بەدەستێك دزین و بە دەستێك بەخشین !

14/07/2020

دابان محەمەد

هێشتا بەكاتژمێر، چلەی وتەكانی سەرۆكی حكومەت تێنەپەڕیوە، كە وتی وەزیری حزبیمان نیە! ئیدارەیەكی حكومەت بەپێوە بون بۆ پێشوازی لە هاوسەرۆكی یەكێتی. ئەوانەی هەڵتوتابون لە چاوەڕوانی و پێشوازیدا، دەبێت بزانن، خۆیان هۆكاری شكستی كارگێڕی و ئابوری و تەندروستی گەرمیانن، خۆ ئەگەر چارەسەری كاتی و ئازار شكێنی حزبی بە فریاد ڕەسی كێشە قوڵ و بونیادییەكانی ناوچەكەدەزانن، باشتربو، كورسی و مێزی بەڕێوەبەراتیەكانیان ببەنە كۆمیتە و مەڵبەندەكان.

گەرمیان ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە، سامانی سروشتی نەوت و غاز، كشتوكاڵ، ناوەندێكی گرنگی بازرگانیە و لەبارە بۆ پیشەسازی و وەبەرهێنان. لەو سنورە، كێڵگەكانی نەوت، كۆمپانیاكانی گواستنەوە و ئاسایشی نەوت، كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری نەوتی، قۆرغكردنی بازاڕ و قەپانەكان، داگیركردنی ئەرزە و زیادەڕۆیی و دروستكردنی باخی نایاسایی و تەندەری كۆمپانیاكان و گەندەڵی و بەرتیل و سەرانە، چارەسەر بكرێت، كێشەی موچەی تەواوی فەرمانبەرانی تەندروستی هەرێم چارەسەر دەبێت نەك تەنیا بنكەیەكی تەندروستی.

بە دەستێك دزین و بە دەستێك بەخشین ! بەشەو قاچاغی بەزۆری هێز و بەڕۆژ دڵنەوایی و لێبوردەیی، چارەسەری دۆخەكە ناكات. وێنەكەش ڕونە هەر ئەوەندە، حزب لە حكومەت زیاتری پێكرا و ژێرزەمینی حزب پڕ و قاسەی حكومەت خاڵی. دەلیلە بۆ گەندەڵی و تاڵانی و دزینی سەروەت و سامانی خەڵك.

تێبینی:
داهاتی خاڵی سنوری پەروێزخان مانگانە، 15 ملیۆن دۆلارە بەرەوژورە.

مانگانە زیاتر لە 3 ملیۆن دۆلار بۆ چەند كۆمپانیایەكی حزبی دەچێت، بە دەیان ملیۆن دۆلاریش كاری قاچاغی لەو سنورە و سنورەكانی تر دەكرێت.

بەم دوایانە قاچاغی بەناوی كوردایەتیەوە لەسنورەكە دەكرێت و جگە لە نوسینگەی كاری قاچاغی، ڕاستەوخۆش پەیوەندی بە بازرگانانەوە دەكرێت.


دابان محەمەد


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی