یەکێتی‌ چی‌ دەکات‌و خەڵک چاوەڕێی‌ چییە؟

14/10/2020

عومەر گوڵپی

لە چەند ڕۆژی‌ ڕابردوودا، هاوسەرۆکی‌ یەکێتی‌ نیشتیمانی‌ کوردستان، لاهور شێخ جەنگی‌، سەردانی‌ دەڤەری‌ ڕاپەڕینی‌ کردو لەوێ ژمارەیەک کۆڕو کۆبوونەوەی‌ ئەنجامدا، کە هێندێک لەو جموجوڵ‌و چالاکیانە جێگەی‌ سەرنج بوون.

لە ڕاستیدا، سەردانی‌ هاوسەرۆکی‌ یەکێتی‌ بۆ کۆڕو کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندام‌و لایەنگرانی‌ حزبەکەی‌ مافێکی‌ ئاساییە‌،و هەر سەرۆک‌و سەکردەیەکی‌ سیاسی‌ ئەو مافەی‌ هەیە کۆڕو کۆبوونەوەی‌ حزبی‌‌ لەگەڵ ئەندام‌و لایەنگرەكانی‌ حزبەکەی‌ ئەنجامبدات‌ لە زاخۆ بۆ خانەقین بەبێ جیاوازی‌، بەڵام ئەوەی‌ نەدەبوو ڕووبدات‌و نەگونجاوەو پێچەوانەی‌ بنەمای‌ کاری‌ دەوڵەتداریی‌‌ و فرەیی‌ سیاسیی مەدەنیانەیە کۆڕو کۆبوونەوەیە لەگەڵ دەزگای‌ دەوڵەتی‌‌و نیشتیمانی و سەربازیدا، دامەزراوە حکومی‌و سەربازییەکان دامەزراوەیەکن پێویستە لە ژێر ڕکێفی‌ یاسادا بن‌و نابێت لە هیچ چالاکییەکی‌ سیاسی‌‌و حزبی‌ تێوە بگلێنرێن، تێوەگلانی‌ هێزە سەربازییە چەک بەدەستەکان یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی‌ کوردستان‌و سیستمی‌ حوکمڕانی.

چاوەڕوانی‌ خەڵک‌و چاودێرانی‌ سیاسی‌ لە یەکێتی‌ نیشتیمانی‌ کوردستان، و هاوسەرۆک‌و سەرکردەکانی‌، ئەوەیە لە پاش کۆنگرە خۆیان نوێ بکەنەوە، سیاسەتیان بگۆڕن‌و درێژە بە سیاسەتی‌ هەڵەی‌ چەندین ساڵەی‌ دەسەڵات‌ نەدەن کە تا ئێستاش ماڵوێرانی‌‌و دواکەوتن‌و لاوازبوونی‌ هەرێمی‌ کوردستانی‌ بەدوای‌ خۆیدا هێناوە، بەتایبەت درێژەدان بەمشێوازە لە کارکردن لە داهاتوویەکی‌ نزیکدا بوون‌و کیانی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەخاتە مەترسییەوە‌و میللەتەکەمان لەوە زیاتر برسی‌‌و پەرتەوازە دەکات‌و کیانەکەشی‌ زیاتر پاشەکشێ پێ دەکات‌و ئەوەی‌ بە خوێن دەست گەلەکەمان کەوت بەخوێنساردی‌ سەرۆک‌و سەرکردەکانی‌ لەدەستی‌ دەدەین.

یەکێتی‌ لەگەڵ پارتی‌ هاوبەشی‌ دەسەڵاتە، هەر جموجوڵێکی‌ سیاسی‌ هەڵەیان ڕاستەوخۆ کاریگەری‌ زۆر خراپ لەسەر ئایندەی‌ هەرێمی‌ کوردستان‌و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی‌ دروست دەکات، لەم ڕوانگەیەوە کۆبوونەوەو کۆکردنەوەی‌ هێزی‌ پێشمەرگەی‌ کوردستان لەسەردانەکەیدا لە دەڤەری‌ ڕاپەڕین هەڵەیەکی‌ کوشندەیەو درێژەدانە بەو سیاسەتەی‌ پێشمەرگەی‌ کردووەتە دەستەمۆی‌ حزب‌و چەکی‌ لەدەستی‌ حزبی‌ سیاسیدا هیشتووەتەوە کە هەمیشە کوردستان دەخاتە بەردەم ئەو مەترسییانەی‌ کە لە ڕابردوودا بێجگە لە خوێن‌و قوربانی‌‌و ماڵوێرانی‌ هیچی‌ تری‌ به‌دوای‌ خۆیدا نه‌هێناوه و هەڕەشەو مەترسیەکی‌ ئامادە بووە بۆ ژیانی‌ سیاسی‌ و دامەزراوە دەوڵەتییەکان و ئاشتی‌ کۆمەڵایەتی‌‌.

كوردستان له‌به‌رده‌م قه‌یرانی قوڵ قوڵدایە، قەیرانی‌ هەمەچەشنەی‌ پەیوەندیدار بە سیاسەتی‌ بەڕێوەبردن، پەیکەری‌ حکومەت، قەیرانی‌ دارایی‌‌و ئابوری‌، نزیکبوونەوەی‌ دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە هەرەسی‌ تەواوەتی‌، قەیران‌و مەترسییە دەرەکییەکان، کێشەی‌ زەوی‌‌و جوگرافیا، بەجۆرێک ئەگەر نەخشەڕێگەیەکی‌ ڕوونی‌ نیشتیمانیانەی‌ دەوڵەتدارانەی‌ ستراتیجی‌ نەبێت، ئایندەیەکی‌ زۆر مەترسیدار چاوەڕێمانە، جا هەرکەس ئازادە کام بڕیارە دەدات، درێژە بە سیاسەتی‌ چەوتی‌ پڕ هەڵەی‌ ڕابردوو دەدات، یان

مێژوو بۆخۆی تۆمار دەکات و سیاسەتێکی‌ نوێ پەیڕەو دەکات، بەرژەوەندی‌ گشتی‌ هەڵدەبژێرێت‌و واز لە بەرژەوەندی‌ حزبی‌ دەهێنێت یان بە پێچەوانەوە سەرقاڵی‌ دەوڵەمەندکردنی‌ خۆی‌ و حزبەکەی‌ دەبێت، خەڵک چاوەڕوانی‌ ئەوەبوو یەکێتی‌ لە دوای‌ کۆنگرە سیاسەتێکی‌ نوێ پەیڕەو بکات‌و هەر بەڕاستی‌ نوێ ببێتەوە، کار بکات بۆ ئەوەی‌ سیاسەت‌و بەڕێوەبردن لە کوردستان بکەوێتەوە سەر سکەی‌ ڕاستەقینەی‌ خۆی‌، کار بکات بۆ دروستکردنی‌ دامەزراوەو سەروەری‌ یاساو بێلایەنی‌ هێزی‌ پێشمەرگە، وەکچۆن لە ڕابردوودا هاویەشی‌ خراپەکارییەکان بووە، لەمەودوا ببێتە هاوبەشی‌ گۆڕین‌و چاکسازی‌، چونکە خەڵک ئەم چاوەڕوانیەی‌ هەیە‌، خۆ هەر دەبێت لایەنێک دەستپێشخەری‌ بکات، ئایا نەدەکراو ناکرێت یەکێتی‌ ئەو لایەنە نەبێت؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی