عێراق و كوردستان بەرەو كوێ؟

28/07/2020

عادل باخەوان

چەند پرسیارێكم لەسەر ڕوداوەكانی عێراق و كوردستان بۆ هاتوە و بەشێك لە خوێنەرەكانم چاوەڕوانی وەڵامن. من بە كورتی و لەم چوارچێوەیەی خوارەوەدا ڕوداوەكان دەبینم:

1. موستەفا كازمی داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات و پێیوایە ئەوە تاكە چارەسەرە بۆ دەرچوون لەو كۆڵانە داخراوە كە هەموو عێراقیەكانی تیادایە.

2. من پێموایە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، دەمانخەنە بەردەم گریمانەی جەنگێكی ناوخۆی خوێناویتر لەو جەنگەی كە لە نەوەدەكاندا لە نێوان پارتی و یەكێتیدا ڕویدا.

3. جەنگێكی ناوخۆی لەم جۆرە كۆتایی بەو عێراقە دێنێ كە سەد ساڵ لەمەوبەر پرسێ كۆكس دروستیكرد.

4. بەبۆچونی من تراژیدیای عێراق لە نەبونی گرێبەستێكدایە لەنێوان هەموو ئەوانەی كە بڕیارە عێراقی بن. بەریتانیەكانی بیستەكان و ئەمەریكیەكانی دوهەزارەكان سەركەوتوبون لە دروستكردنی عێراقدا، بەڵام هیچ كامیان نەیانتوانی عێراقی دروستبكەن.

5. ئەوەی تائێستا عێراقی وەك دەوڵەت هێشتوەتەوە، تەنها ئیرادەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە. لە گریمانەی جەنگی ناوخۆدا، ئەو ئیرادەیەش گۆڕانكاری بەسەردا دێت.

6. ئەوەی جێگای تێبینیە مامەڵەكردنی سوننە و كوردە لەگەڵ ئەم گریمانەیەدا. بەبۆچونی من هیچ یەكێك لەم دوو ئەكتەرە لە ئاستی تێگەشتن و دروستكردنی ستراتیژی نزیكە مەودادا نین لە بەرامبەر هەڵوەشانەوەی عێراقی شیعەدا.

7. سوننە گیرۆدەیە بەدەست پرسی نوێنەرایەتیكردن و داعش و خێڵ و وردوخاشبونی شار و گوندەكان و گەندەڵی و پاكتاوی مەزهەبیەوە.

8. كورد، تازە "دارە دارە هەستە پێبگرە بەهارەیەتی!" دوای بیست و هەشت ساڵ حكومەتی سەربەخۆ، تازە بەدوای ئەوەدا ئەگەڕێن كە چۆن مەكتەبی سیاسی ڕێگا بە پەرلەمانبدات كۆببێتەوە!

9. لە نەبوونی ستراتیژی كاراو بەهێزی سوننی و كوردا، دڵخۆشبونی سوننە و كورد بە هەڵوەشانەوەی عێراق بێ بنمایە، چونكە لە كۆتاییدا ئەكتەرە گەورەكانی وەك ئێران و توركیا و سعودیە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ئەكتەرەكانی سیستمی ئەنتەرناسیۆنال، بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی دەدەن، نەك سوننە و كورد.

عادل باخەوان


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی