سەرکردەی نیشتیمانی

27/05/2020

بەیار عومەر


لە مێژوی سیاسی و کاری حیزبایەتی کوردا، ئەو سەرکردانە زۆر کەمن کە خەمی خاک و چارەنوسی نەتەوەکەیان خستۆتە سەروو بەرژەوەندی خێڵ و خێزان و بنەماڵە و وەچەکانیانەوە. هەندێک لە سەرکردەکان کە ویستویانە بەرژەوەندی میللەت بکەن بە ئەولەویەتی کاریان، نەوەکانیان ڕیسەکەیان لێکردونەتەوە بە خوری و بەهای خەباتی باوکیانیان لەبەر چاوی میللەت کەمکردۆتەوە.

عەبدوڵا ئۆجەلان بەختەوەرە کە منداڵی نیە تا لە بەهای کەمبکەنەوە؛ سەرەنجام بووە بە یەکێک لە ڕەمزە گەورەکانی میللەتی ئێمە. سەرباری زیندانی خۆی و دوژمنایەتی تورکیا کە دووهەمین گەورەترین سوپای ناتۆیە، پەکەکە توانیویەتی بەرگەبگرێت و بەردەوام لە بەهێزبوندابێت.

هەروەها دکتۆر عبدالرحمان قاسملو، سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە ساڵی ١٩٨٩ لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا تیرۆر کرا. خێزانەکەی خەلکی وڵاتی چیکە و ناوی هێلینە و لە ناو پێشمەرگەدا بە نەسرین بانگدەکرا، هەرچی پارەی بانکە کە بە ناوی دکتۆر قاسملۆوە بوو تەسلیمی حزبی دیموکراتی کردەوە. لە کاتێکدا دەیتوانی وەسێتەکە دەرنەخات و پارەکە بۆ خۆی هەڵبگرێت چونکە بە ناوی مێردەکەیەوە بوو. بەڵام بە ویستی خۆی چووە دادگا و وتی دکتۆر قاسملوی مێردی وەسیەتی کردوە کە ئەو پارانەی بە ناویانەوەیە لە بانکدا هی حزبی دیموکراتە و دەبێت دوای مردنی تەسلیمی حزب بکرێتەوە. ئێستا حزبی دیموکرات مانگانەی بۆ نەسرین و دوو منداڵەکەی (مینا و هیوا) بڕیوەتەوە.

بوونی منداڵ مافێکی سروشتی هەموو کەسێکە، لە دنیای ڕۆژئاوادا هیچ کێشەیەک بۆ سەرکردە دروستناکات، چونکە منداڵی سەرکردە سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆی دەبێت، مەگەر خولیای سیاسەتی هەبێت و بە توانای خۆی سەرکەوێت. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا، منداڵی سەرکردە بەهرەی هەبێت و نەیبێت خۆی بە خاوەنی وڵاتەکە دەزانێت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی بە موڵکی خۆی دەزانێت و پێیوایە لە باوکیەوە بۆی ماوەتەوە. دواجار میللەت گیرۆدەی دەستیان دەبێت.

بۆ نمونە لە ئەمریکادا جۆرج واشنتن و بینجامین فرانکلین و ساموێل ئادەمز لەگەڵ پێنج کەسی تردا کە بە باوکی دامەزرێنەری ئەمریکا دادەنرێن (Founding Fathers)، هیچیان منداڵەکانیان دەستیان بەسەر سەرمایەی مادی و مەعنەوی باوکیان و وڵاتەکیاندا نەگرتوە و موڵکی گشتیان داگیرنەکردوە و وەک هاوڵاتیەکی ئاسایی ژیاون. ئەمە وایکردوە جۆرج واشنتن و هاوڕێکانی لە باوکی چەند کەسێکەوە ببن بە باوکی هەموو گەلی ئەمریکا و تا ئێستاش بەو پەڕی ڕێز و خۆشەویستیەوە یادیان بکرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی