لە ستایشی لامەركەزییدا

16/05/2020

سەردار عەزیز

هەرێمی كوردستان و عێراقیش پێویستیان بە لامەركەزییە. هەموو زلهێزەكان و ناوەندە جیهانییەكانیش ئەمە دەزانن و هەوڵدەدەن كە فەراهەمی بكەن، بەڵام كوردیش و عێراقییەكانیش لێی دەترسن. لە روی جیوپۆلەتیكەوە، بۆ ئەوەی ڕێگەر لە دوو دیاردەی زۆر بڵاو بگیرێت لە عێراقدا، لامەركەزی پێویستە، ئەوانیش دیكتاتۆریەت و شەڕە. ئەوەندە باسی عێراق ناكەم.

بەڵام دۆخی كوردستان پێویستی بە جۆرێكی جیاواز لە لامەركەزییە. لە خوارە بە كورتی سەرنجتانی بۆ ڕادەكێشم.

یەكەم، بۆ ئەوەی لامەركەزی لە هەرێم وەڵامی مەركەزییەتی هەرێم بێت، ئەوا دەبێت لامەركەزی وەها دابڕێژرێت كە سیستەمەكە بگۆڕێت لە ناوەندێتییەوە بۆ ناناوەندێتی. ئەمە پێویستی بە تێگەیشتنە لە هەردوو سیستەمەكە، ئەم تێگەیشتنە ئێستا لە ئارادا نیە. هەركارێكیش بەبێ تێگەیشتن بكرێت، شكست ئەنجامی دەبێت.

دووەم، دەبێت هەیكەلی ئیداری هەرێم سەرتاپای هەڵوەشێتەوە، نابێت پارێزگا بمێنێت، ئەم دیدەم لە میانەی گفتوگۆیەك لە گەڵ هاوڕێم د. شێركۆ كرمانج بۆ گەڵاڵە بوو. هەرێم دەبێت ببێت بە ٨تا ١٠ یەكەی نیمچە هاوبەش، كە بتوانن بەرپرسیارێتی ئیداری و دارایی خۆیان بگرنە ئەستۆ و لە پەیوەندییەكی كێبڕكێی یەكترتەواوكەردابن لە گەڵ یەكتردا، بە هاوكاری و سەرپەرشتی ناوەند.

سێیەم، بۆ ئەوەی ناناوەندێتی هەبێت دەبێت، ناوەند بگۆڕێت. هەندێك بوار هەیە دەبێت زیاتر ناوەندی بكرێت، وەك پێشمەرگە، ئاسایش، دادوەریی و بواری تریش

چوارهەم، دەبێت سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێم بگۆڕدرێت بۆ سیستەمی تێكەڵ. بەڵام لە بونی لامەركەزیدا هەرێم پێویستی بە ژورێكی ترە لە پەرلەمان كە نوێنەرایەتی یەكەی جوگرافی بكات، نەك تاك.

پێنجەم، ئابوری سامانی سروشتی بە سروشتی مەركەزییە، بۆیە دەبێت ئەم بوارەش بكرێتەوە و بگۆڕدرێت.

شەشەم، لامەركەزی تەنها باش نیە، لایەنی خراپیشی هەیە، بۆ نمونە هەموو یەكە جوگرافییەكانی وڵات وەك یەك خاوەنی داهات نابن، چونكە سروشت بە دادپەروەرانە دابەش نەبوە، بۆیە دەبێت یەكەیەكی هاوسەنگكەر هەبێت لە نێواندا، كە ناوەندە، لە ڕێگای بونی بانكی تایبەت بۆ ئەو بوارە.

حەوتەم، دەبێت ئەم پرۆسەیە بە قۆناغ و زانستیانە بكرێت.

سەردار عەزیز


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی