پاشەكشێ لەحكومڕانی هەرێمدا

30/07/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئابووری سەربەخۆ و پرۆسەی ڕیفراندۆم، دوو جوڵەی زۆر خراپ بوون كە لەجێگەی ئەوەی تەكانێك بەبژێوی ژیانی هاوڵاتیان و پرسی نەوەیی و نیشتمانیمان بدەن، سەد پلە پێچەوانە بۆ دواوەی گەڕاندینەوە. لایەزال دوای ئەو هەموو ساڵە حكومەتی هەرێم خۆیی بۆ نەگیراوەتەوەو حكومڕانی و ژیانی هاوڵاتیانیش لەپاشەكشێدایە.

دەرهێنانی نەوتی ڕەش نەك ژیانمانی سپی نەكرد بەڵكو ژیانمانی ڕەش كردو بۆ پەنجا ساڵ ژیانمانی خستە دەست توركیا، خۆی لەڕاستیدا ئەوە عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغداد نییە موچەی موچەخۆرانی كوردستان نانێرن و بڕیویانە بەڵكو ئەوە توركیایە قڕوش قروش پارەی نەوت دەدات، توركیا وەك چۆن لەڕووە جیۆسیاسی و سەربازییەكەوە پیلانی تەواوی ویلایەتی موسڵی هەیە ئاوهایش پێیوایە تەواوی داهاتی ژێرزەوی و سەرزەوی لەباشووری كوردستان لەئاساسدا موڵكی خۆیانەو ئەوەیشی دەیداتە حكومەتی هەرێم سەدەقەیە.

هەرچی ڕیفراندۆمە، نەك كارێكی خەمڵیو و لەكاتی گونجاودا ئەنجام نەدرا، بەڵكو پەلەپەلی تێدا كراو ئامانجێكی ناڕوون وێنە گشتییەكەی شێواند، ڕیفراندۆم نەك نەخشەی دەستكردی عێراقی نەگۆڕی و لەسوودی نەتەوەو نیشتمانی كوردان كۆتایی نەهات بەڵكو كوردستانی بۆ چەندان دەیە گێڕایە دواوەو لەبەهێزییەوە گواستییەوە لاوازترین پێگەی سیاسی و سەربازی و بڕیاردان لەعێراقدا.

ئەوەی ئێستا لەكوردستان دەگوزەرێت، گۆتاوەڕۆی ئەو كەللەڕەقی و نەزانینەیە كە لەهەردوو پرۆسەی ئابووری "سەر+(ەڕۆ) بەخۆ" و پرۆسەی ڕیفراندۆمدا كراو هیچ حیسابێك بۆ داواو نامەو پەیامی وڵاتان نەكرا.

ئێستا حكومڕانی لەهەرێمی كوردستان هێندە نابووت و ناشیرینە مرۆڤی بەویقارو دڵسۆز خۆزگە بەبچوكترین بەرپرسیارێتی ناخوات لەم حكومەتەدا هەیبێت، ئەم پاشەكشێیە نەك لەم خاڵەدا ناوەستێت بەڵكو بەردەوام لەغلۆربوون و داكشاندایە، ئەمەش لەئەنجامی بێئەزموونی و ئینكاری كاربەدەستانی هەرێمە لەلایەك لەگەڵ واقی كوردستان و لەلایەكیشەوە لەپرسی ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد.

تەنها خاڵێك هێزی ئەوەی هەبێت ئەم پاشەكشێیە لەحكومڕانی هەرێمدا بووەستێنێت ئەوەیە كاربەدەستانی هەرێم لەغروری ناوبەتاڵی سیاسی خۆیان بێنەخوارەوەو بەهەموو نێتێكی پاك لەپێناو میللەتدا لەگەڵ بەغداد ڕێكبكەون، ئەگینا لەكوردستان و لەسایەی پیاوانی حكومەتدا هیچ ئاسۆیەك نییە بۆ هەڵكشان و باشتركردنی ژیانی هاوڵاتیان.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی