مه‌ته‌ڵی چاكسازی

21/10/2020

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

هه‌قیقه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و په‌ڕی خه‌راپیدایه‌ ، هه‌ڵبه‌ت ئێستا ده‌بوو ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ بوایه‌ لانی كه‌م له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان به‌ هه‌رسێ‌ لایان حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، كه‌چی وانیه‌ ، حكومه‌ت به‌ 320 ملیاره‌كه‌ی به‌ غداشه‌وه‌ نه‌یتوانی له‌م ماوه‌یه‌دا  به‌ 40 رۆژ موچه‌ بدات ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یاسای چاكسازیه‌كه‌ به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی یاسای چاكسازیه‌ ، یاسایه‌كیشه‌ بۆ چه‌وساندنه‌وه‌و برسی كردن برایه‌ پارله‌مان ، ئه‌مه‌ له‌ داهاتودا رونتر ده‌رده‌كه‌وێت ، ئێستا كه‌ دۆخه‌كه‌یان وا لێكردووه‌ به‌ خه‌ڵك ده‌ڵێن خانه‌نشینی نایاسایی ، بن دیوار ، زۆر ناووناتۆره‌ی تر ئیتر دۆخێك دروست كراوه‌ پاك و ناپاك تێكه‌ڵ كراوه‌و بوار بۆ ده‌رخستنی راستی نه‌هێڵراوه‌ته‌وه‌ .

چاكسازی له‌ شوێنێكه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد ، كه‌ چاكسازی تیا ده‌رناكه‌وێت ، ده‌بوو چاكسازی له‌ گومرگ و خاڵه‌ سنوریه‌كان ، كۆمپانیاكانی نه‌وت و كۆمپانیكانی پاسه‌وانی و هێزی پێشمه‌رگه‌  ، پڕۆژه‌كانی بیناسازی و یه‌كه‌ نیشته‌ جێبوونه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردبا ، گه‌نده‌ڵی و پیسخۆری گه‌وره‌ له‌و شوێنانه‌دایه‌ .
ئه‌م شێوازه‌ له‌ چاكسازی وه‌ك خۆ دزینه‌وه‌ له‌ چاكسازی دێته‌ به‌رچاو ،ئه‌مه‌ش حكومه‌ت به‌ره‌و شكست و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌بات ، ده‌توانین هه‌موومان چاوه‌ڕێی ئاینده‌ی خراپتر بكه‌ین گه‌ر وا بڕوات .

ده‌بوو حكومه‌ت سه‌ره‌تای چاكسازی به‌ریزبه‌ندی ده‌ستپێكردبا ، بۆ نمونه‌ چاكسازی له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی كه‌ خه‌ریكه‌ وێران ده‌بێت ، چاكسازی له‌ كه‌رتی كشت و كاڵ كه‌ پارتی و یه‌كێتی رۆڵی گه‌وره‌یان له‌ وێرانكردنیدا هه‌یه‌ ، چاكسازی له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ ، كه‌ له‌ سه‌رده‌می به‌عسیشا به‌م جۆره‌ خوێندن له‌ بادینان و سۆران جیاواز نه‌بوو ، چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی ، چاره‌سه‌ری ته‌ڵاق ،رێَكخستنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا ، چاكسازی سیاسی و په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌كان كه‌ له‌ خراپترین دۆخدایه‌ له‌ بری چاكسازی  دێن بیر له‌ ده‌ركردنی یاسایه‌ك ده‌كه‌نه‌وه‌ چۆن كۆت و به‌ند دروست بكات ، چاكسازی بواری بازرگانی ، چاكسازی ئاینی كه‌ ئێستا له‌ كوردستان به‌ ته‌واوه‌تی شێوێنراوه‌و هه‌ر مه‌لاو پیاوێكی ئاینی له‌ ئاوازێ‌ ده‌خوێنێ‌ .

ئه‌گه‌ر ئه‌م چاكسازیانه‌ بكرێت چاكسازی له‌ بواری موچه‌و خانه‌نشینی و رێكخستنه‌وه‌ی دارای زۆر ئاسانتر ده‌بێت ، ده‌ست بردن بۆ دوا خاڵ  وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ نه‌ته‌وێ‌ چاكسازی بكه‌یت .