خەڵک چیان لەسەرۆک کۆمار و پەرلەمانتارەکان دەوێت!

17/05/2020

ئیبراهیم محمد


 خەڵک بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی باش دەزانن بەم حاڵەی ئێستاوە، قوتیان لەدەستێکی ئەمین و شارەزادانییە، یاریکردن بەقوتی خەڵکەوە پێدان و نەدانی مووچە دڵەراوکێیەکی زۆری لای خەڵک دروست کردوە، بۆیە کاتێک دەوترێت مووچە لەبەغدادەوە دێت هێشتا بەدگومانی و دڵەراوکێ نارەوێتەوە، چونکە بە ئەزمون دەرکەوت یاریکردن بەمووچەوە تا ئاستێکی مەترسیدار روویداوە.


ئەم بەغدادەی ئێستا خۆمان رۆڵمان هەبوو لەدروستکردنیدا، بەردەوام شاندی کوردی لەوێیە، جگە لەوەش چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسی حکومی کوردن و مووچەیان لەبەغدادە، تەنانەت سەرکردەکانی وەک مام جەڵال و کاک مەسعودیش موچەیان لەبەغداد بووە، ئیستا بۆچی ئەبێت مووچەخۆرانی کوردستان شەرم بکەن لەوەی داوابکەن مووچەکەیان لەبەغدادەوە راستەوخۆ ببسرێتەوە لەرێگەی بانکەوە وەریبگرن، مادام ئێمە مووچەکەمان هەر لەبەغدادە، با ئەو ئەرکە لەسەر حکومەتی هەرێم سوک بکرێت، هەقە سەرۆک کۆمار و پەرلەمانتارە کوردەکان بێ سڵەمێنەوە کار لەسەر ئەوە بکەن مووچەی هەرێم راستەوخۆ ببەسرێتەوە بەبەغدادەوە.

جەنابی سەرۆک کۆمار هەقە بێتە دەنگ لەسەر ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نادرێت و هەر جارە بەبیانووییەک دوادەخرێت، یان پاشەکەوت دەکرێت و رەوانەی وێڵ دەکرێت، پەرلەمانتارەکان کە دەنگ و متمانەی خەڵکی کوردستانیان هەیە هەقە بەجیا لە دیدی حزبایەتیەوە لەسەر ئەم پرسە بێنە دەنگ، چونکە مادام ئێمە مووچەکەمان هەر لەبەغدادەوە دەنێردرێت، هیچ خەوشێکی تیانییە لیستی مووچەخۆران پاکبکرێتەوە لە دوو مووچەو سێ مووچەو بندیوار، هەق وایە کۆدەنگی فەرمانبەران بۆ ئەم داوایە دوور لەمزایەدەی سیاسی بێت و لەباتی ئەوەی دۆخی هەرێم لەوە زیاتر ئاڵۆزبکرێت و لەباتی ئەوەی لەسەر سفرەی خاڵی بەدیار هات و نەهاتی مووچەوە دانیشن، کۆدەنگی بۆ ئەو خواستە دروست بکەن و شاندی خۆیان بنیرنە بەغداد تاراستەوخۆ لەدۆخی بژێویان بکۆڵنەوە. ئەرکی هەموو هاونیشتمانیەکی دڵسۆزەبۆ  ڕزگارکردنی ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرانی کورد، کە ژیانیان لەوەزعێکی خراپدایە، هاوکاربن بۆ ئەوەی  کۆتایی بەم وەزعە نالەبارە بهێنن.

هیوادارم کەس لەوەنەسڵەمێتەوە موزایەدەی گەندەڵکاران کاریگەری نەبێت لەسەر هەوڵەکان چونکە بەدڵنیاییەوە تاک بەتاکی کورد پشتیوانی هەر هەوڵێکی لەوجۆرەیە ،ئەو پەڕی مەردایەتیی و ئینسانییە هەرکەسێک ئەم پرسە بجوڵێنێت.

ئێستا دروشمەکان لەنەبوونی مووچە کاڵ بوونەتەوە، بەڵێنەکان چونەتەخانەی لەبیرکردنەوە، ئەوەی گرنگە خەڵک چاوەرێی فریادڕەسێکە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کورد لەم دۆخە قوتار بکات، کە بەدڵنیاییەوە ئەمە سەرەتایەکیش دەبێت بۆ راستکردنەوەی خوارو خێچیەکان و بەئاراستەی چاکسازی دەبێت، چونکە ناکرێت بروابەوە بکەین خەڵک ئەتوانن تاسەر بەم دۆخە ژیان بەرنەسەر.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی