شەقامی 100 مەتری، لەبەردەستێكی ئەمیندایە؟

15/07/2020

كاوان ئەبوبەكر

گرنگ نییە چەندجار بەردی بناغەی دانراوە، هەروەك گرنگیش نییە لە چ سەردەمێك‌و لەسەر دەستی كام دەسەڵات‌و حوكمڕانیدا كراوە، ئەوەش بەلای منەوە گرنگ نییە بەماوەی چەند تەواو ئەبێت‌و چەندیشی تێدەچێت، خۆ چیرۆكەكەشی لەرابردوودا هەر پێویست ناكات بیزانم، تاكە یەك شت گرنگە، ئەویش لایەنی جێبەجێكار‌و دەستپێكردنییەتی.

ئەم شەقامی 100 مەترییەی سلێمانی وەكو نەخۆشخانە (400) قەرەوێڵەییەكە، قسە‌و باسی زۆر لەبارەوە كرا، بەڵام دواجار نەخۆشخانەكە تەواو كرا، ئیتر چی بووە‌و چۆن بووە، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ئەو نەخۆشخانەیە لەئێستا هەیە‌و "بەدەر لەتێبینی‌و رەخنەكان" خزمەت ئەكات، بەڵام خۆ بارودۆخ هەروا نامێنێتەوە، ئێمە دڵمان بەوە خۆشە پرۆژەیەكی لەو شێوەیە لەم شارەدا هەیە‌و تێبینی‌و رەخنەكانیش درەنگ‌و زوو چارەسەر ئەبن.

ئەم شەقامەش هەروایە، بەدەیان‌و سەدان رەخنە‌و قسەی لەبارەوە كراوە‌و ئەكرێ‌، بەڵام ئەوەتا ئێستا جێبەجێ‌ ئەكرێ‌‌و كۆمپانیایەك جێبەجێی ئەكات، كە ئەزمونێكی خراپی نییە لەو بوارەدا.

هەندێك كەس تەنها بەرپێی خۆی ئەبینێ‌، سەرێك هەڵنابڕێت بۆ چەند كیلۆمەتر‌و چەندین ساڵی تر، كە رەنگە خودی خۆی سودمەند نەبێت لێی، بەڵام ئەوەی كە ناویان لێناوە "پرۆژەی ستراتیژی"، لەشارێكی مێژوویی‌و زیندوودایە كە چەندین نەوەی تری تیا لەدایك ئەبێ‌‌و خودی سلێمانی كە شارێكی گەورە‌و گرنگەكە سودمەند ئەبێت لێی.

ئێستا پرسیارە گرنگەكان ئەوەیە، ئایا كۆمپانیای جێبەجێكار كە (گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان)ە، بەو نەفەس‌و كوالێتی‌و جدییەوە ئەم قۆناغەی شەقامەكە جێبەجێ‌ ئەكات؟، ئایا پرۆژەكە لەو ماوەیەی بڕیاری لێدراوە كە سێ‌ ساڵە، بەهەر بیانوو هۆكارێك بێت، ناوەستێنێت؟، ئایا هەر بەراستی ئەم پرۆژە گەورەیەی سلێمانی لەبەر دەستێكی ئەمیندایە؟؟.

ئەگەر بەویژدان‌و دوور لەهەر لایەنگرییەك، سەیرێكی پرۆژەكانی تری ئەم كۆمپانیایە بكرێت، ئەتوانرێت بەئاسانی وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە، كە بەڵێ‌ لەبەردەستێكی ئەمیندایە، ئەمە لەكاتێكدا ئەگەر بەهەمان رۆحییەتەوە كاربكرێت‌و وا لێكنەدرێتەوە كە ئەم پرۆژە نوێیەیان، وەكو پرۆژەی یەكە نیشتەجێبونەكانیان كڕین‌و فرۆش‌و مامەڵەی پێوە ناكرێت، كە لەو بڕوایەدا نیم ئەو جۆرە بیركردنەوەیە لەئارادا هەبێت.

بەشبەحاڵی خۆم‌و پشتبەستن بەتواناكانی لایەنی جێبەجێكار، گەشبینم بەتەواو كردنی ئەم پرۆژەیە بەو شێوەیەی كە بڕیاری لێدراوە، هەروەك پێشبینیش ئەكەم لەكاتێكی زووتر لەوادەی خۆی تەواو بكرێت، بەو هیوایەشم كە گەشبینییەكەمان لەجێی خۆیدا بێت.

كاوان ئەبوبەكر

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی