چی تر بۆ سلێمانی بكرێت؟

15/07/2020

بەیار عومەر عەبدوڵڵا

چەندین پرۆژەی گەورە و مامناوەند و بچوك لەم دەڤەرە لەمێژە وەستاون، شەقامی ١٠٠ مەتری یەكێك بوو لەوان كە دەبوو چەندین ساڵ لەمەوبەر بكرایە، ئێستا وەكو دەستكەوتێكی گەورە دەیكەن بە منەت بەسەر خەلكی ئەم شارەوە.

ساڵی ٢٠١٣ بۆ یەكەمجار بەردی بناغەی دانرا، ٤٧٠ ملیار دیناریان بۆ تەرخانكردبو، لە كاتێكدا ئەوكات نرخی شتومەك هەزرانتربوو، بەڵام بڕیاربو بە مواسەفاتی بەرز بكرێت. ئەم جارە بودجەكەی كەمكراوەتەوە بۆ ٤٠٠ ملیار دینار. سەرۆكی حكومەت بەو مەرجە ڕازیبوە جێبەجێبكرێت، كە سەوزایی ناوەڕاستی شەقامەكە بچوكبكرێتەوە و هەندێك بڕگەی لێتەركبكرێت. 

حكومەتەكەی پارتی ویستی بە لایەنەكانی تر بڵێت كە بڕیاری پرۆژە و تەوقیتەكەی لەدەست خۆمە و كەس هیچی بەدەست نیە. دەیەوێت بە خەلكی ئەم سنورە بڵێت، ئەگەر دەتانەوێت پرۆژەتان بۆ بكرێت، دەنگبدەن بە پارتی كە داهات و دەسەڵاتی لایە.

لێرەدا كێشەیەك دێتەكایەوە؛ شەقامی ١٠٠ مەتری پرۆژەیەكی گرنگی خەدەمیە، بەڵام سلێمانی پێویستی بە چەندین پرۆژەی ستراتیژی دیكە هەیە بۆ ئەوەی گەشەی ئابوری بكات و هەلی كار بڕەخسێنێت.  

ئایا دەكرێت لە پێناوی چەند پرۆژەیەكدا خەلكی سلێمانی و ئەم دەڤەرە تەسلیمی ئیرادەی پارتی بێت؟! بۆ دەبێت ئەم سنورە باجی هەڵوێست و ئازایەتی و ئیرادەی خۆی بدات و بە هەژار بمێنێتەوە، یان ناچاری بكەن تەسلیمی ئیرادەی حزبێك یان چەند حزبێك بێت بۆ ئەوەی هەندێك پرۆژەی بۆ جێبەجێبكەن لە سایەی ئەم سیستەمە مەركەزیەدا؟!

ئایا دەكرێت بۆ پرۆژەیەك كە دەبوو چەندین ساڵ لەمەوبەر بۆ ئەم شارە بكرایە، ژمارەیەكی زۆر لە خەلكی سیاسی و ڕۆشنبیر و ئاسایی بۆ ماوەیەكی درێژ هەموو جوهدی خۆیان بخەنەگەڕ؟! 

پرۆژەی فیدرالیەتی پارێزگاكان و هەرێمی سلێمانی دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە. داهات و دەسەڵات لای ئەم دەڤەرە بێت، دەتوانرێت چەندین پرۆژەی ستراتیژی دیكە جێبەجێبكرێت بەبێ ئەوەی خەلكی ئەم دەڤەرە تەسلیمی ئیرادەی هیچ حزب و لایەنێك ببێت. دواجار ئیرادەی خەلك زاڵ دەبێت بەسەر ئیرادەی حزبەكاندا، كە بەدرێژایی چەندین ساڵە ئەم دەڤەرە دەچەوسێننەوە. 

ئەگەر هەرێمی سلێمانی جێبەجێ بوو، لەپاڵ دابینكردنی موچە و پێشخستنی كەرتەكانی ئاو و كارەبا و تەندروستی و پەروەردەدا، دەكرێت لە شاری سلێمانی ئەم پرۆژانەی خوارەوە جێبەجێبكرێن بۆ ئەوەی جموجۆڵی ئابوری زیاتربكات و هەلی كار بڕەخسێنێت. 

لێرەدا تیشك دەخەمە سەر شاری سلێمانی و قەزا و ناحیە و گوندەكانی چواردەوری؛ هەوڵەدەم لە نوسینەكانی تردا باسی ئەوە بكەم كە چ پرۆژەیەك بۆ دەڤەر و شار و شارۆچكە و گوندەكانی تری ئەم سنورە بكرێت.

١-سەردەمی دوو ئیدارەیی، ئیدارەی سلێمانی پرۆژەیەكی هەبوو بە ناوی ناوچەی بازرگانی ئازاد (Free Trade Zone). حكومەت چەند زەویەكی لە خاوەن موڵكەكان كڕیەوە لە تەنیشت فڕۆكەخانەی سلێمانی، گوایە دەیكات بە ناوچەی بازرگانی ئازاد. دوای یەكگرتنەوەی ئیدارە و سەندنەوەی داهات و دەسەڵات لەم دەڤەرە، ئەم پرۆژەیە و چەندین پرۆژەی تریش وەستان و هەژاری و بێكاری ئەم سنورەی تەنیەوە. ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو پرۆژەیە زیندووبكرێتەوە. 

ئەگەر ناوچەی بازرگانی ئازاد دوبەی كردۆتە سەنتەرێكی بازرگانی جیهانی، دەكرێت ناوچەی بازرگانی ئازاد سلێمانی بكاتە شارێكی بازرگانی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و هەزارەها هەلی كار بڕەخسێنێت. دەكرێت فڕۆكەخانەی ئێستای سلێمانی بكرێت بە فڕۆكەخانەی كارگۆ و گواستنەوەی شتومەك و خزمەتی ناوچەی بازرگانی ئازاد بكات. 

لەبری ئەوە فڕۆكەخانەیەكی مەدەنی لە دەشتی شارەزور دروستبكرێت كە تا ڕادەیەك دورە لە چیاكانەوە و بۆ بواری فڕۆكەوانیش سەلامەتترە. جموجۆڵی ئابوری لە عەربەت و سەیدسادق و وارماوا (زەڕایەین) و هەڵەبجەی تازە و بەرزنجە و گوندەكانی دەشتی شارەزور زیاد دەكات. هەروەها سلێمانیش دەكەوێتە نێوان دوو زۆنی پڕجموجۆڵی ئابوریەوە؛ یەكێكیان فڕۆكەخانەی كارگۆ و ناوچەی بازرگانی ئازادە لە بەری تاسڵوجە و ڕاپەڕین، یەكێكی تریان فڕۆكەخانەی نێودەڵەتی سلێمانیە لە دەشتی شارەزور.

٢-دەكرێت دوو شاری پیشەسازی دروستبكرێت؛ یەكێك لە نێوان بازیان و پیرەمەگروندا و یەكێكی تریان لە نێوان عەربەت و سەیدسادقدا. زەوی بفرۆشرێت بە وەبەرهێنەكان بەو مەرجەی بیكەن بە كارگە. دەكرێت سلێمانی بكرێت بە گەورە شارێكی پیشەسازی كە لە پیرەمەگرون و بازیانەوە دەستپێبكات تا دەگاتە عەربەت و سەیدسادق و پێداویستی ناوخۆی كوردستان و عێراقیش پڕبكاتەوە.

لە زانستی شارداریدا، گەورە شار ھەیە كە چەند شار و شارۆچكەیەكن لە ڕوی جموجۆڵی ئابوریەوە پێكەوە گرێدراون بەڵام مەرج نیە لە ڕوی ئیداریەوە سەر بەیەك پارێزگا یان ویلایەت بن. 

لە ویلایەتە یەكگرتەوەكانی ئەمریكا بە گەورە شارەكان دەڵێن میترۆپۆلیتان ئێریا (Metropolitan area). بۆ نمونە شاری نیویۆرك، گەورەشارە و چەندین شاری تر ھەن كە نزیك نیویۆركن، لە ڕوی ئیداریەوە سەر بە ویلایەتەكانی نیوجێرسی و  

كۆنیتیكەت و  پەنسلیڤانیان بەڵام لە ڕوی جموجۆڵی ئابوریەوە سەر بە گەورە شاری نیویۆركن. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ٣٨٤ گەورەشاریان ھەیە، كە سەرەكیترینیان نیویۆرك و لۆس ئەنجلس و شیكاگۆ و دڵاس و ھیوستنن.

لە توركیا بە گەورەشار دەڵێن بیوك شەھیر (Buyuk Sehir).  توركیا خاوەنی ئیستابوڵ و ئەنكەرە و ئزمیر  و بۆرسە و ئەدەنە و چەندین گەورەشاری ترە. دەكرێت ئێمەش چەند گەورەشارێك بنیادبنێین كە لە ڕوی چالاكی ئابوریەوە پێكەوە گرێدراوبن.

بەڵام ئەم پرۆژانە بە بەرپرسی گەندەڵ ناكرێت، هەروەها بەو پۆپۆلیستانەش ناكرێت كە بەردەوام ڕای گشتی چەواشە دەكەن و دەوروژێنن لە پێناوی ناودەركردن و بەدەستهێنانی پۆستی حكومی و پەرلەمانی. ئەم دوو جۆرە لە سیاسەت دوو ڕوی دراوێكن و تەواوكەری یەكن.

چەند كەسێكی دڵسۆزمان پێویستە كە بەرژەوەندی گشتی لەسەروو بەرژەوەندی تایبەتەوە سەیربكەن، هەروەها ڕوئیایەكی ستراتیژیان هەبێت بۆ پێشخستنی ئابوری، كە سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە. بە ڕوئیایەكی ڕونەوە دەتوانرێت (گەورە شاری سلێمانی)، كە زۆربەی شار و شارۆچكە و گوندەكانی نزیكی دەگرێتەوە، بخرێتە سەر ڕاستەرێی گەشەی ئابوری و ببن بە یەكێك لە شار و ناوچە دەوڵەمەندەكانی جیهان.

بەیار عومەر عەبدوڵڵا


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی