ڕێککەوتنی هەولێر ــ بەغدا لەنێوان ۱٦ی ئۆکتۆبەرو ۳۱ی ئابدا

12/10/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

 

لەدوای ڕووداوی ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ەوە پارتی دیموکراتی کوردستان نەچووەتەوە کەرکوک و هەمیشە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەم بەروارەدا خیانەتیان لەخاکی کوردستان کردووە، خۆی لەڕاستیدا بەپێی ڕێککەوتنی بارزانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی دەبوو دوای شەڕی داعش کەرکوک و هەموو ئەوناوچانەیشی کەوتبوونە دەستی پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا بخرێتەوەژێر هەیمەنەی سوپای عێراق. ئەوەبوو پارتی بەبێ شەڕ هەم کەرکوک و هەم هەولێریشیان چۆڵ کرد.

سێ ساڵ دوای ئەو بەروارەی کەرکوک، ئێستا پارتی پێشەوایەتی سوپای عێراق دەکات بچنە شەنگال. لێرەدا پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئەگەر ۱٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت بێت، ئەی جیاوازی چییە لەگەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ کەرکوک لە۱٦ی ئۆکتۆبەرو ئێستای شەنگال؟

لەڕاستیدا و لەباری ئاساییدا، سوپای عێراق نەک بۆ کەرکوک و شەنگال تەنانەت بۆی هەیە بچێتە هەر چوار پارێزگاکەیتری هەرێمیشەوە بەو مەرجەی دەستکێشی بۆ نەکرێت و بەپیلان و سیناریۆ دەرگای بۆ واڵا نەکرێت. زۆر ئاسایی دەبوو ئەگەر شەنگال لەڕووی جوڵەی سوپاوە لەکەرکوک و هەر پارێزگایەکیتری عێراق بچێت، بەڵام کارەسات ئەوەیە ڕێنوێنیکردنی سوپای عێراق لەلایەن پارتییەوە بۆ شەنگال لە لە۱٦ی ئۆکتۆبەرو ۳۱ی ئابیش دەچێت.

لەهەردوو ڕووداوی ۱٦ی ئۆکتۆبەرو ۳۱ی ئابدا پارتی ڕێگای خۆشکرد بۆ سوپای عێراق بێنە هەردوو شاری کەرکوک و هەولێرەوە، ئەمەش تەنها لەپێناو لاوازکردنی پێگەو هێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، واتە لەهەردوو ڕووداوەکەدا پارتی یەک مەبەستی هەبوو لەهێنانی سوپای عێراق ئەویش لاوازکردنی پێگەو دەسەڵاتی نەیارەکەی بوو کە یەکێتی-یە.

هەمان شت لەهێنانی سوپای عێراقدا بۆ شەنگال دەبینین، بەڵام ئەوەی جیاوازی نێوان ئەم خیانەتەیە بەهەردوو خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەرو ۳۱ی ئاب ئەوەیە؛ ئەمجارە نەیارەکەی پارتی هەمان نەیارەکەی کەرکوک و هەولێری ۳۱ی ئاب نییە بەڵکو ئەمجارە نەیارەکەی پارتی (پارتی کرێکارانی کوردستان ــ پەکەکە)یە.

دوای ڕزگارکردنی شەنگال لەژێردەستی داعش، پارتی زۆر هەوڵیدا بەسەر پەکەکەدا زاڵ بێت لەشەنگال بەڵام پێینەکرا. تەنانەت تورکیایشی هێنایەناو پرسەکەوە و بەهاوکاری تورکیایش نەیتوانی پەکەکە لەشەنگال دەربکات، ئەوەی ئێستا پارتی چاوی لێیەتی لەڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ڕەوشی شەنگال ئەوەیە سوپای عێراق بچێتە شەنگال و دەسەڵات و بارەگای پەکەکە لەشەنگالدا نەهێڵێت، بۆئەم مەبەستە پارتی داوای لەتورکیا کردووە جارێکیتر بێتەناو بابەتەکەوەو لەسەر هەمان پرسیش تورکیا بانگهێشتی مستەفا کازمی کردووە بۆ ئەنقەرە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی