یادی یەکەم هەڵبژاردن و وانەکەی نەوشیروان مستەفا لە ڕۆژی کۆچیدا

19/05/2020

ڕاهی رەهبەر

لە ۱۹ی ٥ی ساڵی ۱۹۹۲ یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجامدرا. ۲٥ ساڵ دواتر لە هەمان رۆژمێژودا، نەوشیروان مستەفا، هەڤاڵە شۆڕشگێڕەکەی جەنابی مام و کەسایەتیە بێ پلە و پۆستی ناوشارو پایە سادە و بەهێزەکەی خەباتی شۆڕشی نوێ، ماڵئاوایی لە ژیان کرد.


نەوشیروان مستەفا لە نەوەی ئێمە نەبو، بەڵام زۆر باش لە دونیای ئێمە تێدەگەیشت. بیر و بۆچون و پڕۆژە گشتیەکانی کە زۆر پێش دروستکردنی بزوتنەوەکەی لە ئارادا بون، بۆ یەكێتی و خەڵک سەروەت و سامانێکی نیشتیمانی بو. بە نمونە، بۆ یەکەم هەڵبژاردنی هەرێم هەوڵیدا هەردو حزبی سەرەکی بە یەک لیست دابەزن و ڕکابەری نەکەن و لەو چوارچێوەیەشدا (۳٠) کورسی لە کۆی (۱٠٠) کورسی بۆ کەسانی بێلایەن دیاری بکرێت. هەروەها دوای یەکەم هەڵبژاردن لەو بەرەیەدا بوو کە لە هەوڵدا بوو ڕێژەی سەدا (۷) لابەرێت و بە پێی قەبارەی دەنگ جێی لایەنەکان بکرێتەوە. لایەنەکان خۆیان قبوڵیان نەکرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنیان دەکرد. ئەم بیر و بۆچونانە تەنها مشتێکن لە خەرمانێکی زۆری هەوڵدان.


ڕەوانشاد، بۆ ئێمەی گەنجانی هەڵقولاوی خێزانی شۆڕشگێڕ، مامۆستا و سەرکردەیەکی مەزنە. لە یەکێک لە نوسینە پڕ واتاکانیدا دەڵێت، سەرەکەترین پرسیار کە پەرلەمانتار دەبێت لە خۆی بکات ئەوەیە؛ جگە لە خۆیان، لە خەمی کێ دا دەبن؟


دیارە، نزیکەی ٦٠٠ ساڵ پێش ئێستا تێڕوانین و دیدی مرۆڤ گۆڕانکاری جەوهەری بەسەرداهات چونکە لەوکاتەدا دیمەنی تێگەیشتی مرۆڤ لە زەوی و ئاسمان فراوانتر بوو، لەوێوە بە دواوە مرۆڤی مەزن و بوێر ئەو کەسانە بون کە ئامادەبون هەل و فرسەتی بەردەمی خۆیان بکەنە قوربانی بەرژەوەندی گشتی. نهێنی گەورەیی نەوشیروان مستەفا ئەمە بوو. ئەو نمونەی ڕەتکردنەوەی کەسایەتی هەل-خواز و فرسەت-خوازی تاک بوو.
دڵنیام ئەگەر ئێمەی پەرلەمانتار هەل و فرسەتی پێگەمان بقۆزینەوە بۆ کۆمەڵێک بابەتی لاوەکی و هەڵپەی تاک، نە میللەت سوودمان لێدەبینێت نە خۆشمان سود لە خۆمان دەبینین. بە پێچەوانەوە، ئەگەر ژیر و بوێری ئەوەمان هەبێت هەل و فرسەتی بەردەم تاک نەقۆزینەوە، لەشکرێک نەوشیروانی بوونی دەبێت لە پەرلەمان.


ڕاهی رەهبەر
پەرلەمانتاری کوردستان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی