دادگای لاهای بۆ لە بەردەمان داخراوە

30/07/2020

لوقمان مستەفا

المحكمە الجنائیە الدولیە ( دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ):بریتیە لە دەستەیەكی دادوەری نێودەوڵەتی كە دامەزراوە بۆ دادگایی كردنی ئەو كەسانەی كە تاوانی كوشتنی بە كۆمەڵ یان تاوانەكانی تریان ئەنجامداوە , و تایبەتمەند یەكانی ئەم دادگایە بە پێ سیستەمی ناوخۆیی و جۆری تاوانەكە بریتیە لە:  تاوانەكانی كوشتنی بە كۆمەڵ . تاوانەكانی دژە مرۆڤایەتی . تاوانەكانی جەنگ . تاوانەكانی دووژمنكاری .

كەواتە ھەردوو دەوڵەتی داگیركەری توركیا و ئێران كە بە پاساوی لە ناوبردنی نەیارەكانیان و بەبێ  ڕەچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتیەكان و بە بەر چاوی ھەموو دونیاوە چاوی تەماحیان بریوەتە ھەرێمی كوردستان، بێ سڵەمینەوە و بە پێی رێكەوتنی نێوانیان كە ھەر چەند مانگ جارێ لەسەر ئاستی باڵای ھەردوو ووڵات كۆدەبنەوە، بە مەبەستی لە ناوبردنی ھەرێمی كوردسان و داگیركردنی خاكاكەیی و بە كۆیلەكردنی خەڵكەكەی لەشكركێشی دەكەن، خەڵكی بێتاون دەكوژن و رەز و باخ و گوندەكانیان بەسەر یەكدا وێران دەكەن، سروشتە ناوازەكەیان كردووە بە سوتماك،سەرجەمیان دەچێتە خانەی تاوانە نێدەوڵەتیەكانەوە كە خوودی دادگاكە ئاماژەی پێكردووە. 
 
لە كاتێكدا كەحكومەتی هەرێم و عێراق لەبری پارێزگاری لەخاك و دانیشتوانەكەی بكەن،دەبوو وەڵامی دەست درێژیەكانی دەوڵەتی دەست درێژكار بەنەوە كە دەكرێتەسەر خاك و گەلەكەی، كەچی بەداخەوە هەردوولایان تەنها كەوتونەتە پاكانەوئیدانەكردنی هەردولا (داگیركەر و نەیار) بێ هەڵوێستی ئەمان و بێ دەنگی رێكخراوەكانی مافی بە ناو مرۆڤی نێودەوڵەتی جیهان و ووڵاتانی زلهێزی دوونیا زیاتر وای لە هەردوو ووڵاتی داگیركەر كردووە كە بێ دوودڵی و ڕارایی ئیدامە بە كوشت و بڕی خۆیان بدەن لە ناو خاكی هەرێمی كوردستاندا.

بەڵام ئێمەی كورد چۆن و بە چ شێوەیەك سكاڵا تۆمار بكەین لەم دادگایە.؟ لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی سەربەخۆنیە و تائێستاشی لەگەڵدابێ وابەستەی عێراقە، لەگەڵ ئەوەی عێراق واژۆی لە سەر ڕێككەوتنی ساڵی 1988 نەكردووە كە ڕێككەوتنامەیەك بوو تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.! واتە ئەندام نیە لە دادگای لاهای.! 

لە كاتێكدا دادگای لاهای، تەنیا دەوڵەتەكان دەتوانن بچن سكاڵا تۆماربكەن، تاكەكان ناتوانن سكاڵا تۆمار بكەن، وەك ئاماژەمان پێدا تەنانەت حكومەتی هەرێمیش چونكە دەوڵەت نییە ئەویش ناتوانێت، ناتوانرێت پەنا ببرێتە بەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی( ئای سی سی ) چونكە  عێراق ئەندام نییە لەو دادگایەدا. خۆ ئەگەر عێراق ئەندامبووایە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئەوا تاوانبارانی جینۆسایدی كوردان لە كیمیاباران و ئەنفال رووبەڕووی دادگای نێودەوڵەتی دەكران و دوای 2003ێش هەموو حكوومەتەكانی دواتر تا بە ئێستە دەگات زیاتر گرنگی بە پاراستنی هاووڵاتییانی خۆی دەدا و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی  رووی نەدەدا". ئەگەر ئێراق ئەندام بوایە ئەوا ڕاستەوخۆ لە كاتی پێشێلكاریدا دادگا دەبێتە تەرەف  بەرامبەر بە پێشێلكاری وڵاتی داگیر كەر و ئەوانەی پێشێلكاری دەكەن  دادگایی دەكات و سزایان دەدات.

كەواتە لێرەدا ڕۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایش گرنگە لەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هەرچەندە عێراق واژۆیشی لەسەر ڕێككەوتنامەكەی ڕۆما نەكردووە، ئەو سكاڵایانە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە لەدژی ئەو دەست درێژیانە ئاراستەی دادگای نێوەدەڵەتی تاوان دەكرێن، چونكە بەپێی میساقی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕێی تێدەچێت كە سكاڵاو یاداشتەكان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە ئاراستەی ئەو دادگایە بكرێت".

بۆیە  لەبێ هەڵوێستی و بێ دەنگی حكومەتی عێراق و هەرێم دەبێت هەرچی زووە فشار درووستیكەین لە رێی پێكهێنانی دەستەیەك یا خود ئەنجومەنێك لە كەسانی یاساناسان و مافپەروەران پێكبهێنرێت،سەرجەم سكاڵاكان و ئەو تاوانانەی هەردوو ووڵاتی داگیركەر دەرحەق بە كوشت و بڕی خەڵكانی سڤیل و جینۆسایدكردنی خاكەكەی ئەنجامیانداوە دیكۆمێنت بكرێت و بە یاداشتێك بدرێتە دەست ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی بتوانن لەو رێیەوە بانگهێشتی ئەو دەوڵەتە جینایەتكارانەبكرێت و راپێچی دادگای تاوانی لاهای بكرێن و سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.

لوقمان مستەفا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی