دەسەڵات بەرپرسە...

01/06/2020

شێرکۆ حەمەئەمین

دەسەڵات لە ھەموو دنیا لە دابینکردنی ژیان و سەلامەتی و تەندروستی و کۆی خزمەتگوزارییەکان بەرپرسە، بە پێچەوانەوە نوخبەی حوکمڕانی شکستخواردووی کوردستان، نەک ھەرئەمە ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت شکستەکانیشیان بخەنە ئەستۆی خەڵکی بەنمونە سەرھەڵدانەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەم بەڵگانە لەئەستۆی حکومەتە:

۱-ئەوە حکومەت بوو، رۆژی ٤/۲۹سەرکەوتنی ڕاگەیاند و تەقەی خۆشی لەدھۆک بۆکرا.

۲-ھەرحکومەت بوو دەیوت ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی زۆر سەرسامی ڕێکارەکانی حکومەتی ھەرێمە و براگەورەش بە قەولی خۆیان ئەرکی کێشا و بە تەلەفۆن لەگەڵ پزیشک و بەرپرسان قسەی کرد.

۳-ھەر لە بنەڕەتەوە، بەھۆی درۆی بەردەوامی دەسەڵات و بێ باکیان لە ژیانی خەڵکی، خەڵک ھیچ متمانەی بەدەسەڵات نەماوە، تەنانەت لە بابەتی کۆرۆناشدا کە بابەتێکی تەندروستی و زانستیە، ئەمە جگە لە خراپی سیستمی تەندروستی.

٤-حکومەت تەنیاقسە دەکات، بەبێ ئەوەی ژیانی خەڵک و کاسبکار و کرێکارانی دابین کردبێت، تەنانەت بەپێی قسەی خۆشیان تەواوی ئەوپارەشی خرابووە سەر ژمارە حسابی حکومەت، ھەمووی لە بەرژەوەندی خەڵک و کۆرۆنا بەکارنەھاتووە، کە نزیکەی۲٥ ملیار دینار بووە.

لە دۆخێکی وادا کاتێک خەڵک کەرەنتینە دەکەیت پێویستە ژیانی بۆدابین بکەیت و دڵنیایی دەرونی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بدەیتێ، نەک ھەر قسەی بۆ بکەیت، لەوڵاتان یەکەم قسەی حکومەت دەڵێت: خەمی موچە و ژیانتان نەبێ، لێرە دەڵێن: قەرزارین، پارەمان نیە موچەکەم دەکەینەوە.

٥-ھاتوچۆی بازرگانی بەرپرسان و قاچاخ و خاڵەسنورییەکان بەردەوام بوون، بەپێی قسەی بازاڕ ئێستا دەڵاڵیان ھەیە و لەگەڵت ڕێک دەکەوێت و بارت بەبێ گومرگ بۆدێنن، وەک دەڵێن سەردەمی بەرەی کوردستانی لەئێستا باشتربووە، واتە دەسەڵات ئەوەشی راست نەبوو کە وتی: داھات دەکەینە قوربانی ژیانی خەڵکی، بە پێچەوانەوەبوو!

٦-جیاوازی لەنێوان کەرەنتینەی بەرپرسانی دەستڕۆیشتوو و حاشیەکانیان لەگەڵ ھاوتیشتمانیان ھەیە و وەک یەک و لەھەموو بوارەکاندا یاسا بە یەکسانی جێبەجێناکرێت.

۷-ھەموو جیھان چونکە حکومەت ڕاستگۆبووە و ڕێکاروسیستمی زانستی خۆپارێزی ھەبووە، ئێستا بەھەنگاو ژیان دەستپێ دەکەنەوە، کەچی ئەمان تازە بۆ خاڵی سەرەتا دەگەڕێنەوە.

لەگەڵ بروای تەواوم بە خۆپارێزی و ھۆشیاری تەندروستی لای ھاونیشتمانیان، کە بە تەواوی لە بەرژەوەندی خۆیانە، بەڵام حکومەت لەژیان و سەلامەتی خەڵک بەرپرسە و بەچەند بەھانەیەکی نالۆژیکی ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە و ئۆباڵی کۆرۆنا بخاتە ئەتستۆی خەڵکی، ھاوکات ناکۆکی لەنێوان خەڵک و ستافی تەندروستی دروست بکەن، گوایە خەڵک ڕێزی ماندوبوونیان ناگرێت کە وانییە،ئەوە دەسەڵاتە کە خۆی ھیچ متمانەیەکی نەماوە و تەواو نابووت بووە، چونکە لەسەر درۆ بنیات نراوە.

پێویستە، لە تەک کەرەنتینە و قەدەغەی ھاتوچۆ ژیان و سەلامەتی خەڵک دابین بکەن و ئارامی دەرونی و دڵنیایی لای خەڵک دروستبکەن، نەک ھەر بەیان دەرکەن و ھەڕەشەبکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی