پارەكەی بەغدا!

12/10/2020

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

مووچە، مافێكی یاساییەو لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانە دابینی بكات، لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەت بەگوێرەی داهات‌و ئەو پارەیەی لەبەردەستیدایە، مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا دەكات، بەوپێیەی حكوومەتی هەرێم لەرووی یاساییەوە توانای قەرزكردنی پارەی نییە، وەك ئەوەی لەچەند ساڵی رابردوودا حكوومەتی یۆنان بەهۆی تەنگەژەی دارایی خەریكبوو لەئەندامێتیی یەكێتیی ئەورووپا دەربكرێت، دواتر بەقەرزكردن خۆی گرتەوە، لەبیرت نەچێت، هەرێمی كوردستان دەوڵەت نییەو كەس قەرزی نێودەوڵەتی ناداتێ‌و عێراقیش قەیرانی دارایی‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و دواكەوتنی مووچەی وەك كارتی سیاسی‌و گوشار لەدژی هەولێر بەكاردەهێنێت‌و لەقەرزەكانیشی پشكی هەولێر نادات، وێڕای ئەو مافە یاساییەی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی مووچە هەیانە، كەچی لەلایەن هەندێ گرووپ‌و هێزی سیاسیی ناوخۆییشەوە هاوشان لەگەڵ سیاسەتی بەغدا بابەتی دواكەوتنی موچە لەدژی حكوومەت بەكاردەهێنرێت.

پارەكەی بەغدا هات! پارەكەی بەغدا هێشتا نەگەیشتووە! بەمزووانە پارەكەی بەغدا دەگاتە هەرێمی كوردستان! جارێ پارەكەی بەغدا لەپەیوەست بەقەوارەی هەرێمی كوردستانەوە زۆر هەڵەیە، ئەو پارەیەی لەبەغداوە دێت، هی بەغدا نییە، بەڵكو هی خەڵكی كوردستانەو بەركەوتەی یاسایی‌و نەتەوەیی‌و هاوڵاتیانی كوردستانە، ئاخر ئێمە هێشتا لەچوارچێوەی عێراقداین‌و بەگوێرەی دەستووریش لەگەڵ ئەوەی بەنەتەوە كوردین، بەزۆر بەعێراقەوە لكێنراوین، كەوایە وەك چۆن هاوڵاتیی یان فەرمانبەرێكی بەغدایی‌و بەسرایی مافی وەرگرتنی موچەو بودجەیان هەیە، تۆش لەهەولێرو سلێمانییەوە هەمان مافت هەیە، كاتێكیش موچەت بۆ نایەت، ئەوە بزانە عێراق غەدرت لێدەكات‌و مافت پێشێلدەكات، لەكاتێكدا تۆ ئامادەی نەوتەكەی رادەست بكەیت! كەچی بەغدا هێشتا چاوشاركێت لەگەڵدا دەكات.

كاتێكیش پارەكەی خۆت لەبەغداوە دێت، منەت نییەو هی خۆتەو بەگوێرەی قانوون بەغدا تەنها لەم قۆناغەدا مافی خەرجكردنی هەیە، وەك چۆن تۆ پارەت لەبانكدایە، بەڵام هەتا ئۆكەی خەرجكردنی وەرنەگریت، مافی ئەوەت نییە هەڵبكوتیتەسەر ژمێریارو بڵێی ئێستا پارەكەمم دەوێتەوە! بۆیە كاتێكیش بانك بۆت خەرجدەكات، ئەوە هی خۆتە نەك پارەكەی بانك بێت! رێك وتنی پارەكەی بەغداش هەمان شتەو غەدرێكی گەورەیە تاكی كورد لەمیدیاوە لەخۆی دەكات.

ئینجا كێشەی هەولێر لەگەڵ بەغداش تەنیا موچەو پارە نییە، حكوومەت ئەو دیالۆگ‌و دانیشتنانەی لەگەڵ بەغدا دەیانكات بۆ ئەوەیە پارە بگەڕێتەوە ناو بازاڕو ژیانی خەڵكی ئاسایی ببێتەوە، لەكاتێكدا دەزانێت بەغدا كارتی موچە بەبابەتی سیاسییەوە گرێدەدات‌و شەڕی نەتەوەیی‌و خاكی پێدەكات بەچەشنێك تاخەڵكی كوردستا برسی بن‌و دژی حكومەت هەڵبستنەوە، بۆ ئەمەش بەپاڵپشتی هەندێ گروپ‌و هێزو كەسایەتی ناوخۆیی (كورد) كە ئامانج لێی بچووككردنەوەی دۆزی كوردە لەموچەدا، ئەمەش گەورەترین هەڵەی سیاسی‌و نەتەوەییە لەوە زیاتر برەوی پێبدرێت، بەپێچەوانەوە كێشەی ئێمە لەگەڵ ئەوەی موچە گرنگەو ژیانی خەڵك‌و جوڵەی بازاڕە، بەڵام سەرلەبەری مافەكانمان نییە، با هەر پارەت هەبێت، ئەگەر پۆستاڵی كۆنە بەعسی‌و حەشد لەسەر سەرت بن، موچەو پارە بەچی دەچن!!.

ئەگەر ئەو قسەیەم زۆر تەقلیدیش بێت، هەر دەیكەم! كورد شۆڕشی بۆ موچە نەكرد، بۆ سەربەخۆیی‌و دروستكردنی كیانی سیاسی‌و نەتەوەیی كرد، ئێستا ئەو كیانە ئەگەر تەواوی خواستەكانی كوردیش نەبن، لەقەوارەی هەرێمدا چڕبووەتەوە، كەوایە سەنگەرگرتن لەو قەوارەیەش، رێك سودگەیاندنە بەعێراق‌و سیاسەتی ئێران بۆ لاوازكردنی كورد لەهەموو بەشەكاندا، ئیدی شورەییەكی گەورەیە بڵێین پارەكەی بەغدا! گرنگە لەبری ئەوە بەبەغدا بڵێین كوا پارەكەی ئێمە، گرنگە بگوترێت كێشەی ئێمە تەنیا موچە نییە، موچە مافی یاسایی خۆمانەو كێشەی ئێمە بابەتێكی درێژمەوداو ستراتیژییە، ئەویش نەتەوەیی‌و داگیركردنی خاكمان لەلایەن حەشدو ئەوانی ترەوە، كورتكردنەوەی كێشەی كورد بەتەنیا لەمووچە كارەساتی گەورەی بەدواوە دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی