سەبارەت بە بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای هەولێر _ پارتی!

21/05/2020

ئارێز عەبدوڵڵا

سێبەری دیموکراسی یٔازادییە و بنەمایی ئازادیش دەستەبەری مافی دەربڕینە. واتە نە دیموکراسی بەبێ ئازادی مانایەکی هەیە و نە ئازادیش بەبێ مافی دەربڕین بوونی هەیە. 
پارتی بە پاشگری دیموکراتی لە ساڵی ١٩٤٦وە دروستبووە.  لەو کاتەدا دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراسیان نەک هەر وەک دروشم، بەڵکو وەکو تایتڵی سەرەکی خەباتی سیاسیشیان داناوە. کەواتە لە هەنگیوە زانراوە بوونی دیموکراسی دەستەبەری مافەکانی گەل دەکا، بۆیە هەمیشە قوربانی لە پێناو دراوە، کەچی ئێستا ئاماژەکان بەرەواژی دەبیندرێن. گەلۆ توبڵێی ئێمە دیموکراسیمان تەنیا بۆ عێراق ویستبێ؟!
لە پێناسەی سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان سەرەڕای کەموکوڕی و کەمتەرخەمیەکان بە دیموکراسی ناودەبرێ، بەڵام یٔایا دەبێ ئێمە بنەماکانی دیموکراسی بە هێزتر بکەین، یان بە پێچەوانەوە بەرەو تۆتالیتاری و دیکاتاتۆریەت هەنگاو بنێین؟ 

ئێمە ئێستا لە دووڕیانین، بۆیە ململانێکی سیاسی توند لەو بارەیەوە دەبیندرێ. گەلی کوردستان لە هەرچوار پارچەکانی تری وڵات کوشتەی دەستی شۆفینیزم و ستەمی مەرکەزیەت و دیکاتۆریەتە، ئایا دەبێ ئێمە نمونەیەکی وا پێشکەش بکەین کە لەناوچەکە چاومان لێبکرێ، یان چاوی خوشک و براکانمان بە نمونەکەی ئێمە بشکێندرێ؟

من وەکو هەر هاوڵاتییەکی ئەم وڵاتە بەدەر لە ئینتیمای حزبی و سیاسی، نەک هەر مافی دەربڕینی بۆ چوونەکانم هەیە، بەڵکو بە یٔەرکی سەرشانی خۆشم دەزانم هەر وەکو چۆن لە رابردوودا لە دژی ستەمی داگیرکەران درێغیم نەکردوە، ئەمڕۆش بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و پێشخستنی دامودەزگا نیشتیمانیەکانمان بەشێوازیکی سەردەمیانە خەبات بکەم و لانی کەمی هەڵوێستەکانم دەرببڕم. 
 لە بەرامبەر دیدارێکم لە رادیۆی دەنگی ئەمریکا دەیان وتاری کادیرەکانی پارتیم بە تەشهیر و بوختانەوە بە بەرچاوکەوتن، ئەوانە لە جێی خۆی، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانم بوو بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە هەولێر بوو، کە (هەڕەشە)یەکی ئاشکرای تێدایە! 

 برایانی بەڕێزم:
- ئەو شێوازە کارو کاردانەوەیە خزمەت بە پڕۆسێسی سیاسی کوردستان و حزبەکەشتان ناکا، چونکە نیگەرانییەکانی خەڵک گەیشتونەتە یٔاستی تەقینەوە لەبەرامبەر ئەو دەسەڵاتەی کە حزبەکەی خۆشم تیایدا هاوبەش و بەشدارە. ئایا لەم حاڵەدا دەبێ بیر لە هۆکار و رێگاکانی چارەسەر بکرێتەوە، یان بەچاو سورکردنەوە و وەڵامی توند ئەوەندەی تر خەڵکی نیگەران بکرێ؟! 
- ئایا ئێوە پسولەی لێبوردنی خوداییتان هەیە تا بە ئارەزوی خۆتان بەردەوام تومەت بۆ سەرکردەکانی یەکێتی و لایەنەکانی دی هەڵبەستن و بە ئارەزوی خۆتان ناو و ناتۆرەیان بەسەردا ببەشنەوە  و کەسیش بە ئێوە نەڵێ لە پشتی چاوتان دوو برۆ هەن؟! 

- ئێستا کاتی چاوسورکردنەوە و فراوانکردنی رێگای تاکڕەوی نییە، بەڵکو کاتی بەخۆداچوونەوە و نزیکبونەوەی لایەنەکانە لە پێناوی دەربازکردنی گەل و وڵات لە قەیرانەکان، نەک دەربازکردنی دەسەڵات لە قەیران. 
- بەلامەوە سەیرە ئێوە بەوە قەلس دەبن کاتێک دەڵێم ئەگەر ئێمە خۆپیشاندان بکەین سەرەتا بەبڕیار لە حکومەت دەکشێینەوە، ئینجا لە هەولێر دەست پێدەکەین!. نازانم بۆچی تەنیا بەناوهێنانی خۆپیشاندان لە هەولێر هەندە تەنگاو دەبن؟

خۆ ئامانجی خۆپیشاندانەکان ئەو پەڕی دەگاتە راددەی گۆڕینی کابینەی حکومەت، نەک تێکشکاندنی ئەو دامودەزگا نیشتیمانیانەی کە بە خوێن و قوربانیدان وەدیهاتوون؟
- لە هەر وڵاتێک دیموکراسی هەبێ ئازادی هەیە و لە هەر جێگایەکیش ئازادی هەبێ مافی دەربڕین و خۆپیشاندان و گردبونەوە هەیە.  نابێ ئەوەتان لەیاد بچێ کە ئەزموونی هەموو ئەو دەسەڵاتانەی لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ئازاد تۆقیون ئەنجام نەک تەنیا بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ گەلەکانیشیان زۆر خراپ شکاونەتەوە.  لە هەر جێگایەکیش رێگری لە خۆپیشاندانەکان بکرێ راپەڕین سەرهەڵدەدا! 

ئەگەر ئەتانەوێ بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێین دەبێ بۆ دیالۆگی بەرهەمدار لەگەڵ هەموو لایەنەکان بێنە پێشەوە، تا بابەیەکەوە گوێ لەو خەڵکە بگرین و بزانین بۆچێ ناڕازین و چییان دەوێ؟ 
دووبارەی دەکەمەوە ئەگەر رێگری لە خۆپیشاندان و دەربڕینی ئازاد بکرێ راپەڕین سەرهەڵدەدا، راپەڕینیش رەنگە تەڕ و وشک بەیەکەوە بسوتێنێ.
لە کۆتاییدا هیوادارم جاریکی دی دیدارەکەم بە وردی بخوێننەوە، چونکە هەست دەکەم باش نەخوێندراوەتەوە، یان لێی تێنەگەیشتوون.
تێنەگەیشتنیش لە بەڵای خوا خراپترە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی