خۆزگەخواستن بە داگیرکەران: لە چاوەڕوانیی بەربەرییەکاندا

11/08/2020

مەریوان وریا قانع

لە دو رۆژی رابردودا زیاد لە (٤٤) ھەزار لوبنانی کەمپینێکی ئۆنلاینیان لە سۆشیال میدیادا ئیمزاکردوە و تیایدا داوای ئەوە دەکەن فەڕەنسا بگەڕێتەوە و وڵاتەکەیان سەرلەنوێ داگیربکاتەوە.
کەمپینەکە ئەم ناونیشانەی ھەیە: ”لوبنان بۆ ماوەی دە ساڵ بخرێتە ژێر ئینتیدابی فەرەنساوە“، ئەم کەمپینە دوای سەردانەکەی دوێنێی ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ لوبنان بڵاوبوەتەوە. ئەوانەی لە پشتی کەمپینەکەوەن باس لەوە دەکەن کە لوبنانیەکان رێگاچارەی ریفۆرم و دەسکاریکردنی سیستمە سیاسیی و ئابورییە حوکمڕانییەکەیان لەبەردەمدا نەماوە و ئەوان دەرەقەتی ھێزە بنەماڵە حوکمڕانەکان و میلیشیاکانیان و دەوڵەتە ئیقلیمییەکانی پشتی ئەو بنەماڵە و میلیشیایانە نایەن.
رادەی نائومێدبون لە دەسکاریکردن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دۆخەکە وایکردوە ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک پەنا بۆ سەرۆکی فەڕەنسا ببەن و داوای لێبکەن فەرەنسا بگەڕێتەوە و وڵاتەکەیان داگیربکاتەوە.

ئەو سیستمە حوکمڕانییەی لە لوبناندا دروستکراوە سیستمێکی تائیفیی میلیشیایی داخراوە کە سەرجەمی دەسەڵاتەکانی ئەو وڵاتەی لە دەستی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی و دینیدا کۆکردوەتەوە و شتێک لەو وڵاتەدا نەماوە لۆژیکی تائیفیەت بەشی نەکردبێت.
گەندەڵیی و دزیی و جەردەییەکی سیستماتیک، باڵادەستیی رەھای مەحسوبیەت و دابەشکردنی پۆست و پلە سیاسیی و ئابوریی و بیرۆکراسییەکانی وڵاتەکە لە رێگای مەحسوبیەتەوە، بەربڵاوی دیاردەی میلیشیا و بونی چەکدار و سوپای خێزانیی و تائیفیی تایبەت، ئامادەگی خەستی ھێزە ئیقلیمییەکان لەو وڵاتەدا و لە دەستدانی تەواوەتی سەروەری وەک دەرەنجامی تەراتێنکردنی ھێزە ئیقلیمیەکان لەناویدا، بەرفروانی دیاردەی بێئیشیی و نەبونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بڵاوبونەوەی ھەژارییەکی گەورە و بەناو بەشێکی گەورەی دانیشتواندا، ئاکارەکانی ئەو سیستمەیە کە دروستکراوە.
لە ھەمو ئەمانەش ترسناکتر بێئەنجامیی و بێکاریگەربونی سەرجەمی ئەو ناڕەزاییدەربڕین و خۆپیشاندانانەیە کە لوبنانییەکان بە درێژایی ئەم چەند ساڵەی دوایی پەنایان بۆبردوە بۆ گۆڕین و دەسکاریکردنی ئەو دۆخە.

ئەوانەی کەمپینەکەیان ئیمزاکردوە بە ھەموان پێیانوایە دەسەڵاتدارانی لوبنان بەھەمو جیھانیانا نیشانداوە کە ناتوانن وڵاتەکە بەڕێوەببەن و لوبنانیان لە لێواری مردن و وێرانبونی تەواوەتی نزیککردوەتەوە.

پەنابردن بۆ فەرەنسا، بۆ ھێزێک کە بەرپرسی ژمارە یەکە لە دروستبونی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بەگشتیی و چۆنیەتی دروستکردنی لوبنان وەک وڵاتێک لەسەر بنەمای تائیفیەت، بەتایبەتیی، ھێما بۆ ئەو دۆخی نائومێدبونە سەرتاسەرییە دەکات کە ئیمزاکەرانی ئەو کەمپینە تێیکەوتون. دۆخی ئەم چالاکەوانانە لە دۆخی ئەو کەسانە دەچێت کە خەریکە لە دەریادا نوقمدەبن و پەنا بۆ پوشێک دەبەن خۆیانی پێبگرنەوە.

خۆزگەخواستن بە داگیرکەران بۆ رزگاربون ھێمایەکی گەورەیە بۆ تاریکیی دۆخی ئێستا و داخرانی ئەگەرەکانی گۆڕانی ئەو ئێستایە. حوکمڕانانی ئەم ناوچەیە بە ڕادەیەک نابەرپرسیار و تاوانبار و موجریمن، خەڵکی ناوچەکە ھەموشتێکی لەوان پێ باشتربێت.

دۆخی عێراق بە گشتیی و دۆخی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دۆخی لوبنان باشتر نییە. دەسەڵاتدارانی عێراق و دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ھەمان مەعدەنی ئەوانەی لوبنان دروستکراون و سیستمی حوکمڕانییەکەشیان لەھەمان قوڕ و لیتە و پۆخڵەوات دروستکراوە. ئەوەی لەمڕۆدا جارنەجار ھەم لە ھەرێم و ھەم لە عێراقدا گوێمان لێدەبێت کە خەڵک تەمەنای گەڕاندنەوەی سەدام حوسەین دەکەن، ھەمان لۆژیکی نائومێدبون و وەڕسبونی لەم دەسەڵاتدارانەی لەپشتەوەیە. ھەمان ڕەشبینیی بەرامبەر بە چاکسازییکردن و دەسکاریکردنی سیستمە حوکمڕانییە خێڵەکیی و بنەماڵەیەی و خێزانی و تائیفیی و سوڵتانییەکە، خواستەکانی خەڵک دادەڕێژێت.

ئەگەر لوبنانییەکان ماکرۆنیان ھەبێت پەنای بۆببەن، ئەوا عێراقییەکان، بە کوردیشەوە، تەنھا وێنەکانی سەدام حوسەینیان ھەیە تەماناکانی خۆیانی پیاھەڵواسن.
ئەو دۆخەی ئەمڕۆکە لە ناوچەکەدا باڵادەستە لەو دۆخە دەچێت کە شاعیری یۆنانی بەناوبانگ کۆستەنتین کاڤافی لە شیعری ”لە چاوەڕوانی بەربەریەکاندا“ باسیدەکات. لەو شیعرەدا کاڤافی باس لە شارێک دەکات کە لە ناوەوەی خۆیدا تەواو بۆگەن و بێمانا و بێھیوا و بێئومێد بوە، دانیشتوانەکەی بۆ رزگاربون لەو دۆخە تەمەنا و چاوەڕێی ھاتنی بەربەرییەکان دەکەن. ئەوان ڕۆژانە خۆیان دەگۆڕن و جلە جوانەکانیان لەبەردەکەن و دەچنە بەردەرگای شارەکەیان و چاوەڕوانی ھاتنی بەربەرییەکان دەکەن. ئەوان ھاتنی بەربەرییەکان وەک ھاتنی رزگارکەرێک دەبینن.

پێدەچێت میللەت و کۆمەڵگا جیاوازەکانی ئەم ناوچەیە، ھەریەکە و بەجۆرێک چاوەڕوانی بەربەرییە ڕزگارکەرەکانی خۆیان بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی