بەڕێز: سەركونسوڵی گشتی فەرەنسا لەهەرێمی كوردستان

08/07/2020

هەندرێن شێخ راغب

نامەیەكی كراوە
رۆژی 5ی نیسانی ساڵی 1991، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 688ی دەركرد، دواتریش هێڵی 366 و ناوچەی دژە فڕینی لێكەوتەوە و ناوچەیەكی ئارام بۆ خەڵكی كوردستان دروست كرا لە عێراقدا. ئەم بڕیارە دوای كۆڕەوە ملیۆنیەكەی خەڵكی كوردستان هات، دەوڵەتی فەرەنسا مامانی سەرەكی لەدایك بوونی ئەم بڕیارە بوو. رۆڵی گەورەتان بینی لە دروستكردنی ئەم ناوچەیەی ناوی هەرێمی كوردستانە لەعێراق. دوای نزیكەی 30 ساڵ جارێكی دیكە گەلی كورد كەوتۆتەوە ناو تەنگوچەڵەمەیەكی بێ ئەندازە مەترسیدار. بە بەرچاوی ئێوەوە هاوڵاتیانی كوردستان لەسەرەتاییترین مافیان كە موچە‌و قوتی رۆژانەیانە بێ بەشن. بێباك كە كەس نیە ئەم قەیرانە لەبەرۆكی هاوڵاتیانی كوردستان بكاتەوە.

دیموكراسی‌و گەشەی سیاسی‌و ململانێی ناوچەكە پوكاوەتەوەو دەنگی فڕۆكە‌و بۆمب‌و ناپاڵم بەر دەرگای ماڵی كوردانی گرتووە. ئێوەی بەڕێز دەبێت بزانن سیاسەت‌و بڕیارو ئاسایشی جیهان لەدەستی ئێوەو چوار دەوڵەتی دیكە دایە( فەرەنسا، ئەمریكا، بەریتانیا، چین، روسیا)..هەر كێشە‌و گرفت‌و جەنگ‌و ئاڵۆزیەك هەبێت دەبێت ئێوە ئەم پێنج دەوڵەتە لە ئەنجومەنی ئاسایش چارەسەری بكەن، ئەمە نەخێرەو نە منەتە بەسەر هیچ نەتەوەو گەل و ناوچەیەك لەم جیهانە، چونكە ئەم پێنج دەوڵەتە خۆتان دەستتان بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی‌و نەتەوەیەكگرتوەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایشدا گرتووە. بۆیە ناكرێت رێز لە بەهاو پرەنسیپ‌و بنەمای نێودەوڵەتی‌و ئاسایشی گەلان‌و دەوڵەتان نەگرن. ئێوەی بەڕێز كە لەئەنجومەنی ئاسایش ئەندامن، هاوكات هێزی گرنگی ناو یەكیەتی ئەوروپان، بەرامبەر ئەم داگیركاریەی توركیا بێ دەنگ و لاوازو بێ بڕیار وەستاون.

جێگای سەرسوڕمانە بۆچی لەبەرچاوی ئێوە توركیا بە فڕۆكەو ناپاڵم‌و تانك و پۆستاڵ سنوری دەوڵەتان دەبڕێت‌و گوندو ژینگەو هاوڵاتی مەدەنی‌و بێ تاوان دەكوژێت ‌و سوتماك دەكات، بەڵام ئێوە هیچ هەڵوێستتان نیە. بۆچی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشن؟ بۆچی زلهێزن؟ بۆچی خاوەنی یەكیەتی ئەوروپان؟ بەداخەوە لەكاتێكدا توركیا خەریكی كۆمەڵكوژی كورد‌و داگیركاری كوردستانە، وەزیری كاروباری دەرەوەی یەكیەتی ئەوروپا دێتە توركیاو شان بەشانی كاربەدەستە نادیموكراسیەكانی ناو دەوڵەتی توركیا دەوەستێت، ئەمەش پرسیاری زۆر دروست دەكات، ئایا ئێوە مەسئولیەتی خۆتان لە ئەنجومەنی ئاسایش‌و یەكیەتی ئەوروپا لەبیرچۆتەوە؟ ئایا مافی مرۆڤ‌و دیموكراسی‌و مەدەنیەت لای ئێوە بەهای بەتاڵن؟ ئایا ئێوە گەلانی بن دەست‌و بێكەسی خاوەن مافی رەوای وەكو ئێمەتان بەتەنیا جێهێشتووە؟ 

ئەگەر ناتوانن هیچ بڕیارێك لەبەرژەوەندی دیموكراسی‌و مافی مرۆڤ‌و سنوری نێودەوڵەتان بدەن، كەواتە بۆچی گلەیی لە داعش دەكەن‌و بە تیرۆریستی دەزانن، چونكە داعشیش بڕوای بەسنورو مافی ئەوی دیكە نەبوو! ئێوە بەزوویی بۆ روبەربونەوەی داعش بڕیارتان وەرگرت‌و بەخوێنی پێشمەرگە‌و شەڕڤانی كورد، داعشتان لەناوبرد؟ ئەمڕۆش بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی‌و بەهای سیاسی دەوڵەتان‌و مەوقیعی ئێوە لە ئەنجومەنی ئاسایش وا دەخوازێت، كێشەكانی هەرێمی كوردستان‌و بەغدا بەلایەكدا بخەن، توركیا سزا بدەن لەسەر ئەم هێرشە نا بەرپرسیاریانەی دەستی داوەتێ. 

لەرێگەی بەڕێزتانەوە دەخوازم پەیامی هاوڵاتیەكی كورد لە هەرێمی كوردستان لەعێراقدا، بگاتە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتە بەڕێزەكەتان. 
هاوڵاتیانی كوردستان مافی سروشتی خۆیانە لەسەر خاك‌و نیشتمان‌و هەرێمی خۆیان، بە كەرامەت‌و ئاسایش بژین، خاوەنی داهات‌و كارو بژێوی سادەی خۆیان بن، ئەمە كەمترین بەرپرسیاریەتیە ئێوە بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و گەلانی ناوچەكە بیبینن. 
كاتێكی خۆش‌و سڵاوی دۆستانە
هەندرێن شێخ راغب
هاوڵاتیەكی كورد لە هەرێمی كوردستان..هەولێر..

8-7-2020

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی