چیڕۆکی ئەو دەوڵەمەندە بڕواناکرێ!

21/09/2020

کەمال چۆمانی

 

دوێنێ گاردیەنی بەڕیتانیی بڵاویکردەوە ملیاردنێری ئێرلەندیی-ئەمریکیی چەک فینێی دوای ٣٨ ساڵی خەونەکەی بەدیهێنا. دەزانن خەونەکەی چی بو؟ خەرجکردنی ٨ ملیار دۆلارەکەی لە کاری خێرخوازیی، واتا تەواوی داهاتەکەی. دوای ٣٨ ساڵ بەنهێنیی پارەکەی خەرجکردوە، هەرگیز پۆزی بەو کارە خێرخوازییانەی لێنەداوە. یەکێک بوە لەوانەی کە لەپشتی ئاشتیی ئێرلەندا بوە.

ئەو لەژێر کاریگەریی نوسینی نوسەرێک دەبێت، بڕوای وایە ملیۆنێرەکان تەنها ئەمانەتییەکی هەژارانیان لایە و هیچیتر. ئەو دەڵێت: "سامان بەرپرسیارێتیی دەهێنێت. خەڵک پێویستە خۆیان دیاریبکەن، یان هەست بە بەرپرسیارێتیی بکەن و هەندێک لە سامانەکەیان بەکاربێنن بۆ چاککردنی ژیانی مرۆڤ.

" ئەو ملیاردێرە "خاوەنی هیچ شوێنێک نییە، خاوەنی تڕومبێل نییە. سەعاتێکی کاسیۆی دە دۆلاری لە دەستیەتی. جانتایەکی پلاستیکی هەیە. کە گەشت دەکات بە تەیارە، بە ئیکۆنۆمیی سەفەردەکات نەک بزنس کڵاس." ئەو کەسێک بو دژی شەڕ، ساڵی ٢٠٠٣ لە لەندەن دژ بە داگیرکردنی عێڕاق خۆپیشاندانی کرد. پێنج منداڵی هەن، ئامۆژگاریی کردبون بۆ خۆیان هاوینان کاری شاگردی بکەن لە چێشتخانەیەک.

ئەو دەوڵەمەندە کاریگەریی لە بیڵ گێیتس کردوە بۆ ئەوەی ئەویش بەشێک لە سامانەکەی خۆی ببەخشێت. ٧٦ ملیۆن دۆلاری تەنها بەخشیوەتە ئەو گروپە کۆمەڵایەتیی و سیاسییانەی ئەمریکا کە کامپێینیان دەکرد بۆ ئەوەی هەژاران بیمەی تەندروستییان هەبێت. ئەو داوا لە ملیاردنێرەکان دەکات تا لە ژیاندا ماون سامانیان ببەخشن، دەڵێت: تاقیبکەنەوە، حەزتان لێی دەبێت."

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی