نەبینین لەبینیندا !

27/09/2020

نەبەز جەلال


گەر بڕۆیتە تاریکیستانییەکی چۆڵەوە، چاو ببڕیتە قوڵایی‌و قوڵی ئاسمان‌و سەرنج بدەی، بەو تاریکی‌و تنۆکیەدا ڕۆبچیت‌و کەمێک بمێنیتەوەو بڕوانیتە نێو مانگ و ئەستێرەکان، تێدەگەی ئاسمان زۆر زۆر پڕترە لەو ڕەونەق‌و ڕۆشناییە نەبینراوەی کە تۆ بەڕۆژ لەبەر ڕوناکی خۆر توانای بینینیت نییەو نایانبینی.

ڕووناکیش بەشێک لەتاوانی شاردنەوەی تاریکی‌و پەنھانی ھەڵگرتووە، بۆ بینینی ڕوناکییەکی ڕاستەقینە پێویستیمان بەتاریکییەکی قوڵتری چاوە بۆ بینین، زۆرینەی کێشەو ڕاستییە ئاڵۆزکاوەکان لەتاریکی‌و چەپەکی تەنگانەییدا دەبینرێن‌و دەدرەوشێنەوە.!

مرۆڤ قەت ناتوانێ لەڕووناکی‌و ڕوکەشدا بەڕونییەکی سەرپێیی ڕاستییەکان لەدیوە شاراوەو ناچیزەکەی خۆی جیابکاتەوەو ھەڵبژێرێ‌و دەستی بەقوڵاییە شاراوەکەی تاریکی بگات، وەک سروشت‌و ڕاستەقینەی ناوەوەی خۆی بناسێ‌و بەمتمانەوە ھەموو شتەکانی ببینێ.

بەرکەوتەی ئازارو جۆری پەشیمانبونەوەکەش لەناشوێن‌و بۆشایی شوێندایە لەتێگەیشتن‌و بینین گەیشتن بەبڕیاری کوێر.

ھەموو نەبینینێک‌و شاردنەوەی بینینێک دەبێتە ھۆکارو دەرکەوتەی سەرەتایەکی خراپی باوەڕ کوێری‌و جەخت بەخشینەوەی خۆش باوەڕیشە بۆ شکستی ھەنگاوەکانی بەنابینایی دەبنە بڕیار، ئەمەش شتگەلێکی خراپ‌و خراپتر بەدوی خۆیدا دێنێ‌و کات‌و زەمەنیش بەپوچ‌و بۆشی‌و بێئەنجامی لەدەستکەوتی سەرکەوتنەکانی بینین بۆ ژیان تێدەپەڕن.!

بەجێھێشتنی خەڵکی کوردستان لەم تاریکستانی نا شوێن‌و نابینییە بێ ھۆشیارییە ڕامیاری‌و ژیارییەدا، شکستی گەورەی چەند ساڵەی بەڕێوەبردن‌و بەرەو پێشچوون‌و دروستبونی چێوەیەکە کە تێیدا خاک ناچێتە شێوەی وڵاتەوەو خەڵکەکەشی بەمجۆرو ھەنگاوە نابن بەمیللەت.

تێپەڕاندن‌و دەربازبوونی خەڵکی کوردستان لەم سیاسەتی تاریکاندن‌و چاوبەستەکییە کارگێڕیی‌و سیاسییە بازرگانییەی بۆتە مارو لەقورتمی گەل ئاڵاوەو دەیەوێ ھەموان بخنکێنێ، ئەرک‌و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دەسەڵاتداران‌و حزبە سیاسییە بڕیار بەدەستەکانە بۆ بەھاناوەچون‌و ئاشتکردنەوەی پێکەوەژیانی گشتی‌و ئاسودەیی کە تائێستاش بەھۆکاری ڕەوشتی بەرزی نەتەوەیی‌و دڵسۆزی بۆ خەڵک‌و بەخشینی قوربانییەکان خاک ڕاگیریکردوون.

کە ئێوە ھەموو ئەم ڕاستییانە ڕەشکەنەوەو بتانەوێ بەمەبەست نەیبینن، ئیتر نەبینین دەچێتە جێگەی بینین، نەبینیتان دەبینن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی