ئەرێ پەرلەمان خەریكی چییە‌؟

28/07/2020

سەرتیپ وەیسی

لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازی یاسای (ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لەهەرێمی كوردستان-عێراق) كرا .

تاوەكو ئێستا هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە ( تەلەفیزۆن و رادیۆ) ی نییە، ئەوەی هەیە یاسایی ژمارە 35ی ساڵی 2007 ی كاری رۆژنامەوانییه،‌ كە ئەویش زیاتر تایبەتە بە ڕۆژنامە و كاغەز‌،‌ كاتی خۆی یەكێك بوو لە یاسا باشەكان لە پەرلەمان دەرچوو، بەو پێیەی لانیكەم جۆرێك لە ئازادی بۆ رۆژنامەنووس تێدایە، بەڵام ئەو كات سەندیكای رۆژنامەنووسان و رێكخراوەكان و بەشێك زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی ئەهلی و سەربەخۆش دەستیان هەبوو لە دەرچوواندنی یاسایە، جگە لەوەش خولی ئەوكاتی پەرلەمانیش برادەرانی لیژنەی یاسایی خەڵكی بە توانابوون.

ئێستا پەرلەمانی كوردستان وەك ئەوەی هیچ كاری دیكەی نەبێت، دەستی بردوە بۆ یاسایەكی هەستیاری وەكو ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لەهەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا دەركردنی یاسایەكی ئەوها گرینگ، نە لە توانای لیژنەی رۆشنبیری و یاسایی ئێستای پەرلەمانی كوردستانە، نە پرسیش بە كەسانی پەیوەندیدار بەو بابەتە كراوە، دەركردنی یاسایەك بەم شێوازه ‌و بەو پەلەیەی ئێستا چەندین گرفت دەخوڵقێنێت، كە مومكین نییە ئێمەی ئەهلی ئەو كارە ئەو شتە بەسەرماندا تێپەڕ بكرێت چونكە :
1. دڵنیابن ئەو یاسایە لە خولەدا بەم شێوەیە‌ تێپەڕی، كە زۆرینەی پارتی دەسەڵاتی بەسەریەوە هەیە، وەكو یاسایی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی مۆبایل رۆژی یەكێكمان دەچینە زیندان.
2. دەركردنی ئەو یاسایە لە ئەهمیەت و رۆڵی یاسای كاری رۆژنامەوانی ساڵی 2007 كەمدەكاتەوە، دادگاكان پەنا بۆ ئەو یاسایە دەبەن، هەروەك چۆن ئێستا پەنا بۆ یاسای ئامێری خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و یاسایی سزادانی عێراقی دەبەن.
3. باشە ئەو یاسایه لە ئێستا‌ چ زەروورەتێكی هەیه ؟‌ هەنوكە میدیایە لە دوای دروست بوونی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، قۆناغی میدیای نوێشی تێپەڕاندووە چووینە قۆناغی دوای سەرهەڵدانی تۆڕی كۆمەڵایەتی، نەك ڕۆژنامە ئێستا تەلەفیزۆنیش رۆڵی پێشووتری لە دەستداوە.
4. دەركردنی ئەم هەموو یاسایە بەیەكەوە، دژ بە یەك بوون لە نێوانیان یاساكان دروست دەكات، ئەوكاتیش دادگاكان چۆنیان بووێت لە نێوان ئەو هەموو یاسایە یەكێكیان هەڵدەبژێرن.
5. رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لە هەموو جیهان بۆتە كارێكی قوڕس و جەدەلی زۆری لەسەرە، یانی چی پەرلەمانێكی وا لاواز وەكو یاسای ریكلام خۆی لە قەرەی بابەتێكی لەم شێوەیە دەدات؟!

دەكرێ هەموومان لە دژی ئەو یاسایە بووەستینەوە، چونكە زۆرجار ئەوانەی یاسا دەردەكەن ئەگەر نیەتیشیان باش بێت، زۆر بەخراپی یاساكە دەردەكەن، لەبەرئەوەی ئەهل و پسپۆری بابەتەكە نین، زۆرجاریش مەرامی سیاسی لە پشتیانەوە هەیە، بە تایبەت ئەم خولەی پەرلەمان كە زۆرێك لە ئەندامانی پەرلەمان جارێ جیاوازی لە نێوان بڕیار و رێنمایی و یاسا و دەستوور ناكەن، چ جای یاسایەكی لەم جۆرە ؟!!!

مادام یاسا بۆ ئێمە دەردەكرێ دەبێ پرسیشمان پێبكرێت تكایە... تكایە... تكایه !!!

قسەی زۆر هەن لە دەرچوواندنی ئەم جۆرە یاسایە، بەڵام من كاتم نییه ‌و جاڕێ سەرقاڵم، ئەگەر نا لەگەڵ هاوپیشەكانم گەورەترین كەمپین لە دژی یاسایەكی لەم جۆرە دروست دەكەین، بەڵام پێویستە رۆژنامەنووسان و سەندیكا و رێكخراوی میترۆ و خەڵكی ئەكادیمی بواری راگەیاندن لە ئێستاوە قسەی خۆیان هەبێت و لێی بێدەنگ نەبن.

سەرتیپ وەیسی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی