ئایا رۆژئاڤا دەتوانێت مۆدێلێکی تەندروستی سیاسەتی نەوت پێشکەشبکات؟

02/08/2020

کەمال چۆمانى

رۆژئاڤای کوردستان بە ئاگاداریی کۆشکی سپیی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمریکیی گرێبەستێکی نەوتی ئیمزاکردوە.
لەڕوی سیاسیی و ئابوریی و جیۆپۆلۆتیکی و دیپلۆماسیی گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەڵام لە هەمو ئەوانە گرنگتر، ئەوەیە رۆژئاڤای کوردستان نمونەیەکی جیاوازی لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق و وڵاتانی خاوەن نەوت لە دونیا، بەتایبەت وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەوت نیشانبدات.

ئەوەی جێی سەرنجە لای من ئەوەیە مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، لەگەڵ سیناتۆری ئەمریکیی/کۆماریی لیندزێی گڕاهام قسەیکردوە. لە کاتێکدا ئیمزاکردنی گرێبەستێکی وا پێویستە لەڕێی ئیدارەی خۆسەرەوە بێت. هەرچەندە خودی ئیمزاکردنی گرێبەستێکی وا هەوڵێکە بۆ ناساندنی سیاسیی ئیدارەی خۆسەر، بەڵام پێویستە رۆژئاڤای کوردستان لەوە ئاگادار بێت کە تەواوی پەیوەندییە سیاسیی و عەسکەریی و ئابورییەکان تەنها لەڕێی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە نەبن و هەوڵ هەبن بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە بگۆڕدرێت.

ئێستا کە گرێبەستەکە ئیمزاکراوە، ئێمەش چاوەڕێین هەندێک وردەکاریی زیاتر لە خودی بەرپرسان و میدیای رۆژئاڤای کوردستانەوە بزانین نەک لەڕێی میدیای ئێودەوڵەتیی. شەفافییەت رۆحی متمانەیە. متمانە بنەمای هەرە سەرەکیی سەرکەوتنی حوکمڕانییەکی تەندروست و دیموکراتیکە.

پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە ئایا رۆژئاڤای کوردستان دەتوانێت سیاسەتێکی تەندروستی نەوت پێشکەشبکات. لەڕوی تیۆرییەوە، بەڵێ، رۆژئاڤا خاوەنی فەلسەفەیەکی سیاسیی حوکـڕانییە کە دەتوانێت سیاسەتێکی تەندروست پێشکەشبکات جیاواز لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق و وڵاتانی خاوەن نەوت. بەڵام تیۆری بەس نییە، لە پراکتیکدا چۆن جێبەجێدەبێت، ئەوە تەنها خودی رۆژئاڤا و کات دەتوانێت پێمان بڵێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی