پێش لامەركەزی

19/05/2020

محەمەد رەئوف


لامەركەزی دەبێت "هەبێت" نەك پێویستە "ببێت".... بەڵام..؟؟؟

- پێش لامەركەزی دەستی بەرپرسان لە راووڕوتی خاڵە سنورییەكان ببڕن... مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەنە تەنكەی باخەڵیانەوە..

- پێش لامەركەزی دەستی حزب و بەرپرسە حزبیەكان بەسەر دامو دەزگا حكومیەكانەوە ببڕن..

- پێش لامەركەزی دەستی كارەكتەرە شۆڕشگێرەكان لە بازاڕی جگەرەو مەشروبو دەرمان و دوگ و كلینێكس و دایبی ببڕن

- پێش لامەركەزی پارەی ژێر زەمینەكان بهێننەوە كە دەیان ساڵە كەڵەكەی دەكەن ...

- پێش لامەركەزی دەستی كارەكتەرە حزبیەكان لە قورگی میدیا بكەنەوە ...خەریكە دەیخنكێنن..

- پێش لامەركەزی پیاوكوژ و گروپە مافیاكان لە دەورەبەری كارەكتەرە سیاسیەكانتان دوورخەنەوە..

- پێش لامەركەزی گرنتی ژیان و گوزەرانی باشتر بۆ هاوڵاتیان مسۆگەر بكەن

- پێش لامەركەزی ئەزمونێكی باشتر و جوانتر لە مەركەزیمان پێشكەش بكەن... ئەوەی لە مەركەزی دوو ئیدارەییدا بینیمان جەهەنەمێك بوو بەتامی بەهەشت...

- پێش لامەركەزی پێمان بڵێن، لامەركەزی بۆ قایمكردنی مەركەزیەتی خۆتانە یان مەركەزیەتی هاوڵاتیان..

- پێش لامەركەزی چاومان رۆشنكەن.. دەتانەوێت غاز و نەوت و خاڵە سنوریەكان لەمەركەز بسەننەوەو لەسەر خۆتانی تاپۆ بكەن.. یان بیخەنە گیرفانی هاولاتیانەوە...

- پێش لامەركەزی پێمان بڵێن مافی یەكسان دەدەن بە سەرمایەدار و بازرگانەكان، یان سەرمایەدارو بارزگانی هەڵتۆقیوی خۆتان درووست دەكەن...

- پێش لامەركەزی پێمان بڵێن ئاساییش و ئارامیمان بۆ دەرەخسێنن، یان حوكمی پۆلیسی دەكەن.

- پێش لامەركەزی پێمان بڵێن دەسەڵات دەبەنەوە ناو كۆشك و تەلاری بنەماڵەو كارەكتەرە سیاسەكانتان.. یان دەیسپێرن بە خانووە قوڕەكان....

- بەرلە شەڕی لامەركەزی گرەنتی ژیانێكی باشترمان دەوێت. نەك بۆرەمان بۆ بگۆڕن بە دێزە...

- بەرلەوەی بەهەشتی لامەركەزی ببینین، دوو بەرپرسی ملیۆنێر، دوو سەرمایەداری هەڵتۆقیوی بەسەر شان و ملی حزبەوە، دوو كۆمپانیای ساختە ببەنەبەردەم دادگاو پێیان بڵێن (من این لك هژا)، لە دوو بەڕێوەبەری تەعینكراوی چەسپێنراو بە كورسیەوە، لە دوو فەرماندەی لەیاسا دەرچوو، لە دوو سیاسی قاچاغچی، بپرسنەوە...

- بەرلەوەی پەنجە توتەمان بگەزین، سوچێكی گیرفانی (ئابوری، سیاسی، ئەمنی) لامەركەزیمان بۆ داهاتوو پیشانبدەن، چونكە رابردوومان چەشت.

• ئەم گومان و پرسیارانە بۆ هەردوو ئیدارەكە (سەوزو زەرد) راستەو وەك یەكە...

 

محەمەد رەئوف

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی