئاسۆ حاجی

كۆڕۆنا رۆژی سەخت و تەنگاسی گەورە لە كوردستان دروست ناكات چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند هەنگاوێك وەپێش كەوتەوە و تا ئێستا باشی هێناوە بە بەراورد بە دۆخی زۆرینەی زۆری وڵاتانی زلهێز و پێشكەوتوو لە رووی ئابوری و كەرتی تەندروستی دا.

ئەوەی مەترسیە ببێتە سەختی و كۆسپ لەبەردەم كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان،هەبوونی نیەتێكی خراپ و خواستی تۆڵەكردنەوە و جێبەجێكردنی ئەجێندایێكە كە بەردەوام بە كراوەیی هێشتراوەتەوە بۆ لێدان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و لاوازكردنی پێگەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان،كەرستەی ئەو ئەجێندایەش كەسانێكن كە لە رێگای نووسینەكانیانەوە خەڵك هاندەدەن كە پێچەوانەی بڕیار و رێنماییەكانی دەزگا تەندروستیەكان كاربكەن یان دەزگا و حیزبگەلێكن كە هەموو توانایان دەخەنە خزمەت ئەو ئەجێندایە نەیارە بە حكومەت و خەڵكی كوردستان.

هاندانی خەڵك بۆ شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و پێشێلكردنی بریار و رێنماییەكان بۆتە كارنامەی ئەو هێزگەلەی كە دەیەوێ تۆڵەی شەخسی لە سەرۆكایەتی حكومەت بكاتەوە یان وەك ئەركی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان پێناسەیان بكات،لە كاتێكدا ئەو هاندانە باجەكەی ژیان و تەندروستی خەڵكە و كاولكردنی وڵاتە.

گچكەكردنەوەی ئەو دۆخە و جێكردنەوەی لە بەرژەوەندیەكی گچكەی شەخسی یان حیزبی بە نیەتی تۆڵەكردنەوە لە حكومەت كە دەرئەنجام خەلكی سڤیل بە گیانی خۆی و خۆشەویستانیان باجەكەی دەدەن لە تووند بوونی گرێی دەروونی و حیساباتی دەسكەوتی شەخسی و پڕبوونی گیرفان هیچی دیكەی لێ وەبەر نایێ،بەڵام هەموو ئەوانە لە وڵاتێكی وێران و رووداوگەلێكی مەرگەساتدا چ ئەرزشێك و چێژێكیان هەیە!مەگەر بۆكەسانێكی نەخۆش و داشۆراو لە بەها مرۆڤایەتیەكانەوە نەبێت.

دڵنیام رۆژانی سەخت چاوەڕێمان دەكەن چونكە هێشتا  هەندێك هەنە سروودی داگیركەران بە دڵ ئەزبەر دەكەن و ئاڵای رەش و پیسی وڵاتی داگیركەر لەسەر دڵی خۆیان دادەنێنن و كەسانێك لە جیاتی نەفرەت ئەو كەسانە وەك سەركردە و نموونەی خۆیان قبوڵدەكەن و تەنها لە پێناو تۆڵەیەكی حیزبیانە كوردستان بە هەموو مێژوو و خوێنی شەهیدانیانەوە هەراج دەكەن و ئامادەن وەك لاشەی منداڵە ئەنفالكراوەكانی گەرمیان لە نوگرە سەلمان فڕێیان بدەنەوە بەر دەمی سەگە رەشەكان.

ئاسۆ حاجی


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی