ئایا رێككەوتنی تەڤدەم و ئەنەكەسە لە قازانجی رۆژئاوای كوردستانە؟

19/05/2020

عیماد عەلی

(  بەشی دووەم)
ئەوەی زانراوە هەردوو لایەن تەڤدەم و ئەنەكەسە گەیشتونەتە لێكتێگەیشتنێكی مەبدەئی لەسەر پێنج خاڵی سەرەكی یان وردتر بڵێین دیدی سیاسی هاوبەش، بەڵام چەندین خاڵی قورسیان دواخستووە و، وەكو دەشڵێن شەیتان لە دووتوێی درێژدادڕی و پانتایی فراوانی گفتوگۆی كێشەكاندایە.

لەو دیدە هاوبەشە باسكراوانەی كە گەیشتون بە لێكتێگەیشتن لەو بارەوە، ئەوەیە؛  سوریا خاوەنی شكۆ و سەروەریە و دەوڵەت سیستمی فیدڕاڵی بەرجەستە بكات كە مافی سەرجەم پێكهاتەكانی تێدا مەیسەر بێت و، كورد بە نەتەوەیەكی خاوەن یەكەیەكی جوگرافی سیاسی كامڵ لە چارەسەركردنی پرسە نەتەوەكەیدا دابنرێت و، بە پێی پەیمان و بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەكان دەستووری داهاتووی وڵاتەكە دان بە مافە نەتەوەییە شەرعیەكانی كورد دادەبێت و بۆگەڕاوەیەك ( مەرجەعیەت)ێكی كوردی پیكدەهێنرێت كە نوێنەرایەتی سەرجەم حزب و رەوتە سیاسپەكان و كۆمەڵگەی كوردی لە سوریا بكات و لەكۆبونەوەكانی داهاتوودا رێكبكەون لەسەر پێكهێنانی وەفدێكی هاوبەش بۆ بەشداریكردن لە كۆر و كۆبونەوە نێودەوڵەتیەكان دەربارەی قەیرانی سوریا لە جیهاندا دەكرێت و یەك دید و هەڵوێست بن لەمەڕ رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆنە جۆراوجۆرەكانی ئەو وڵاتە. 

دیارە لەم بارەوە نوێنەری ئەمریكا چەندین كۆبونەوەی پێ كردوون و تا ڕادەیەك وا دەركەوتووە كە بەخۆی سەرپەرشتی كۆبونەوەكانی كردووە و فشاریشی هەبووە و دواتر فەرەنساش هاتۆتە سەرخەت و ئەویش چەندین كۆبونەوەی بەردەوامی هاوبەشی پێكردوون و رۆڵی ئەرێنی باشی هەبووە لە گفتوگۆكانیاندا. زۆر خاڵی تریش تا ئێستا دواخراوە كە ئاڵۆزی و  سەختیی تێدا دەبینرێت، بەڵام كە ویست هەبێت چارەسەر دەدۆزرێتەوە. كە بارودۆخی ناوچەكە و كوردستان و بە تایبەتی كوردستانی رۆژئاوا و خودی سوریاش دەخوێنیتەوە، ئەوەی دیارە و روونە كە ئەم دوولایەنە هیچیان لەبەردەمدا نیە جگە لە گەیشتن بە رێككەوتن لەم بارودۆخە نالەبارەدا و، تەگەری سەرەكی و تا رادەیەك قورس و لەوانەشە كە زۆر كاتی بوێت و ناكۆكی لەسەردا دروست بێت؛ پێكهاتەی بەرێوەبردنی خۆسەرە كە هەر یەكەو رای تایبەتی خۆی هەیە بۆ چۆنێتی كاركردن و لە بارەی  پێكهاتەكەیەوە لە شارەكانی كوردستانی رۆژئاودا، بۆیە ئەم خاڵە دواخراوە. ئەنەكەسە رای وایە دووبارە و لە بنەڕەتدا بەریوەبەری خۆسەر پێكبهێنڕێتەوە ، بەڵام تەڤدەم وا بەباش دەزانێت فراوانو دەوڵەمەند بكرێت بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەكانی تێدا بێت بە ئەنەكەسەشەوە .

ئەوەی جێگەی باسە وەزارەتی دەروەی توركیا دیسان وەكو پیشە و نەریتی بەردەوامی خۆی دەیەوێت رۆڵی دوژمنكارانەی خۆی لەم هەنگاوە بگێڕێت، لەوبارەوە پێشوازی لە وەفدێكی ئەنەكەسی كردووە و ناڕازی خۆی لەم كارە دەربڕێوە  و بە ئاشكرا وتویەتی لە هەوڵی روسیا و ئەمریكا  بۆ شەرعیەت دان بە یەپەگە رازی نابین، بەڵام لەمبارەوە رۆڵی ئەمریكا وفەرەنسا و تەنانەت روسیاش لەم كاتە جێگەی خۆشحاڵیە ، هەر لەو بارەوە ئەنەكەسەش لای خۆیەوە  لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە لە لایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێت كۆبونەوەیەكیان سازكردووە و ڕایانگەیاندووە كە ئەو گفتوگۆیانەی كورد و ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ رێككەوتن  پەیوەندی بە كاروباری نێوخۆیی خودی كورد خۆیەوە هەیە. 

جگە لە پێكهاتە و چۆنێتی كاركردنی خۆسەر، چەند خاڵیكی دیكە جێگەی مشتومڕ دەبێت، لەوانەش پەیوەندیەكانی هەردوولا لەگەڵ دەوروبەر و بەتایبەتی پەكەكە و تەڤدەم و هەروەها چۆنێتی چارەسەركردنی هەردوو هێزی سەربازی هەردوولا و تێكەڵكردنیانە. ئەمە جگە لە هەڵوێست لەمەڕ داگیركردنی عەفرین لە لایەن توركیاوە، لەگەڵ ئەوەی تەڤدەم داوا دەكات لایەنەكانی دیكە لەم گفتوگۆیانە بەشدار بن و ئەنەكەسە ناڕأزیە لەمبارەوە لەم كاتەدا بەشدار بن.

بۆیە، ئەوەی جێگەی مشتومڕە لە نێو خودی كورد، ئەگەر كاتی زۆری بۆ تەرخان بكرێت یان زۆر كات  بە گفتوگۆی لاوەكی و ئەتەكێتی حزبی و سیاسی تەسك بەفێڕۆ بدرێت هەزار و یەك ئەگەری دەستوەردانی توركیا و خەڵكی تریش لە ئارادایە و لەمەش وەكو پیشەی هەمیشەیی دارە دووسەر پیسەكەی تێدەخات و لە هەموو لایەكەوە هەوڵی تێكدانی دەدات. 

ئەوەی پێویستە بزانرێت و ئاگاداری بن و بەهۆشیاریەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن ئەوەیە و زۆرێك لە چاودێرانی ئەم پرسە وا دەبینن كە توركیا  جگە لە بەكارهێنانی فرتوفێڵ و پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئەمریكا و روسیا  فشاری خۆی لەسەر پارتی دیموكراتی یان وردتر بڵێین لەسەر  باڵێكی نێو ئەم حزبە بدات كە لەم ئەركە تایبەتەی نزیكبونەوەی لایەنەكانی رۆژئاوا بەشدار نیە بۆ ئەوەی نزیكبونەوەی ئەنەكەسە و تەڤدەم راگرێت، بەڵام بەرژەوەندیە تەسكەكان وای لێدەكات ملكەچی توركیا بێت، یان ئەنەكەسە و تەڤدەم و ئەمریكا و فەڕەنسا و لایەنەكانی دیكە ئەڵتەرناتیڤی ئەوەیان داناوە و ئەگەر و شێمانە و هاوكێشەكانیان خۆێندۆتەوە یان ویست و ئیرادەی بەهێزی كوردی رۆژئاوای كوردستان وەكو هەمیشە یەكلاكەرەوە دەبێت.

ئەوەی شایانی وتنە لێرەدا وامان لێدەكەن گەشبین بین، چەندین فاكتەری سەرەكی هەن ئەوەمان بۆ دەردەخەن كە ئەگەری سەركەوتنی گفتوگۆكان سەركەوتن بەخۆیەوە ببینێت .

یەكەم: متمانەی كوردی رۆژئاوا بە حزب و لایەنەكانیان رۆڵی گەورە دەبینێت لەم رێڕەوەدا و ئەوەش یەكەم خاڵی سەرەكی نێوخۆیی سەركەوتنی هەرگفتوگۆیەكە. 

دووەم: بەشداری ئەمریكا و فەڕەنسا راستەوخۆ لە گفتوگۆكان  و بە ناڕاستەخۆش روسیا چاودێری هەوڵەكان دەكات، پاڵپشتیەكی باشی گفتوگۆكانە. 

سێیەم: لەم كاتەدا توركیا تا ڕادەیەك لاتەریكیی سیاسی بەخۆیەوە دەبینێت و فشاری ئابووری نێوخۆیی و نالەباری وەزعی تەندروستی وڵاتەكە هیلاكی كردووە ودەكرێت پێشبی بكەین كە لە زۆر لاوە كاریگەریی دەستوەردانی تا رادەیەك سنوردار كردبێت.

چوارەم: وەزعی ئابووری كوردستان وای كردووە كە هەموو لایەنە نەیارەكانی ئەم گفتوگۆیە رێگر نەبن لە كۆسپ وتەگەرە  خستنەبەردەمیدا و لە خوایان بوێت لە ژێر ئەو فشارە داراییەی پێشمەرگەی رۆژ و لایەنە هاوپەیمانەكانیان رزگاریان بێت.

عیماد عەلی


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی