ئابووری سێبەر كوردستانی تێكداوە

09/07/2020

عیماد عەلی

ئەوەی لە جیهاندا ناسراوە و باوە كە  حكومەت و وەزارەتی سێبەر هەبێت و ئەركی تایبەتی خۆی هەیە و یارمەتی راستەرێ كردنی كاروباری حكوتی راستەقینەی شەرعی دەكات و تەنانەت چاودیری حكومەت و وەزارتە هاوشێوەكانی خۆیشیلە كابینەكاندا  دەكات و هەموو پێكهاتەكانی وەزارەتی هەیە و لە سێبەردان و تەنها كاروباری هاوڵاتیان بەڕێناكەن، واتە جێبەجێی كاروباری تایبەتی و گشتی هاوڵاتیان ناكات بەڵكو هەمیشە ئاگای لە حكومەتە راستەقینەكەیە و تا رأدەیەكیش بەخۆی چاودێری دەكات و لە هەموو كەموكوڕی و ناتەواویەك ئاگادارە و بۆشاییەكان دیاریدەكات و ئەڵتەرناتیڤی بۆ هەموو سەلبیاتێك هەیە.

لە كوردستانی لای خۆمان حكومەتی سێبە نیە بەڵكو بندیوار و حزب جێگەی گرتۆتەوە ، لەكوردستانی خۆمان حكومەتی راستەقینە نیە بەڵكو حزب ئەركی جێبەجیكردنی كاروباری راستەقینەی حكومەت دەكات بەشێوەیەك كە لەبەرچاودا نیە و لە  سێبەردایە بەڵام ئەو دەسەلاتداری راستەقینەیە و فەرمانەكان و بڕیارەكان لە هەگبەی ئەودایە و لە چێشتخانەكەی ئەو پێدەگات. 

لە كوردستان كە حكزمەتی راستەقینەی جێبەجێكار نەبێت بێگومان حكومەتی سێبەریش نەبێت، بەڵام زۆر شتی سێبەر هەن بۆ قازانجی تەسكی حزبی و كەسی جێگەی ئەوانەی گرتۆتەوە و جگە لە زیان هیچی تێدا بەدیناكرێت.

ئەگەر سەرجەم پێكهاتە سێبەرەكانی لەمەڕ حزب و خەڵكی دەسترۆیشوو و عەشیرەت و بنەماڵە و كەسایەتی كۆمەڵایەتی و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و ناوەندی هێز بخەینە لاوە و تەنها لە بارێكدا قسە بكەین دەگەینە ئەوەی كە خەتەرناكترین بواری سێبەری كوردستان خۆی لە دارایی و ئابووری سێبەردا دەبینێتەوە.

بەڵێ، ئابووریی سێبەر لەكوردستان بە واتا و پێكهاتە و ئەركی تاییەتی خۆی داهێنراوە كە لە هیچ كونجێكی جیهاندا بوونی نیە و  لە بنەڕەتدا جگە لە زیان هیچی بۆ خەڵك و حكومەتی راستەقینەی گەل نیە.

ئابووریی سێبەر؛ حزب و كەسایەتی و خەڵكی دەسترۆیشووی بەهێزی خاوەن چەكدار جێگەی حكومەتی سێبەری وڵاتانی گرتۆتەوە و قۆرخی بازاری كردووە. لیرەدا دەروازەیەكی سنوری نابینیت بەدەست كەسێكی دەسترۆیشووی سێبەرەوە نەبێت، كۆمپانیایەكی بازرگانی نابینیت بە راستەوخۆ بێت یان نارأستەوخۆ كەسێكی دەسترۆیشوی حزبێك لە {ێبەردا خاوەنی نەبێت، بوارێكی ئابووری و دارایی نیە چی لە پێكهاتەی حكومەتەكە بێت یان لەدەرەوەی رووبەری بێت بەدەست حزب و كەسێكەوە نەبێت و بە فەرمانی ئەو بەڕیوەنەچێت كە لە تاریكی و  سێبەردا كارەكانی رایی دەكات . پەیوەندیەكی ئابووری گەورە و بچوك لەگەڵ دەوربەر و ناوەندە ئابووریەكانی ناوچەكە و جیهان  نیە بەدەست و هێزی كەسی دەشترۆێشوو و زلحیزب و خاوەن هێزی عەسكەریەوە بەڕیوەنەچێت. پرۆژەیەكی قزانجبەخشی مادی  نیە بە دەستی یەكێك لەوانە جێبەجێ نەكرێت ئەگەر قازانجی مادی هەبێت، تۆری ئینتەرنێت و پەیوەندیەكیەان نیە كە بەدەست كەسی سێبەری حزب و چەكدارەوە نەبێت، مۆڵو و بازاڕ و پرۆژەیەكی بازرگانی گەورە نیە كە كەسی سیبەر ی لەو جۆرانە بەڕێوەی نەبات و قازانجەكەی بۆ ئەو نەگەڕێتەوە، تەنانەت ئەوانەی كە ساختەیان لە خەلك كردووە لە پرۆژەی نیشتەجێكردن و بواری گەشتوگوزار و پرۆژەی بەرهەمهێنان لەسەر دەستی كەسێكی دەسترۆیشتووی سێبەرەوە بووە  یان هاوبەش بووە لەگەڵ خەڵكی بەردەست و بەرماڵ. 

بۆیە، هیچ شتیكیان نەهێشتۆتەوە بۆ بەناو حكومەت كە بتوانێت دارایی سەربەخۆی هەبێت و بتوانێت سەرمایەگوزاری بكات و خاوەن پرۆژەی خۆی بێت و هەر هیچ نەبێت تەنانەت بتوانێت تەنها موچەی موچەخۆرانی خۆی دابین بكات، ئەمە جگە لە گەندەلی و دزیی نهێنی و لەناوبردنی پرۆژەی وەبەرهێنان بەناوی حكومەتەوە.

ئەتوانین بڵێین، جگە لە خەڵكی بندیوار كە بەبێ كارو بەرهەم موچەی زەبەلاح وەردەگرن ئەوە ئابووری كوردستان بەگشتی بۆتە ئابووریەكی بندیوار و ئابوورییەك دەتوانین ناوی بنێنی ئابووریی  سێبەری داهێنراوی دەسەڵاتی گەندەڵ  كە جێگەی ئابووریی حكومەت و دەسەڵاتی راستەقینەی گرتۆتەوە.

عیماد عەلی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی