کوردستان تەنھا موڵکی خەڵکەکەیەتی.. نەک ئەم حیزب و ئەو حیزب

28/06/2020

حەسەن بارام

ماوەیەکە ھەندێک ئەندام پەرلەمان وبەرپرس وکادرە مشەخۆرەکانی ئەم حیزب وئەو حیزبەڵۆکە ـ زۆر بێشەرمانە ودوور لەھەموو بەھا ڕێزێک ، کەوتونەتە لێدوان وچاوپێکەوتنی ھەلەق وبەلەقەوە ، بەناوی حیزب وپۆستەوە ، ڕۆژانە بێ ئاگا لەئەرک وپیش وئیتکی قسەکردن ، سەرقاڵی موزایەدەن بەناو کورد وکوردستانەوە .

ھەندێکیان بانگەشە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم ھەرێمە دەکەن وھەندێک ئیزنی بەشێکیتر دەدات وئەڵێت ئەگەر یٔەم واقیعە تاڵە سەپاوەتان بەدڵ نیە بچن لەدەرەوەی ھەرێم بژێن ، لەلایەکیترەوە ھەروا حیزبە وماف بەخۆی دەدات بچێت لەگەڵ داگیرکەران ڕێککەوتن بکات وھەڕاجی ئەم نیشتیمانە بکات !

ئەرێ دەپرسم ئێوە کێن وبەنیازن ئەم ھەرێمە چی لێ بکەن؟ ئەرێ خیانەت وبراکوژی وتاڵانكردنی سامانی یٔەم وڵاتە ودەست تێکەڵکردن لەگەڵ دوژمن وداگیرکەران بەس نیە ؟ ئەرێ ھەڕاج کردنی کوردستان وبەتاڵانکردنی بەس نییە؟ ئەرێ برسیکردن وبێ موچەکردنی خەڵکی خێر نەدیوی ئەم ھەرێمە بەس نییە؟

ئێستایش ھاتون ولێرە ولەوێی وەکالەتان داوە بەکادرە مشەخۆرەکانتان تاکو سوکایەتی زیاتر بکەن ولەبەرانبەر دەنگی ناڕازی خەڵکدا تۆمەت بفرۆشنەوە بەدەنگی ھەق وڕاستی !
ئاخر لەکوێی دونیادا فەرمانڕەوایەتی وڕێبەرایەتی ودەسەڵاتدارێتی وەک ئەمەی ئێوە ھەیە ، جا بەوەشەوە ناوەستن ووەک ئەوەی ئەم کوردستانە تاپۆی ھەندێکتان بێت ، وا خەریکە بەڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ ، سەرەتا بەگوتار و ئینجا بەکردەیی کار بۆ یٔەوە دەکەن یٔەوەی وەکو ئێوە بیر نەکاتەوە، لەم ھەرێمە تەرحیلی بکەن ، ئاخر ئەگەر سیاسەتی ھەڵە وشکستخواردوی حیزبگەلێک وھەندێک بەناو سیاسی وفەرمانڕەوا نەبوایە ، کێ ھەیە لەنیشتیمانی خۆی وەڕەس وبێزار بێت؟

وریا بن ئەم نیشتیمانە تاپۆ و ویراسەی ھیچ حیزب وکەسایەتیەک نییە ، بەڵکو موڵک وتاپۆی خەڵکەکەیەتی ، بیستومانە خائین وتاڵانچی ودز وگەندەڵ وڵات بەدەر دەکرێن ، بەڵام گەل لەسەر ئەم نیشتیمانە ھەر بەزیندووێتی دەمێنێتەوە ، ئەگەر برسی وبێ پارە وحاڵیش بێت .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی