گرەوەکەی مەسرور بارزانی

12/10/2020

ئاسۆ حاجی

گرەویان دەکرد کابینەی مەسرور بارزانی تەواو ئەمنی‌و شاراوەبێ‌و کەره‌ستەی مامەڵەکردنی لەگەڵ خەڵک ترس بێ، بەڵام تەواو پێچەوانە دەرچوو مەسرور بارزانی لەمێژوی سیاسی کوردستان‌و ناوچەکەدا کابینەیەکی ڕون‌و دیار لەشوشە کردە چوارچێوەی کارەکانی، بێگومان ئەوە مانای سەرکەوتنی تەواوو کارنەکردنی بێخەوش نییە، بەڵکو مانایەکی نوێی حوکمڕانی‌و پەیوەندی نێوان خەڵک‌و حکومەتە کە دەکرێ بەسەرەتای باشترکردنی ئەوەی کراوەو ڕاستکردنەوەی ئەو خواریانەیە کە پێشتر بەڕاستکردنەوەیان ڕانەگەیشتون.

مانەوەی مەسرور بارزانی بۆ ماوەی زیاتر لە 10 کاتژمێر لەنێو پەرلەمان‌و لەبەردەم پرسیارو لێپرسینەوەی پەرلەمانتاران ڕەنگە شکاندنی ڕیکۆردبێ لەلایەن سەرۆک وەزیرانێک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لەیەک دانیشتنی پەرلەماندا وەڵامی زیاتر لە 400 پرسیار بداتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو پرسیارانە وەک تەڵەبون‌و بەشێکی دیکەشیان بۆ شکاندن‌و دژایەتیکردنی سەرۆکی حکومەت‌و پێکهاتەی کابینەکەی بوو، بەڵام هەموو ئەوانە بەباشەو خێر بۆ حکومەت‌و سەرۆکەکەی شکایەوە، چونکە وەک خۆی وتی: لەئێوە زیاتر سورترو گەرمترم لەڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی‌و ڕیشەکێشکردنی.

بەدرێژایی ماوەی کارکردنی کابینەی نۆیەم وێڕای هەبونی قەیرانی دارایی‌و چارەسەرنەبونی گرفتەکانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەڵام خەڵک لەڕوی دەرونیەوە زیاتر ئارامی‌و سەقامگیریی پێوەدیارەو گەشبینترە لەوەی کە کێشەکان چارەدەکرێن‌و ژیان باشتر دەبێت، چونکە هەستدەکەن ئیرادەیەکی بەهێز هەیە کە بۆ ئەو ئامانجە کاردەکات‌و تێدەکۆشێ، هەبونی ئەو ئیرادەیەش هۆکارێکە بۆ گۆڕانی تێڕوانینی خەڵک بۆ حکومەت‌و دەسەڵات لەتێڕوانینێکی گوماناوی‌و ترس بۆ تێڕوانینێکی دڵنیایی‌و خۆشویستن، بەتایبەتیش کە بەهەوڵەکانی ئەو کابینەیەو سەرۆکەکەی ئاسۆیەکی گەش هەیە بۆ گەیشتن بەلێکتێگەیشتنی باش‌و کۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا لەچارەسەرکردنی گرفتی دارایی، لەوەش گرنگتر لەچارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانیە کێشەلەسەرەکان.

ئەو کابینەیە شتێکی دیکەشی نیشانداو خەریکە دەیسەلمێنێ کە کارنامەکەی‌و ڕیزبەندکردنی پرسەکان‌و کارەکان بەگوێرەی پێویستیان‌و پەیوەندیان بەژیان‌و گوزەرانی خەڵک وەک پێوەر وەرگیراوە، چەند جیبەجێبکرێن ئەوەندە ڕوبەری گەندەڵی گچکەتر دەبێ‌و ئومێدی خەڵک گەورەتر دەبێ، ڕەنگە ئەوکەسانەی کە یەک موچەیان هەبوەو ژیانێکی ئاسایی دەگوزەرێنن هێشتا هەستیان بەکاریگەری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی نەکردبێ، بەڵام ئەوانەی کە زیاتر لەموچەیەکیان وەرگرتوە دەزانن کە چەند مانگە ئەو یاساییە کلک‌و گوێی کردون‌و ئەو ناهەقیەی بۆ نەهێشون‌و لەگەڵ بەردەوامبونی کارەکان بەو ئاراستەیە ئەو حکومەت لەجیاتی ناوەندێک دەستکەوت‌و مشەخۆری ئەوە دەگەڕێتەوەسەر ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی کە خزمەتکردن‌و پێشکەشکردنی باشترو پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیانە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی