ڕۆژە پشووەکانی حکومەت بۆ ناو کتێبی گینسەوە!

13/07/2020

عەلى کەریمى

ئیتر دەبێ ھەر وابێ، کاتێک لە وڵاتێکی بێ ساحێبی وێران و بێ شوان و دایک و باب، دەوڵەتمەداری و بەڕێوەبردن و کوێخای وڵات، دەکەوێتە دەستی خەڵکانی کاڵفام، ماستاوچی، موستەفید، موزایدەچی و دەروێشی بنەماڵە و شێت و شەیدای عانە و باخ و ڤێلا و تڕۆمبێلی دەیان دەفتەر دۆلاری، سروشتی دەبێ دۆم کە کەڵاش بۆ خۆی بکات چی لێ دەردەچێت؟! 


ڕوانینێکی سەر پێی بەسەر وڵاتانی ئەم سەر عەرزە زۆر بە سانایی بۆمان دەردەخەن؛ ڕۆژانی پشوو لە زۆربەی وڵاتان چۆن و بە چ عەیارە و پێوانەیەک و دوای مشتومڕی لایەنەکانی ناو پەرلەمان، چۆن و لەبەرچی دیاریی دەکرێت. 


لە ناوەڕاستی ھەشتاکان ئاگادار بووم، بۆ ڕۆژی نەتەوەیی سوید ، چەند ساڵ لەسەر یەک گفتوگۆ و ململانێ بوو لە نێوان خەڵک و حیزبەکانی ئەم وڵاتە، پەرلەمان کۆدەبووەوە ئەرێ ئەم ڕۆژە، وا بزانم شەشی پووشپەر دەکات، بکرێتە پشوو و بۆنەی فەرمی یان نا؟!  زۆری خایاند و چەند ساڵێک لە پەرلەمان بیرۆکەکە سەر نەدەکەوت، دەیانگوت ڕۆژانی پشوو زۆرە و نابێ وڵات دابخرێت و چەرخی ئابووری وڵات بەم بۆنانەوە دوا کەوێت. 


لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا ١٠ ڕۆژ، کەنەدا ١١ ڕۆژ، سوید و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ ڕۆژیان ھەیە، لە ڤێتنام تەنیا ١٠ ڕۆژ و ھەرچی وڵاتانی ئەمریکایی لاتینە کە بە تەمبەڵی و زۆرتری پشوو بەناوبانگن، کۆلۆمبیا کە زۆرترینە ١٨ ڕۆژ و مەکسیک کەمترینە ٧ ڕۆژیان ھەیە، ئەرجەنتین و چیلی ١٥ ڕۆژ و بەڕازیل ١٢ ڕۆژ. 
ئیتر زۆربەی ھەرە زۆری وڵاتانی جیھان لە نێوان ٧ بۆ ١٨ ڕۆژ پشووەکانی فەرمیان بە دەستوور و بڕیاری کۆ و پەرلەمان دیاری کردووە. 
لە وڵاتانی دەورووبەری خۆمان تورکیا ١٥ ڕۆژی لە ساڵدا ھەیە، ئێران ئەم وڵاتە بوو تا ئەمڕۆ زۆرترین پشووی ساڵی ھەبوو، ٢٧ ڕۆژ بە فەرمی پشووی کارمەندان و خەڵک بوو. 


ئەمڕۆ لە ناکاو تەنیا بە بڕیاری حکومەتێکی فاشیل و دوور لە خەڵک، بەبێ حیسێبکردنێک بۆ پەرلەمان، ڕۆژی مردنی مستەفا بارزانی کە زۆر زیاتر لە نیوەی خەڵک نەک تەنیا لەسەری ھاوڕا نین، بەڵکو بە نەیاری خۆیان و بە سەرکردەیەکی فاشیل و شکستخواردووی دەزانن و پێیان وایە زۆرتر لە غەمی کوڕان و بنەماڵەکەی خۆیدا بووە تاکو ڕەش و ڕووتی وڵاتەکەی و شۆڕشێکی پانزە بیست ساڵی بە ئاشبەتاڵ کردن دا، کرایە پشووی فەرمی بۆ ھەموو ھەرێم، ڕۆژانی پشووی ھەرێمی کوردستانێکی بێ بەھرە و مەسرەفی و تەنیا پشت بەستوو بە فرۆشی نەوت، تاقە شتێکی کە دەتوانێ کوردستان بەرێتە کتێبی گینسی جیھانی، ژمارەی ڕۆژە پشووەکانییەتی کە بوو بە ٣٨ ڕۆژی فەرمی و دەیانی بندیواریش! 


لە وڵاتێک کە ھیچ لەبەرچاوگرتنێک بۆ ئیش و دەوامی کرێکار و کارمەندەکانی نەکرێت و لە دیوەخانان بڕیار بدرێت کرێکار و ژنان و پیاوانی میری چەند سەعات کار بکەن و چەند ڕۆژی ساڵ بەدەست بەتاڵی لە ماڵدا بمێننەوە و بیر لە گەشەی ئابوری و وەبەرھێنان نەکرێتەوە، زۆر دیارە ئەم وڵاتە ھەر دەبێ خەونی سەربەخۆیی و ئیرادەی نەتەوەیی ببینێت، زۆر زوڵمە کوردستان بەم دەردە بەرین و حاڵی جوتیار و کرێکارمان ئاوا بە زەلیلی بێ و دەوڵەتمدارانی جێی پێکەنین و ھیچ لەباردا نەبوو، چارەنووسی ئەم میللەتەیان بە دەستەوە بێت!


ئیتر مادام تەنانەت لەم پرسەش ھیچ حیسێبێکیان بۆ پەرلەمان و ڕای خەڵک نەکرد، باش وایە دەرگای ئەم ھۆڵە گاڵە درێت و ھەرچی ھەیە بگەڕێتەوە بۆ دیوەخانەکەی سەری ڕەش و ڕۆژانی پشووی سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانیش بکرێتە ٣٦٥ ڕۆژ!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی