یاسای چاكسازی كاری گەورەی لێچاوەڕوان ناكرێت

02/07/2020

دانا مەنمی

ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو بێگومان ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە چاكسازی لەسیستمی سیاسیدا رۆڵێكی گرنگی هەیە لەرێنیسانسی گەلاندا، گەلانی ئەوروپا چەندان سەدە سەرقاڵی ململانێی نەتەوەیی و ئاینی بوون، كە ئەمە بەسەدە تاریكەكان ناودەبرێن، بەڵام لەكاتێكدا كەنەوەیەكی نوێیان لێ دروست بوو لەروناكبیر و نوسەرو چاكساز ،توانیان چاكسازیەكی گەورە لەسیستمی سیاسی و ئاینی و فێركردندا بكەن ئەوروپایان لەسەدەكانی تاریكیەوە گەیاندە سەدەی روناكی ،لەنەفامیەوە بردیانن بەرەو زانست و مەعریفە، دواجاریش رابەرایەتی جیهانیان كەوتە دەست لەرووی شارستانی و پیشكەتنەوە.

شەستەكانی سەدەی ڕابردوو وڵاتی سەنگاپوور ئەوەندەی عەقڵ و خەیاڵ بڕكا لە گەندەڵی و تاوان وھەژاری دا ڕۆچووبوو ، هەتا پلە و پۆستەكانی حكومەت و دەوڵەتداری كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرا ، دزو چەتە و ڕێگر و لەشفرۆشەكان لە داھات و دەستكەوتەكانییان ھاو پشك و ھاوبەش بوون ، بەڵام ( لی كوان یو ) كە یەكەم سەرۆك وەزیرانی ئەو ووڵاتە بوو، دوای سەربەخۆی سەنگاپوور لە ماوەی نزیكەی سی ساڵێك، سەنگاپور كە لە ڕیزی ووڵاتانی جیھانی سێیەم بوو، گەیاندییە ڕیزی ووڵاتانی پێشكەوتوو و كردی بە سەنتەرێكی گەورەی بازرگانی جیھانی و یەكێك لە چوار پڵنگەكانی كیشوەری ئاسیا ، (لی كوان یو) لەبارەی سەركەوتنی وڵاتەكەیەوە دەڵێت : پێش ھەموو شتێك مرۆڤم بنیات نا، ئاوڕم لە مامۆستایان دایەوە و بەرزترین مووچەم بۆ بڕینەوە و ئەوانم گەیاندە ئەو پلە و پایەیەی كە شایانی بوون و پێپێم گووتن من دامودەزگاكانی دەوڵەتداریتان بۆ بنیات دەنێم و ئێوەش مرۆڤم بۆ بنیات بنێن . هەروەها دەشڵێت : ووڵاتە پێش كەوتووەكان بە پەروەردە و فێركردن دەستیان پێكرد منیش بەوە دەستم پێكرد، گرنگیم بە ئابووری دادگەرانە دا زیاتر لە سیاسەت و شێوازەكانی فەرمانڕەوایی و زانكۆ و خوێندنگام بنیاتنا و لاوەكانم ناردە دەرەوە و بۆ ھێنانەوەی زانست و زانیاری. 

قسەكردنی ڕۆژانە لەسەر كەیسی چاكسازی ئەگەر مەشغوڵ كردنی هاوڵاتیان و كات بەڕێكردن نەبێت هەنگاوێكی باشەو عیبرەتیش لە جێبەجێ كردنی یاساكەدایە ، ئێستا هەموو لایەنەكان لەفراكسیۆنە جیاوازەكان كۆكن لەسەر هەبوونی گەندەڵی و پێویستی جێبەجێكردنی یاسایی چاكسازی ،بەڵام بەپێی هەموو پێودانگێك ئەم چاكسازییەی كە پارتی دیموكرات بە پلەی بانگەشەی بۆ دەكات و زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەی كردووە هەنگاوێكی شەرمنانەو خۆدزینەوەیە لە شكستی سیاسی و ئیداری و بەڕێوەبردن و ئابوری و پەروەردە .. هتد ،كە بە شێوەیەكی نازانستی هەرێمی كوردستانیان بەرەو ئاسۆیەكی نادیار بردووە ، چاكسازی بۆخۆی زانستە و پێویستی بەدامەزراوەی خاوەن ئیرادەی چاكسازی و بڕیاردەر هەیە ،چاكسازی پێویستی بە دامەزراوەیەك هەیە كە لێهاتوو كارامەو بوێر و ڕاشكاو بن ونیەتی خێریان لە چاكسازی ڕاستەقینەدا هەبێت نەك نیەتی تۆڵەكردنەوە لەبەرامبەر و لەیەكتر و بەرژەوەندی سیاسی و حیزبی و بنەماڵەیی بپارێزن ، چاكسازی لە ناو پرۆسەی سیاسی و ئیداری حكومەتداریدا نە بەتەنیا كەسێك و نە بەتەنیا لایەنێكی سیاسی ناكرێت ، بەڵكو پێویستی بە ئیرادەی گشتگیرو ڕاستگۆیی و یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی هەیە . 

هەرێمی كوردستان پێویستی بە چاكسازی گشتگیر هەیە، پێویستە هەموو سێكتەرەكان چاكسازی تێدا بكرێت ، بەتایبەت داهاتی نەوت و پشكی كۆمپانیاكانی نەوت و گواستنەوەی نەوت و پشكی وڵاتان  كە هێڵی سورن و تائێستا پارتی دیموكرات خۆی لەقەرەی نادات ! دواتریش پرسی داهات لە خاڵە سنورییەكان و كۆمپانیاكانی سیكوریتی و بابەتی قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەندە قەرزارە و قەرزاری كێ یە؟ و وردەكارییەكانی بۆ پەڕلەمانتاران و خەڵكی كوردستان ڕوون بكرێتەوە ، ئەگەر دەتانەوێت قۆناغ بە قۆناغ هەرێمەكە چاك بكەن، ئەوە كارێكی باش دەكەن و خۆئەگەریش نا پرسی چاكسازی مەكەنە دروشم و موزایەدەی سیاسی ! 

یاسایی ئێستایی چاكسازی سەرباری هەموو تێبینیەكان   نە ئەوەندە خراپە كە زەڕبی سفری بكەیت و نەئەوەندەش باشە كە بیكەیتە هەڵایەكی گەورە و بانگەشەیەكی زەبەلاحی بۆ بكەیت ، یاسایی ئێستایی چاكسازی تەنها كاری بچوكی پێدەكرێت و كاری گەورەی لێ چاوەڕوان ناكرێت ،یەعنی یاسایی چاكسازی ناتوانێت سیستەمی سیاسی و دارایی و ئابوری لە هەرێمی كوردستان ڕێكبخاتەوە ، چونكە ئەوانەی چاكسازی ئەكەن نوێنەرو ئەڵقە لەگوێی حیزب و لەناو حیزبیشدا خەمخۆری بنەماڵەو هەوڵەكانیشیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی بنەماڵە و حیزبە ، حیزب و بنەماڵەش بۆخۆی ئەو عیلەتەیە كە فەسادی لەناو سیستەم دا چاندووە ، هەڵبەت من دژی یاسایی چاكسازی نیم بەڵام لە قەدو باڵای ئەم حیزبانەو ئەم نوێنەرانە لە پەڕلەمان هەر ئەوەی لێ سەوز دەبێت و چیتر لێمانی مەكەن بە هەڵایەكی گەورە !

دانا مەنمی 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی