دەوڵەتی کۆنەپەرستی بۆلیڤیا لەبەرواری ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧ چی گڤارای بەدیلکراوی ئیعدامکرد، ئەم تاوانە تا هەتایە وەک پەڵەیەکی ڕەش دەمێنێتەوە لەمێژوی ئەم دەوڵەتە سەرمایەداریەدا.
چی گیڤارا یا وەک لای خۆمان پێی دەوترێ جیڤارا لەڕوی کۆمەڵایەتیو سیاسییەوە سەر بەکام دەزگای فیکری بوو؟ چەپ بوو یا کۆمۆنیست بوو؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە باشترە سەرەتا شتێک لەسەر ئەم دوو وشەیە بڵێین.
جیاوازیەکە تەنها لەدەربڕینی دوو وشەی چەپو کۆمۆنیستدا نییە، بەڵکو جیاوازیەکە لەناوەڕۆکدایە، دەکرێ تۆ چەپ بیت، بەڵام کۆمۆنیست نەبیت، دەکرێ کۆمۆنیست بیتو چەپیش بیت (چەپی کرێکاری)، بۆرژوازیو وردە بۆرژوازی دەتوانن چەپ بنو لەمەوقعیەتی چینەکەی خۆشیادا بمێننەوە، بەڵام ئەگەر بونە کۆمۆنیست ناتوانن هەر لەوێدا بمێننەوە، بەڵکو دائەخزێن بۆ ناو پرۆلیتاریا.
ئەمجۆرە چەپەی بۆرژوا یا وردە بۆرژوازیە لەمێژودا هەر لەسەرەتای سیستەمی سەرمایەداریدا بونیان هەبوەو بەشێوەی جیاواز دەرکەوتون دژایەتی کۆمۆنیزمیشیان کردوە لەواقیعدا کاریان بۆ مانەوەی سەرمایەداری کردوە.
ئامانجی ئەم چەپە لەپراکتیکدا سۆشیالیزم نییە لەباشترین حاڵەتدا سەرمایەداری دەوڵەتیە، یا جۆرێک لەسۆشیالیزم کە لەواقیعدا بەدینایەتو هەر لەوەهمدا دەمێنێتەوە بەکارهێنانی پرۆلیتاریاو چینە هەژارەکان لەلایەن ئەم چەپەوە هەر بۆ ئەم ئامانجە بوە.
چەپێک لەجیهانی بەناو سێهەم هەبوو تائێستاش پاشماوەکانی ماوە، خەڵکگەرایە یا پۆپۆلیستەو ئەنتی ئەمپریالیستە، باس لەسۆشیالیزم دەکا ئەو پشت بەستوە بەڕۆشنبیرو جوتیار، جەنگی چەکدارانەو پارتیزانی بەخەباتی سەرەکی خۆی دەزانێو ئامانجیشی سۆشیالیزمێکی نازانستیە، بۆیە سۆشیالیزمەکەی یا خەیاڵیدەبێتو بەدینایەت یا سەرمایەداری دەوڵەتی لەڕێگای کەرتی گشتیەوە بەدیدێنێت، وەک چینو کوباو ڤێتنامو کۆریای باکور.
هێزی سەرەکی ئەم بەشە لەچەپ پرۆلیتاریا نییە یا بڵێم چینی کرێکار نییە، نایەوێ ئەم چینە وەک داینهمۆی شۆڕشی سۆشیالیستی هەڵخڕێنێو ناتوانێ سەر بەم مەیلەی ناو چینی کرێکار بێت.
جیڤارا سەر بەمجۆرە لەچەپ بوو، هەربۆیە لەهیچکام لەو وڵاتانەی ئەو تێیدا جەنگی سۆشیالیزم دانەمەزراو بنەمای کاریو بڕبڕە پشتی ئەو جوتیار بوو نەک چینی کرێکار، چینی کرێکار لەڕێگای شەڕی پارتیزانیو تیرۆرکردنی پیاوانی دەوڵەتو ئەفسەرو سەربازی دەوڵەتەوە بەسۆشیالیزم ناگا، چینی کرێکار لەڕێگای شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە بەمانگرتنو ڕاگرتنی چەرخی ئابوری سەرمایەو خۆپیشاندانی بەکۆمەڵو سەرتاسەرییو ڕێکخراوو بەکاری هەرەوەزیو دەستبەسەراگرتنی هۆیەکانی بەرهەمهێنانو لەکاتی پێویستیشدا بەپەلاماری چەکدارانە دەتوانێ کۆتایی بەدەسەڵاتی سەرمایە بێنێتو دەسەڵاتی سیاسیو ئابوری خۆی دامەزرێنێتو سۆشیالیزم دامەزرێنێو پەلبهاوێ بۆ جیهانیش.
جیڤارا بۆ ئەمە خەباتی نەکرد، هەربۆیە نە لەکوباو نە لەهیچ یەکێ لەو دەوڵەتانەی ئەو تێدا تێکۆشاو ژیانی خۆشی لەسەردانا ئەم ئامانجە نەهاتەدی.
لەگەڵ ئەمانەشدا جیڤارا چەپو ئینسان دۆست بوو هەر ئەمەش بوو بوە هۆی ئەوەی ژیانی خۆی لەپێناو ئینسان دۆستیدا بەخت بکا، ئینسان دۆستیو ئازادیخوازی ڕێگانین بۆ گەیشتن بەسۆشیالیزمو کۆمۆنیزم، دەکرێ ئینساندۆستو ئازادیخوازبیت، بەڵام ئامانجت سۆشیالیزمو کۆمۆنیزم نەبێت تەنانەت ڕێگریش بیت لەبەردەم گەیشتن پێ یان، کاتێ ژنێکی کاسۆلیک یا مەسیحی دەچێتە ئەفریقیا خواردنو دەرمان بۆ منداڵانی برسیو هەژار دەبا ئەو مناڵانە لەباوەش دەگرێو ماچیان ئەکا ئەمە کارێکی ئینسانی دەکا، بەڵام ئەگەر پێی بڵێی ڕێگای ڕزگاری ئەم منداڵە برسیانە ڕوخاندنی سەرمایەداریەو بەدیهێنانی سۆشیالیزمە ڕەنگە بکەوێتە سەنگەری دژایەتیتەوە، پێت بڵی نەخێر هەر سەرمایەداری باشە، بەڵام دەبێ بەبەزەیی بێت بەشی هەژارانیش بدات، زۆرکەسو ڕەوت هەن بەمجۆرە بیردەکەنەوە سۆشیالیزمەکەی ئەم کەسو ڕەوتانە لەمە زیاترنییە واتە دەسەڵاتێکی سەرمایەداری بەبەزەییو دۆستی هەژارانی دەوێ.
چیڤارایزم ڕەوتێکی پۆپۆلیستی چریکیو فیدائیەو خەڵکگەراو ئەنتی ئەمپریالیستیە نەک ئەوەی ڕەوتێکی کۆمۆنیستیو کرێکاری بێ، ڕەوتێکی چەپیەو کۆمۆنیستی نییە بەهەموو پێوانەکانی کۆمۆنیست بون کە لەمانیفێستەکەی مارکسو ئەنگلسو یا بەلشەفیزمەکەی لینیندا پێناسە کراوە.
چیڤارازیم ناتوانێ کۆمەڵگا لەچنگی سەرمایەداری دەربێنێو سۆشیالیزم دامەزرێنێ، ئەمجۆرە چەپە دەمێکە لای خۆمان خۆری ئاوابوەو بەبنبەستگەیشتوەو نەیتوانێ درێژە بەخەباتو تێکۆشانی خۆی بدات.
ناوی چیڤاراو ئەوانەی وەک ئەو گیانیان بەختکرد لەپێناو ئینسان دۆستیدا هەر دەمێنێتەوەو لەبیر ناکرێن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی