بیرەوەریەکان هەرباسی ماسییەکانەو دەریاکەش ونە!

16/09/2020

کەمال رەئوف

زۆربەی کات لەنووسینەوەی بیرەوەرییەکانی بەرپرسانی شۆرشی شاخ حەلقەیەکی ون بوو هەیە لەبیرئەکرێت و وەک پێویست هەقی خۆی پێنادرێت. هەرچەندە زۆربەی بیرەوەرییەکان بەزادەی پاشخانی سیاسی و دیدی فکری کەسەکان زاخاودراون و خۆ بەدورگرتنی تێدایە لەوتنی هەندێک راستی، هەر بۆیە ئەوەی لەدووتوێی چەند بیرەوەریەک دەیخوێنیتەوە رەنگە زۆربەی راست بێت و هەریەکە لەدیوی خۆیەوە باسی ئەو وێنەیە بکات کە لێوەی دیاربووە، بەڵام ئەوەی زیاتر جێگەی سەرنجە ئەو حەلقە ون بووە گرنگەیە کە هەموو دیوەکانی لەهەموانەوە دیاربوون بەڵام ئیستا کەس خاوەندارێتی لێناکات و لەنووسینەوەی بیرەوەریەکاندا گرنگی ئەوتۆی پێنادرێت.

ئەوحەلقەیەی باس ناکرێت، بەشداری راستەوخۆی خەڵکی گوندەکانە، ماندوو بوون و شەونخونی ئەو کەسانەیە کە ئەوسا شۆرش وەک دەریا ناوی دەبردن و پێشمەرگەش وەک ماسی ناودەریاکە، کەچی ئێستا هەرباسی ماسییەکان دەکرێت و دەریاکە خەریکە لەچاوان ون دەکرێت..
هەقی خۆیەتی لەنوسینەوەی بیرەوەریەکان باس لەوە بکرێت، چۆن پێشمەرگە و شۆرش ببونە ئەرک  و شەریکی سفرەی نیوەخاڵی ئەو گوند نشینانەی کە خۆیان بەسکێک تێرو بەدەسک برسی بوون، ئاخر کەم نەبوو ئەوکاتانەی لەوەخت و ناوەخت پێشمەرگە لەدەرگەی ماڵەکانی دەدان و دەبوونە میوانیان و لەگەڵ ئەوان نانیان دەخواردو هەر بە کەلوپەلی ئەوان دەنووستن و زۆربەی کاتیش ماڵەکانیان دەبووە شوێنی حەوانەوە و ژوورە باش و گەرمەکانیان دەخستە خزمەتی ئەوان و لەمنداڵەکانی خۆیانیان حەرام دەکردن. 

لەبیرەوەریەکاندا حەقە باسی ئەوە بکرێت گوندنشینەکانی نزیکی شەقامەکان و بنکە سەربازییەکان، چۆن بەبێ چەک دەنێردران لەپێش پێشمەرگەکانەوە بە رۆحی خۆیان رێگاکانیان دەپشکنی نەبا بۆسەی دوژمنی تێدابێت ئەوسا پێشمەرگە پیادەپەریوە. ناکرێت باسی ئەوە نەکرێت ئەرکی خزمەتکردنی شۆرش و پێشمەرگە فەرز کرابوو بەسەر گوند نشینەکانەوەو ئەوانیش بەدڵسۆزانە جێبەجێیان دەکرد و خۆیان و خاوخێزانیان لەژێر ئیتاعەتی شۆرشدابوون کە چی لەجیاتی سوپاس و ستایش، لەهەندێک شوێن مانگانە پارەیان لەخاوەن تراکتۆر و وڵاخدارەکان  وەردەگرت، لەکاتێکدا پێشمەرگە زۆربەی کات شەریکی داهات و ژیانیان بووەو تراکتۆر و وڵاخەکانی ئەوانیشی بۆ پێداویستی گواستنەوەی خۆیان بەکارهێناوە.

دەکرێت باس لەوە بکرێت، بەدرێژایی ساڵانی خەباتی شاخ بۆ هەزارەها جار، لەناوەختدا پێشمەرگە رووی لەو خێزانانە کردوەو سەرباری شەکت و ماندووبوونی خۆیان، دەبوو بەرووی خۆشەوە پێشوازی لە پێشمەرگە بکەن و ئەو ئافرەتانەی بەرۆژ شەکەتی کاری قورسی خۆیان بوون، دەبوو ئامادەش بن هەرکات پێشمەرگە رویان تێکردن وەک خانەخوێی لەناوەختدا خواردنیان بۆ ئامادەبکەن، میوانداریان بکەن، ماڵەکانیان بکەنە بنکە بۆ داڵدەکانی بریندارو تەنانەت کەسوو کاری پێشمەرگەش لەلای خۆیان بحەوێننەوە و دڵنەوایان بدەنەوە.

دەکرێت باسی ئەوە بکرێت، چۆن لە شەوە ساردو مەترسیدارەکان، خەڵکی گوندەکان دەکرانە تەتەرو نامەو پەیامیان پێدەگوێزرایەوە، لەشەوە تاریکەکاندا دەکرانە رێبەرو دەخرانە پێش قافڵەی پێشمەرگە تا رێگایان لێ ون نەبێت، بۆیە ئەرکی گەورەو گرانی شۆرش بەشێکی زۆری بەسەر شانی ئەوانەوە بوو، قوربانیان دەداو، چەک و تەقەمەنیان لەماڵەکانی خۆیاندا دەشاردەوە لەلایەن رژێمەوە گوشاریان لەسەردادەنراو بەهۆی شۆرشەوە لەخزمەتگوزاری بێبەش دەکران و گوندەکان زۆربەی کات دەبوونە شوێنی بەرەو رووبوونەوەی پێشمەرگەو سوپاو جاش و ئەوان پشتویانی لۆجستیکی بەردەوامی شەرە قورسەکان بوون و باخ و رەزیان دەسوتێنراو بۆردومانی گوندەکانیان دەکرا.

بەراستی ناکرێت بیرەوەرییەکان تەنها باسی ماسییەکان بێت و دەریاکە لەبیر بکرێت، چونکە دڵنیام ئەوانیش بەشێک لەراستییەکانیان لایەو بەباسکردنی ئەوان رەنگە چیرۆکە بەتەواوەتی لەتابلۆکەدا دەرکەوێت، بەڵام بەداخەوە دەمێکە دەریاکە لەبیرکراوە و بەردی گەورە گەورەی تێفرێدراوە، بەپێچەوانەی ئەو پەندە کوردیە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە کە دەڵێت، (کانیەک ئاوت لێخواردەوە بەردی تێفرێ مەدە).

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی