شێخایەتیی تەریقەت پەیوەندیی بە رۆحانیەتەوە نییە

26/07/2020

کاوە جەلال


پرسیار لەسەر شێخایەتی ناشێت بە دانانی تێگەی ئەبستراکت (موجەڕەد) و پاشان پێناسەکردنیان وەڵامبدرێتەوە، بەڵکو باشترین دەرچە گرتنی پیاوی سوننەتی و وردبوونەوەیە لە کردارەکانی، کە کۆی هەموویان نزیکەی دیدێکی گشتگیرمان بۆ کەسێتیی شێخ پێدەدەن. ئاخر دانانی واژەکانی "شێخ" و "مورید"، "تۆبە" و "زیکر" و "تەریقەت" هتاد وەک تێگە هەڵەیەکی خۆفریودەری هزرینە کە هەرگیز ناتوانێت چییەتیی دانراوەکە بەڕۆشنی دیاری بکات، هەروەها کردارەکە جێی گومانە، چونکە پیاوی ژیاوی نێو جیهان شتێکە، تێگەی ئەبستراکتیش شتێکی دیکەیە، یەکێکیان بریتییە لەو کەسێتییە بەرجەستەیە کە خۆزگە و تموح و خواستی دەسەڵاتی ماددیی هەیە، ئەوی دیکەیان تەنیا تێگەیەکە و لەنێو هۆشیشدا هیچ ناوەرۆکێک لە خۆ ناگرێت، بەڵکو "مرۆڤ" هەوڵ دەدات بە پێناسەکردن ناوەرۆکێک بخزێنێتە نێوییەوە.

لێ گومانی تێدا نییە کە ئێمە لەم پەیوەندییەدا دەکەوینە بەردەم دوو شێوەی جیای توێژینەوە: شێوەیەکیان لەگۆڕێ دەبێت، گەر توێژەر خۆی کردبێت بە بکەرێک کە مێتۆدیانە لە دەرەوەی هزرینی سوننەتی دەهزرێت، لێرەشدا ئێپیستێمۆلۆژییەک (تیۆریی مەئریفەیەک) بنەڕەتی مەئریفەیەتی و ڕێگەبڕینی توێژەرییانەی دیاری دەکات، لێ ئەوی دیکەیان درێژەدانە بە کارکردنی سوننەتی، بۆ نموونە لە توێژینەوەکانی شێخایەتیی تەریقەتدا کارکردنی ئیسلامییانەی ئاوەزمەندانەیە بە بابەتەکان و ڕێکخستنی تەکنیکییانەیان لە تێگە ئەبستراکتەکانەوە، بەبێ ئەوەی لێتوێژەرەوە ڕاستییەکی، واتا هەر ڕاستییەکی خۆخوازراوی، بە شێوەیەکی ئێپیستێمۆلۆژییانە دابینکردبێت کە ڕێنومایی دیدی خۆیی ئەو بۆ بابەتەکەی بکات.

بێگومان ئەو تێڕوانینەی سەرەوە واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە لە کوردەواریدا سۆفیزمێک نەبووبێت. لێ ئەمە بابەتی ئێمە نییە و ئەم ئاماژەدانەش بۆی بەسە. لەم پەیوەندییەدا گەرەکە هێندە ببێژین کە شێخی تەریقەت لە دەرگەی سۆفی دەدات: فێڵبازانە، تەمەڵ و تەوەزەل و مشەخۆر، چەوسێنەرانە وەک ئەوداڵێکی چەوساندنەوەی چینایەتی، هەروەها، یان زۆر جار لە سەردەمانی نوێتردا، تەنیا دەسەڵاتی میراتییانەی باوکی بەمیراتی بۆ دەمێنێتەوە و لەنێو ساویلکەکانی لایەنگری باب و باپیرانیدا چێژی لێدەبینێت - وەک دەسەڵاتخوازێکی فیزدار و دوژمنی ڕاستی. ئاخر ئەو خۆمەڵاسداوێکە لەژێر پەردەی ڕاستیخوازییەوە.

ئێمە دەتوانین شێخایەتیی تەریقەت وەک دەستوێژێکی ڕەوانیانەی دەسەڵات دابنێین بە پێچەوانەی ئاغا کە زەوی دەستوێژی ماددییانەی دەسەڵاتەکەیەتی. واتا کاتێک ئاشکرایەتییە ماددییەکەی دەسەڵاتی ئاغا کەسی ئەو بەزۆریی وەک پیاوێکی سەنگین و مەردانە و ڕاستەوانە دەردەخات (ئەو بێگومان لە چەوساندنەوە و جاشێتیشدا هەر ئەوها ڕاشکاوە)، ئەوا بنەماکانی ڕەوانێتی کە شێخی تەریقەت هانایان بۆ دەبات، ئەو ناچار دەکەن وەک فێڵبازێکی خۆمەڵاسداو و جەبانێکی لەخشتەبەری ساویلکەکان چالاک ببێت. ئێمە لێرەوە دەتوانین گریمانە بکەین کە تەنانەت زیتبوونەوەی مێژووییانەی شێخ دەشێت هەر ئەوها فێڵباز و لەخشتەبەرانە بووبێت، واتا وەک فێڵبازێکی نێو جیهانی هاڤرکێکان دەرفەتی بۆ خۆی ڕەخساندبێت چەند ساویلکەیەک، بەڵێ تەنانەت یەک تاکە ساویلکە، لەخشتەبەرێت و بەو ڕێیەشەوە لەڕقدا بەرانبەر دەسەڵاتی ئاغا و دەرە-بەگ (بەگی نێو-دۆڵ) زیتیبکاتەوە. ئەم گریمانە یەکجار نەرێنییە لەوێوە ڕەوایەتی وەردەگرێت کە ئێمە هەردەم دەبینین چۆن مرۆڤان بۆ خاتری هەر شێوەیەکی دەسەڵات هانا بۆ چەندین دەستوێژی لەگۆڕێبووی نێو کردەکێتی دەبەن، ئەوە تا دەگات بە هەوڵی نووسینی دکتۆرا، هەڵبەست و چیرۆک، نواندن لەسەر شانۆ، دروستکردنی پەیکەر، کاری میدیایی و هتد، جا گەرچی کەسەکان نە توێژەرن یان نە لێهاتوویی هونەرییان هەیە.

کەواتە ئێمە گەرەکە بە ڕەفتاری نێو جیهانییانەی شێخەکان، بە ڕەچاوکردنی مێژوویی (باپیر، باوک، کوڕ)، ئەوجا بە بەراوردکاریی تەکییەکان یان خانەقاکان، هەوڵی نزیککەوتنەوە لە چییەتیی ئەوان بدەین، بەمەش دەبینین، کە نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو بۆ نموونە لە سەردەمێکی دێرینی وەک میرنشینی باباندا، نەک سۆفیگەری، نەک هەوڵی ناسککردنەوەی هۆشەکییانەی هەژاران / خەڵک بۆ گەیشتن بە توانستی پێشبینیکردنی ژیانی خوداویستوو یان پرسی دادپەروەری، بەڵکو پرسی دەسەڵاتی ماددی لە پێشینەی سەرجەم کرداری شێخەکانی تەریقەتدا بووە. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ئیدی لایەنگرێتی و پاساوی زوڵملێکراویی ئەم یان ئەو لایەن جێدەهێڵین، ئاخر گەر بۆ نموونە شێخ خالیدی نەقشبەندی لەجێی کاک ئەحمەد بووایە، ئەوا دەبێت وایدابنێین کە ئەویش هاوشێوەی کاک ئەحمەد هەمان هەڵوێستی هاڤرکێیانەی دەسەڵاتی وەردەگرت، ئەوە ڕەنگە تا ئەو ساتە کە ناچاری سەرهەڵگرتنی کردبا. لەم پەیوەندییەدا گرنگ ئەوەیە کە لە هەردوو بەرەی تەریقەتەکاندا، لەبەر ئەوەی لایەنگرانیان / موریدانیان / دەروێشانیان خەڵکی ناوچەی تەواو جیاوازن و تاقم تاقم خۆیان لەژێر ڕکێفی شێخێکدا دەبیننەوە، ئەوا تۆڕێکی "بەناو دینی" پێکدەهێنن، و دەشێت لە پەیوەندیی کوردیانەدا وەک یەکەمین یان دایکە-ڕێکخراوی مافیایی دەسەڵات لە کوردستان دایبنێین. بەڵی ئەم تۆڕە جڤاکییانەی دەسەڵات بە حوکمی لێرەبوونی (وجودی) نفوزمەند و بەڕێی نەوەکانیانەوە بوون بە مەدرەسە بۆ پارتە سیاسییەکان، ئەوە بێگومان لە مامەڵەکردنی سایکۆلۆژییانەی هاوکاران و خەڵکەوە، تا دەگات بە بنیاتنانی پەیوەندیی سەرکردە-گوێرایەڵ و لەوێشەوە لە کۆتاییدا دەگات بە ڕاگرتنی "پیاوکوژان"ی تایبەت کە بە ڕاسپاردەی شێخ / سەرۆک / سکرتێری پارت کاری کوشتن بۆ ئەو ئەنجام دەدەن. بەڵێ هەرگیز گومان لەوە ناکرێت، کە گەر لە مێژووی نزیک و هەروەها دوورەوە بڕوانین، دەبینین پەتپەتێن ی دەسەڵات، چەواشەکاری و خۆمەڵاسدان و ملدانەبەر، جاسووسی و خۆفرۆشی، مۆرکی هەموو شێخەکانی خوازیاری دەسەڵات و نەوەکانیان بوون. کەواتە ئەوان بە هیچ شێوەیەک پیرۆز نین. کشانەوە بۆ زیکر و قووڵبوونەوە لە پرسیارەکانی لێرەبوون و هەر شێوەیەکی بەناو خودایەتیدا هیچی دیکە نین جگە لە ساختەچێتیی پسیکۆلۆژیانەی فریودان کە دابینکردنی دەسەڵات مۆتیڤی (وروژێنی) سەرەکییەتی. بەڵێ، ئێمە لە کوڕەکانەوە بەڵگەمان بۆ باوکانیان و لە ئەوانیشەوە بۆ باپیرانیان دەستدەکەوێت.

لێرەوە دەگەین بە فێڵبازان ی مشەخۆر لە لایەک و فریدراوان لە لایەکی دی، واتا لە لایەک ئەو کەسانە کە وەک "پیاوکوژی تایبەت ی شێخ" بە خوێنڕشتن و فڕاندنی ناحەزان، بە دەغڵ-سوتاندن و ماڵوێرانکردن کاسپی دەکەن، (لەم ڕوانگەیەشەوە شێخەکان مەدرەسەن بۆ سەرۆکانی هەموو پارتەکانی جەلالی و مەلایی کە پیاوکوژی خۆیان هەبوو)، ئەوجا لە لایەکی دی پیاوانی گوندیی ساویلکە، کە پێداویستییان بۆ ڕزگاربوون لە نەهامەتییەکانی ژیان هەیە و بە خۆنەواندن و پتر ڕووشاندنی کەرامەتیان باوەڕ دەکەن خۆیان لای پیرۆزێک بگیرسێننەوە، لێ ئەو بەناو پیرۆزە لە بنەڕەتدا شارلاتانێکە (Charlatan) بەبێ کەمترین بنەڕەتی مۆرالی، هەر بۆیە ئەوها ئاسان دەبێت بە: جاش، قومارباز، موخابەراتی ی ئەم یان ئەو دەوڵەت یان چەند دەوڵەتێک لە یەک کاتدا، هەروەها بە: کوردکوژ.