ماس

21/09/2020

د.نەزاکەت حسێن

یەکێک لە رەگەزە سەرەکیەکان بەڵکو بناغەی کاری میدیایی، سەرچاوەی زانیارییە کە هۆکاری سەرکەوتنی کاری رۆژنامەگەری و فەراهەمبوونی ئازادی رادەربڕین وبونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە، چونکە مافی گەیشتن و دەستخستنی زانیاری بۆ رۆژنامەنووس و کرانەوەی سەرچاوەی زانیاری لەبەردەم رۆژنامەنوس وادەکات زانیارییەکان ڕاست و دروست تر و وردتر دەست بکەون و بڵاوبکرێنە، رۆژنامەنوسیش ڕووبەووی هیچ پێشێلکاری و سەختیەک نەبێتەوە لە بەدواداچوونی راستییەکان.

ئەم پرسە لە هەموو وڵاتەکاندا بە یاسا رێکخراوە و مافی بە دەستگەیشتنی زانیاری بۆ رۆژنامەنووس فەراهەم کراوە، هەروەک دەبینن لە یاسای ئەوروپیدا بۆ رۆژنامەگەری و مافی مرۆڤ باسی ئازادی رادەربڕین دەکات بەدوایدا باسی مافی بەدەستخستنی زانیاریش دەکات. چونکە ئازادی رادەربرین شتێک نیە بە بێ گەیشتن بە زانیاری. ئەمە جگە لەو سەرچاوانەی دەستخستنی زانیاری کە دام و دەزگا فەرمیەکان و ئەو ڕێکخراو و ئۆرگانانەی زانیاریان لایە پێویستە بگاتە هاوڵاتی.

بەڵام باسەکەی ئەمرۆ لەوەیە زۆربوونی سەرچاوەی زانیارییەکان چ لەبەدەم رۆژنامەنووس چ لە بەردەم هاوڵاتی جۆرێک لە چەواشەو سەرلێشێوانی دروستکردوە، لەکۆندا جگە لە بە دواداچوونی مەیدانی رۆژنامەنووسان کە زانیاریان کۆدەکردەوە لەسەر ڕووداوەکان، ئاژانسی دیاریکراویش هەبوو کە دەزگای راگەیاندنی وڵاتان زانیارییە خاوەکەیان لێ دەکڕین و هەواڵیان لێ دادەڕشت. دوای گەشەی تەکنەلۆجیا و مانگە دەستکردەکان و بەدەستگەیشتنی زانیاریەکان بە ئازادی و خۆڕایی لە رێگەیانەوەو لە نێوان وڵاتاندا و بەردەستبوونی چەندین سەرچاوەی هەواڵی دەرەکی بۆ وەرگر، ئیتر بەهایەک بۆ ئەو زانیاریانە نەمایەوە کە کەناڵە لۆکاڵییەکان بەهەوڵی رۆژنامەنووسە مەیدانییەکان دەستی دەکەوت یان لە ئاژانسی هەواڵەکان دەیانکڕی.

هاتنی سۆشیاڵ میدیاش سەرچاوەکانی زیاتر بەردەستخست، راستە لە هەندێک ڕووەوە خزمەتی بەئازادی ڕادەبڕین و دیموکراسیکردنی کۆمەڵگا کرد، بەڵام سەردەمی مردنی دەرگاوانەکان و نەمانی فلتەر و متمانەی لەگەڵ خۆی هێنا لەگەڵ قورسی ناسینی سەرچاوەی باوەڕپێکراو و باوەڕپێنەکراو، هەندێک لە پسپۆڕان بە سەردەمی تەمبەڵی رۆژنامەنووسە پۆفیشناڵەکانیشی دەزانن لەو ڕووەوەی کە زۆرجار بەهۆی پەیدابوونی هاوڵاتی رۆژنامەنووس و بوونی ئامێری مۆبایل بەدەست هاوڵاتیانەوە کە راستەوخۆ وێنەی رووداوەکان دەگرن و دایدەبەزێنن پێش ئەوەی رۆژنامەنووس بگاتە سەر شوێنی ڕوداوەوەکە، هەروەها بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەسەر ڕوداوەکان لەڕێگەی ئەکاونتی کەسییەوە وادەکات زۆرجا رۆژنامەنووس یان دەزگا راگەیاندنەکان زانیاریی کەسی و بابەتی ناو ئەکاونتە تایبەتییەکان لە سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنن.

وەک سەرچاوەی زانیاری و پێویست نەکات رۆژنامەنووس یان تیمی رۆژنامەوانی بنێرن بۆ شوێنی رووداوەکە. نموونەی ئەوەش لە تەقینەوەکەی لەندەنی ساڵی ٢٠٠٧ خۆی دەنوێنێ کە ٤٠٠٠ وێنە لە ڕێگەی مۆبایلی خەڵکەوە رۆشت بۆ بی بی سی لەسەر روداوەکە. پێش ئەوەی تیمی کەناڵەکە بگەنە شوێنی تەقینەوەکە. ئەمە جگە لەوەی تاک لەبەردەم لێشاوی زۆر و ماسی سەرچاوەی زانیاری چەواشەدایە و زۆرجار نازانێت کامەیان راستە، جگە لەماندوویی ئەندێشەی تاک لەبەردەم ئەم لێشاوە زۆرەی سەرچاوەی زانیاری. جگە لە شێواندن و ساختەکردن کە بەهۆی گەشەی تەکنیکیەوە ئاسان دەکرێت و ئەوەش زیاتر بێمتمانەیی لای وەرگر دروست کردوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی