رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆشایی دەسەڵات

08/08/2020

مەلا فرمان

لوبنان یەكێكە لەو دەوڵەتانەی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست چەند دەیەیەكە توشی چەندنین كارەساتی یەك لە دوای یەك دەبێتەوە، لە وانە: 
• ماڵوێرانی شەڕی ناوخۆ ، لە ١٩٧٥ بۆ ١٩٩٠ .
• شەڕ و ئاڵۆزیەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، لە ١٩٨١ فرۆكەكانی ئیسرائیل بۆردمانی بارەگای رێكخراوی رزگاری فەلەستینیان كرد، تێیدا زیاتر لە ٣٠٠ كەس كوژران.
• لە ١٩٧٨ سوریا هێرشی كردە سەر لوبنان و شەڕ نزیكەی ١٠٠ رۆژی خایاند.
• تەقاندنەوەی رەفیق حەریری لە شوباتی ٢٠٠٥.
• سەدان تەقینەوە و كاری تیرۆستی تر.
• گەندەڵی لە رادەبەدەر.
• كارەساتی بەندەری بەیروت.
هۆكارەكان
• بونی پێكهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبی جیاواز. بە ڕادەیەك لوبنان نەیتوانیوە تاكەكانی ئەم پێكهاتانە وەك هاوڵاتی لوبنانی كۆبكاتەوە.
• بونی میلیشیای چەكداری جیاجیا، میلیشیای شیعی و مەسیحی و سونی.
• بونی بارەگای ریكخراوەكانی فەلەستین لە لوبنان.
• هەڕەشەكانی حیزب اللە لە ئیسرائیل.
• نەبونی یەك هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی لەسەر پرسی لوبنان.
• دەستێوەرانی دەرەكی، لە روی سیاسی ، سەربازی و ئابوری.
• گرنگی شوێنی جوگرافیای سیاسی لوبنان
بۆشایی دەسەڵات و سیاسی

ئەم هۆكارانەی سەرەوە  وایان كردوە بۆشایی سیاسی و دەسەڵات لەو وڵاتە دروست بێت، بە جۆرێك لە ناو حكومەت و لە پشتی حكومەتەوە چەندین دەسەڵات و حكومەتی جیاجیا حوكم دەكەن. بۆ نمونە حیزب دەتوانێ لە پشتی حكومەتەوە:
- بریاری شەڕ بدات.
- هێز بنێری بۆ هەرشوێنێ بیەوێ، لە ناوە و دەرەوەی لوبنان.
- پەیوەندی سیاسی و سەربازی لەگەڵ دەرەوە دروست بكات.
- دەستی بێگانە رابكێشیتە ناو لوبنان.
میللەت و دەسەڵات

زۆرینەی لوبنانیەكان لە زۆكەوە بە باشی هەستیان كردوە بەبونی بۆشایی سیاسی و دەسەڵات لە وڵاتەكەیان. رێپێوان و ناڕەزاییەكانیان لەسەر شەقام دەرئەنجامی دركبون بو بەخەتەری بونی ئەو بۆشاییە. بەڵام  دەسەڵاتی خۆپەرست و بەرژەوەندخواز، كەی و لە كوێ گوێی بۆ داواكانی میللەت گرتوە. كارەساتی بەندەری بەیروت یەكێكە لە دەركەوتەكانی بێگوێی دەسەڵاتەكانی لوبنان. 

لە رۆژەهڵاتی ناوەڕاستا سوریا، عێراق و هەرێمی كوردستان سێ نمونەی زۆر نزیكن لە لوبنان، لە هەریەكێ لەم شوێنانە :
1- سەقامگیری سیاسی نیە
2- سەقامگیری ئەمنئ نیە
3- خاوەن سیادە نیە، دەستوەردانی دەرەكی نەك هەر بونی هەیە، بەڵكە رۆڵی لە بڕیاردانە چارەنوسسازەكانی وڵاتدا هەیە.
4- خاوەنی فرە میلیشیای چەكدارن
5- لە ناو حكومەت و لە پشتەوەی حكومەت چەندین حكومەتۆكە و سەرۆك خیڵ و گروپی چەتەگەری بە دەسەڵات بونی هەیە.
6- خاوەن ئابوری داتەپا و قەرزدارن.
7- گەندەڵی وەك خۆرەی داری لێهاتوە و نیەتی چاكسازی بونی نیە.
8- لە دەیان كون و قوژبنی جیاجیای ئەم وڵاتانە گۆمان لە بونی عەمباری چەك و تەقەمەنی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەندی دەكرێت.

هەرێمی كوردستان
 لەو دیاردانەی هەرێمی كوردستان لەو وڵاتانە جیادەكاتەوە:
1- بونی دو دەسەڵاتی سەرەكی حیزبی ( پارتی و یەكێتی) خاوەن چەكدارە.
2- ناكۆكی و دوبەرەكی بۆ ماوەیی نەك هەر لە نیەت و بەرنامەی سەرۆكەكانی ئەم دو حیزبە رەگی داكوتاوە، بەڵكە تا رادەیەك شۆربۆتەوە بۆ ناو بنكە حیزبیەكانیان.
3- بونی تەنها پێكهاتەی سونە، لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆمانە و  بە قازانج شكاوەتەوە، بێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر ٣٠% هەرێم شیعە مەزهەب بوایا.! 
4- شلی بەشی زۆری قەڵەم بەدەستەكان و بێدەنگی و بێ هەڵوێستیان لە ئاست روداوەكان. زۆر قسە دەكرێ، زۆر كەم دەوترێت، دەستەوەستان هیج ناكرێت.
5- زیندوكردنەوەی بیری عەشیرەتگەری و دیوەخانانە بەمەبەستی پشتیوانی زیاتری حیزب.
6- دزی و گەندەڵی لە رادەبدەر.
7- بونی هێزەكانی رۆژهەڵات و باكور لە باشوری كوردستان، بەبێ بونی بەرنامەیەكی نیستمانی یەكگرتو.
8- دەستوەردانی دەرەكی، تا ئەو رادەیەی، تۆری هەواڵگری بە تەواوی بڵاو بۆتەوە،  كوێیان بوێت هێرشی سەربازی دەكەنە سەر، كوێخاكانی هەرێمیش بێدەنگن.
سوریا: ئەوە حاڵیەتی و كەس خۆزگەی پیناخوازێ.

رۆڵی میللەت
میللەتی عێراق و هەرێمی كوردستان گەر دەیانەوێ بژین و هاوشێوەی لوبنان توشی كارەساتی گەورەتر نەبێن، پێویستە، بڕوایایان وابێت و یەقینبن كە:
1- ئەم دەسەڵاتە حیزبی و تایەفیانە، لە حوكمڕانی فەشەلیان هێناوە و هەمو دو دیوی یەك پارەن.
2- باسكردن لە چاكسازی جگە لە كات بەسەربردن و هەڵهەڵخەڵەتاندن هیجی تر نیە.
3- تەبایی و یەكریزی لە سایەی ئەم دەسەڵاتە خەیاڵە.
4- بەشی زۆری ئۆپۆزسیۆن پشوكورت و هەناسە سوارن، زیاتر روی دەسەڵاتیان جوان كردوە و بەرژەوەندیەكانی خۆیان پاراستوە ( پول پەرستی و پۆست پەرستی و مانەوە لە ژیان).. بە كپكردنەوەی ناڕەزاییەكانی شەقام و چاندنی بێئومێدی تەمەنی دەسەڵاتیان درێژكردوە.

بە كورتی میللەت چ لە عێراق و ج لە هەرێم دەبێت بە ئومێدەوە هەرچی زوە  بیر لە جێگرەوەی ئەم دەسەڵاتانە بكەنەوە و بەر لەوەی كارلەكاربترازێ كۆتایی بە بۆشایی دەسەڵات بهێنن.

مەلا فرمان

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی