با بارەگاكانمان دابخەین و بڕۆینەوە ماڵەوە !

27/06/2020

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

دەرد و بەڵای جیهان شتێكە و ڕەفتار و سەركێشی هەندێك دەوڵەتیش شتێكی تر ، خەم‌ و مەینەتی خەڵك‌ و هاووڵاتی سەر ئەم زەمینە بۆ خۆی چیرۆكێكی پڕ ئازارە و چاوچنۆكی‌ و بەدخویی دەسەڵاتدار و خەیاڵی هەندێك دەوڵەتیش بۆ داگیركاریی چیرۆكێكی ترە ، ئەوەتا لە كاتێكدا هەموو وڵاتانی جیهان سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەر‌‌ن بۆ بنەبڕكردنی ئەم پەتاییەی كە بەرۆكی هەمووانی گرتوەتەوە و بەشوێن دۆزینەوەی میكانیزمی كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی ئەو لێكەوتە ئابووریانەن كە ئەو دۆخەی خوڵقاندووە و بەهۆیەوە تووشی نەهامەتی كردووین ، كەچی دراوسێكانمان ئا لەم بارودۆخە مەترسیدار و پڕ لە مەرگەساتەشدا ، لەجێبەجێكردنی خەونی داگیركاریی و پیلان و بەرنامە سەربازیەكانیان ناكەون ..

كۆرۆنا وای لەووڵاتانی دنیا كرد كە واز لە شەڕ و ناكۆكی و كۆنەقینی نێوانیان بێنن ، ئەو پەتا جیهانیە وایكرد كە دانیشتوانی جیهان فرمێسك بۆ مردووی یەك بڕێژن لەڕێی تەكنۆلۆجیاوە بەشداری لە خۆشی و ناخۆشی یەكتردا بكەن ، لە هەوڵی پاراستنی هاوڵاتیانی خۆیان و وڵاتانی دراوسێیاندابن‌ و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی زانستی‌ و پزیشكی بكەن بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو ئازار‌ و بەڵا جیهانییەدا ..

كەچی لەكوردستانی بریندار بەدەیان زامی هەمەجۆر ، لەو سەرزەمینەی كە نەتەوەیەك باجی جوگرافیا و مێژوو دەدا ، ئا لەم سەردەمە پڕ لەنەهامەتی و نەگبەتیەشدا لەلایەكەوە شەمشەكوێرەكانی داعش هێرش ئەكەنەسەر گوندنشینەكانی ناوچە دابڕێنراوەكانمان و لە چاو تروكانێكدا كۆتایی بەژیانی دەیان خێر لەخۆ نەدیوو دێنن و هەر شەوە و كێڵگەیەكی بە خوێن و ئارەقە ئاودراو ئەسوتێنن و وەك بەرزەكی بانانیش بۆی دەرئەچن …

لەلایەكی تر ئێرانیش كە خۆی‌ بەدەست هەزاران دەردەوە ئەناڵێت بۆ بەدبەختی هەرێمەكەمانی لا بووەتە ساحەیەكی فتبوڵ و هەركات دڵی تەنگی ئاغا جان هەوەسی یاری توپتۆپێنی كرد ئەوا چەند تۆپێكمان تێ ئەگرێت….!!

ئەوە سوڵتانە سەرلێشێواوەكەی توركیاش لەم سەردەمی كۆرۆنایەدا دوای كڵاوی با بردوو كەوتووە و لێمان بووەتە تاعونی سەردەمی سەفەربەرلك و بەبێ گوێدانە هیچ یاسا و رێسا و بنەمایەكی هاوسێیەتی شەوانه ‌لە ئاسمانەوە كۆماندۆ و جەندرمەمان وەك (كوولە) بەسەردا ئەبارێنێ و بە بەرچاوی خۆمان و جیهان و هاوپەیمانانەوە گوند و شارۆچكەكانمان داگیر و تۆپباران ئەكات و نەك هەر هەرێم بەڵكو هەموو عێراقیش بەچاوی شارۆچكەیەكی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتەكەی خۆی تەماشا ئەكات..!!

بە كوردی و كورتی ئەوە بەشە سیاسییەكەی ئەم هەرێمە سەرگەردانەیە ، خۆ دەرەوەی ئەو بەشەش ، كە دۆخی ناوخۆیە لەو باشتر نیە ، سەبارەت بە بەشە ئابوورییەكەشی وەك ئەبینین هەر حكومەتە و بەجۆرێك قۆڵی لێ هەڵماڵیووە و بەشێوازی خۆی و بە پێی توانای خۆی هەوڵی كەمكردنەوەی ئازارو نیگەرانی دانیشتوانەكەی و پاراستنی ژیانی مرۆڤەكان ئەدات، ئا لەوەشدا ئێمە جیاوازین.

ئێمە كەوتووینەتە نێوان بەرداشی دوو حكومەتی موفلیس و تا قوڕقوڕاگە لەقەرزا چەقیوو ، دوو حكومەتی ئایندە لێڵ و بێ دەسەڵات، دوو حكومەتی لەیەك زویر و لەیەك دابڕاو ، دوو حكومەتی پشت بەستوو بە پشك پشكێنە و دار دەستی سوڵتان و مستەرو ئاغا و مسیۆ و پاشا و ئەمیرو خاوەنشكۆ و شازادەكان…!!

ئەگەر ناتوانین پارێزگاری نە لەئاسمان و نە لەخاك و نە لە سنور و نە لەبوونەوەرەكانی سەر زەوی و نە نەوتە سەربەگۆبەندەكەی ژێر زەویمان بكەین ، ئەگەر ناتوانین لەسەر ژیانی شوانێك و گوڵەبەرۆژە فرۆشێك بێینە دەنگ ، ئەگەر پێمان ناكرێت داكۆكی لە بریاڕ و پرۆژە و بەرنامەكانمان بكەین و وەك مەڕی مردوو سەرشۆر ئەكەین ، باشتر وایە بارەگاكانمان دابخەین و بڕۆینەوە ماڵەوە و هەركەسێك لەماڵی خۆی سەری خۆی شۆڕ بكات ..!

ئەم پێشنیارەم تەنیا بۆ یەكێتی نیه ،‌ بەڵكو بۆ گشت حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانە ، یان ئەوەتا با بارەگاكانمان دابخەین و بڕۆینەوە ماڵەوە یانیش فەرموون باپێكەوە هەر لەسبەینێ وە بەرەیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی دروست بكەین ، چیتر ڕێگە بەشكاندنی شكۆ و بەزاندنی سنورەكانمان و برسیەتی میللەتەكەمان نەدەین ، با خۆمان شەرمەزاری مێژوو و نەوەی داهاتووی ئەم وڵاتە نەكەین ..

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی