چەمكی هاوڵاتیبوون بە مانا نوێیەكەی

11/08/2020

کەمال محەمەد

چەمکی ھاوڵاتیبوون بە مانا نوێیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رۆشنگەری، چونکە بەر لەو سەردەمە مرۆڤەکان بریتیبوون لە نەوەکانی خێڵ و مەزھەب و عەشیرەتەکان، بەڵام سەردەمی رۆشنگەری ھات و مرۆڤەکانی کرد بە خاوەن مافی ھاوڵاتیبوون لە بەردەم یاسا و کۆمەڵگادا و خودی ئەمەش بو بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی رۆشنگەری و مۆدێرنە، چونکە ھەر لەو سەردەمەدا بوو مرۆڤەکان راھێنران داوای ئازادی سیاسی خۆیان بکەن و روبەڕوی دەسەڵاتێکی ستەمکاری رەھا ببنەوە و دژی دەسەڵاتی ئوسولییەت ببنەوە و بەدوای ئازادی بیرکردنەوە و رادەربڕینی عەقڵانی خۆیانەوە بن، لەھەموی گرنگتر جەختکردنەوە بوو لەسەر بەھای یونیڤێرساڵی لەو سەردەمەدا کە مەبەست لێیان تێڕوانینی گەردونی بوو بۆ ئەوەی ئومێدی بەدەستھێنانی بەختەوەری و ئازادی لەسەر زەوی و پەیوەندییەکی باشتریش لە نێوان مرۆڤەکان و گەردوندا بەدیبھێنرێت.

ڕەنگە ھەریەکێک لە ئێمە ھەموو ئەمانە بزانین و بیڵێین، بەڵام پێویستە لەخۆمان بپرسین سەردەمی رۆشنگەری کە بەھایەکی یونیڤێرساڵی ھەبوو دوای چەندین سەدە ئێمەی ھاوڵاتی لەم پارچە جوگرافیایەدا چییان لێوە فێربووین کە بتوانین لە گەورەترین جەنگی رۆشنگەریدا بگەین بە ھاوڵاتیبوونێک بە مانا نوێیەکەی و بیسەلمێنین کە جەنگی فیکریش ھیچی لە جەنگی سیاسی و سەربازی کەمتر نییە و ئەوە بخەینەڕوو کە ئێمەش میللەتێکین خوازیاری ئازادی و ژیانێکی شایستەین.

برسی و سەرکوتکراوین، ساڵانێکە کەرامەتی مرۆڤ لێرە ژێرپێخراوە، بەڵام ھێشتا کارەکتەری دەستەجەمعی ئێمە نەیتوانیوە دژیان بوەستێت خۆی لێ لائەدات، وەک بڵێی لەئاکامەکانی ئەو گۆڕانکارییە فیکرییە ئەترسێت کە سیاسییەکان زیاتر لەمردنی خۆیان لێی ئەترسن و تۆقیون! ئەوەی گرنگە گرتنەئەستۆی ئەو بەر پرسیارێتییەیە کە کارەکتەرەکانی دەستەجەمعی راتەکێنێت و قەناعەتی رەھایان لا دروست بکات کە پێویستە حەقیقەتی خزمەتکردن بە خۆیان و ھاوڵاتیبوونیان لە ھەموو شتێک گرنگتر بێت، لەم سەروبەندەشدا وتەیەکی فەیلەسوفی ئەڵمانی ھەیە کە ئەڵێت، "سەختترین جۆرەکانی خزمەتکردن خزمەتکردنی حەقیقەتە بۆ ئەوەی روبەروی خۆمان و حەقیقەتەکانی ناخی خۆمان ببینەوە" کە خەونی ھاوڵاتیبوونە بەمانا نوێ و سەردەمییەکەی .

ئێمەی ھاوڵاتی لەم ھەرێمەدا لەسەردەمێکی پوچگەرایی و عەدەمییەتدا ئەژین، چونکە بەبێ ئەوەی ئەمێستاش فیکر و رۆحی خۆمان بەو رۆح و عەقڵییەتە رەخنەییەی سەردەمی رۆشنگەری پڕچەک بکەین ھێشتا وەک فریادڕەسێک لەچاوەڕوانی یەزدانداین! قەیرانی راستەقینەی رۆشنگەریش لێرەدا ئەوەیە کە ئەگەر گەلێک خۆی ھەوڵی گۆڕانکاری نەدات و ھێشتا ملکەچی و کۆیلایەتی وەک توانایەکی باڵاڕۆیی خۆی سەیر بکات و دروستی بکات ئیتر چ ئومێدێک لەحاڵەتی نەمانی مانای ڕەھای راستینەی گۆڕانکاری و رۆشنگەریدا دەستەبەر ئەکات؟

زوو بێت یان درەنگ، پێویستە ھاوڵاتیبوون بگەڕێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگای ئێمەش، ھاوڵاتیبوونێک کە تەنھا ماف و دەسەڵات و سیاسیبوون لای کەمینەیەک نەبێت بۆ ھەتاھەتایی، ئەم بیرکردنەوە و ھەڵوێستەش جیاوازە لەبیرکردنەوەی ئەوانەی ئەوێ رۆژێ تا ئێستاش ھۆکاری بەشێکی زۆری نەھامەتییەکانی ئەم گەلە بوون کە لەسەر دەستی سیاسییەکانی بەسەریدا ھاتوە، چونکە ئەم گروپانە  نەیانتوانیوە پێ بنێنە قۆناغێکی باڵاترەوە کە ھاوڵاتیبوونیانە وەک مرۆڤێک و نەیانتوانیوە بە قۆناغی عەقڵ و دانایی و بەرواردکاری  بگەن و راست لەھەڵە و پۆزەتیڤ لە نێگەتیڤ جیا بکەنەوە و ھەمیشە خۆیان بە بچوکی ئەو سیاسییە دەسەڵاتدارانە زانیوە کە بوون بە دەرباریان کە ئەمەش پێچەوانەی راستینەیی ئەرکی سیاسییەکان و بەرپرسیارێتییە حکومڕانەکانە .

واقعی حاڵی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمە بەدەست سیاسییەکانەوە ھەمیشە بەو مەبەستە بووە کە چۆن کۆنتڕۆڵی عەقڵی زۆرینەی خەڵک بکەن و بەو ئاراستەیەیاندا بەرن کە پێچەوانەی خواست و بەرژەوەندییەکانی خۆیانە، بێگومان ئەمانەش بەھاوکاری رەعییەتەکانی خۆیان بوە، ئێمە لەسەردەمی کارەسات و ماڵوێرانیداین کە ھێشتا بڕوامان وابێت کە ڕیفۆرمی سیاسی و ئابوری و ئیداری لەسەردەستی سیاسییەکانی نزیکەی سی ساڵی حکومڕانی، ھاوڵاتیبوونێک بێنێتە ئاراوە کە ھەمووان لەبەردەم یاسا و مافدا یەکسان بن دوای ئەوەی ساڵانێکە باجێکی گەورەوگران ئەدەین.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە