رامانی کرێکارێک، لە ماتۆڕە دەست بەسەر گیراوەکەی

15/09/2020

بەشدار عوسمان

بە قوڕگێگی گریانەوە، چاوێکی ماندووەوە، نیگایەکی غەمبارەوە دوا ماڵئاوایی لە ماتۆڕەکەت دەکەی. بە گیرفانێکی خاڵییەوە، رامانێکی ساردەوە لە تەنھا سەرچاوەی بژێویت رادەمێنی کە دڵنیام دەیان ژەم سگی خۆت و خێزانەکەت ھەڵکوشیوە بۆ بەدەستھێنانی تا لەکاتی خۆی بگەیتە سەر کارەکەت، بەڵام ئیتر ناگەیت و ئەو دەستە زبر و ماندووانەش لە دواوە گرتووتن پشویەکی باش دەدەن لە بێکاری .

لە وڵاتی سەروەری یاساوە، بۆت نییە یاسا شکێنی بکەی و باجی ئەو ھەموو رێگاوبانە باشە و ژینگە جوانە نەدەیت، تۆیەک کە ھەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانت بۆ دابینکراوە، لە باخچەی ساوایانەوە تا تەواوکردنی کۆلێژ وەکو بەچکە بەرپرسەکان زەمینەت بۆ رەخساوە، بەھرەمەندی لە خانووی گونجاو، وەکو ئەوان چۆن لەگزیز و جاگوارەکانیان رەقەم دەکەن و خۆیان لە باج نادزنەوە، تۆش دەبێت باجی ئەو یاسا شکێنیەت بدەیت ئیتر تا ماوەیەکی دوور دوور بە ترام و قیتار و پاسە مۆدێرنەکان ھاتوچۆی سەر ئیشەکەت بکەی !


ئیتر بەو بەیانییە مەچۆرە سەر کارەکەت و بچۆرەوە ماڵەوە، بیر لە وڵاتێک بکەرەوە ماتۆڕی بێ ژمارەی تیادا لێخوڕی بیرە نەوتەکان لەسەر خێڵ و خێزانەکان تاپۆکرابن و ئەوانەی خوارەوەش خەریکی کونکردنی بۆرییەکان بن، بیر لە جێگایەک بکەرەوە شەق وەشێنەکانی ناو گەڵی مامۆستایان و خۆپیشاندەران وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچووبن لە سەرووی ھەموو لێپرسینەوەیەکەوە بن، چاو ببڕە مەملەکەتێک بە دەرزی و دەرمانی ئێکسپایەر چاوی نەخۆشەکانیان کوێر کردبێ، خۆراکی بەسەرچووی دەیان وڵات لە بازاڕەکانی بە ئاسایی مامەڵەی پێوە بکرێت، لە مەملەکەتێکدا دەستدرێژیکەرانی سەر مناڵان ئازاد بن، بەرپرسەکانی بازرگانی ماددەی ھۆشبەربن، زانکۆکانی تەژی بن لە نەخوێندەوار، بڕۆ لەوێ ھەوڵدە خۆت لە باج بدزیتەوە! لەھەنسکی دەرنەھاتووت، لە تێڕامانە توڕەکەت باش تێدەگەین ئەی گەنج، کە چ رقێک لەناختدا پەنگیخواردووەتەوە، لەکاتێکدا دەیان نا یەکسانی و ستەم و زۆرداری لەبەرچاوتدا دەبینی، ھەموو دەروازەیەکی ژیان و کاسبیان لەتۆی مناڵە ھەژار بەستووە، بە ئازایەتی و بەرزی نەفسیەتت دەتەوێت لە بەرەبەیانێکدا خۆت بگەیەنیتە سەر کارەکەت و نانێکی شەرەفمەندانە بۆ خۆت و خێزانەکەت دابین بکەی .

دیمەنەکەت چەندە ناخھەژێنە، دەیان ھێندە ئومێدبەخشە، ھەموو ھەوڵێکیانداوە تۆ بێکار بمێنیتەوە و ببیت بە بەشێک لە پاراستنی ئەو ھەموو ناعەدالەتی و ستەمکارییە، ئەوەی توانیان کردیان ئیشەکانی ئێوە بە دەیان کەڕەت گرانتر بسپێرن بە کۆمپانیاکانی خۆیان، بەڵام ئێوە کۆڵتان نەدا و بە ژیانێکی مەمرە و مەژی و ئیرادەیەکی بەھێزەوە بەردەوام بوون.

ئەی گەنج، تۆ دەزانی ئێستا ھەزارانی وەک ئێمە دەیانەوێت تێر لە باوەشت بگرین و دەستە ھیلاک و ماندووەکەت ماچ بکەین؟ ئەوەش دەزانی ھەزارانیتر قێز لە ئەوانیتری ناو وێنەکە دەکەنەوە بەبێ موچەیی بوونەتە بەشێک لە پاراستنی پایەکانی ستەمکاری و ناعەدالەتی و رۆژانە دڵ و دەروونی ھەزارانی وەکو ئێوە دەڕەنجێنن؟، مناڵەکانیان بێ شیر و خۆراک دەکەن. لەولاشەوە سوجدە بۆ بەرپرس و بەچکەکانیان دەبەن و لەبەرچاویان لە شەقامەکاندا تەراتێن بە سەیارە و یاساکانیان دەکەن، بچوکترین ئاماژەی ناڕەزایەتیشیان لە کەمترین حاڵەتدا شەق تێھەڵدانی لەدوا دێ .
دەستە شەقارییەکانتان، رامانە پڕ لە بێ ئومێدییەکانتان، رەنگە پەڕیو و توڕەکانتان، لاشە بەھێز و پڕ ئیرادەکانتان، مژدەی ئایندەیەکی باشتری بۆ ھەموومان پێیە .


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی