ئازادی ڕاگەیاندن

23/10/2020

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


ڕۆژنامەی (زەمانی تورکی ــ عەرەبی) لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردۆتەوە کە ئێستا تورکیا گەورەترین زیندانییە بۆ ڕۆژنامەنوسان و زۆربەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لەزیندانن سەربە لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتن.

دوای ماوەیەک هەمان ڕۆژنامە بڵاوی کردەوە گرتوخانەکانی تورکیا زۆرترین منداڵی (۷ــ ۱۲) ساڵی تێدایە لەگەڵ دایکیاندا. ڕۆژنامەکە نوسیویەتی : ئەو منداڵانەی کورد لەگرتوخانەکانی تورکیادا هەن زیاترە لەو منداڵە فەڵەستینییانەی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا هەن.

بەڕاستی لەهەرێمی کوردستانیش کاتێک بەپۆل ڕۆژنامەنووس ڕاپێچی زیندان دەکرێت، ڕاستەوخۆ تێدەگەین تورکیا لەیەک فۆرمدا دەستی نەگەشتۆتە باشووری کوردستان، بەڵکو ئێستا لە کوردستان هەموو مۆدێلەکانی حکومڕانی ئەردۆغان و پارتەکەی مومارەسە دەکرێت و بێ کەم و زیاد جێبەجێ دەکرێت.

ئەم مۆدێلە لەزیندانیکردن و هەڵکوتانەسەر ئەوی بەرامبەر لەسیستمە نادیموکراسییەکاندا نەبێت، لەهیچ شوێن و قوشبنێکی ئەم جیهانەدا جێگای نەماوە. پەیامی ئەم زیندانیکردن و ڕاپێچکردنە هەر ئەوەندەیە کە دەسەڵات لە هەناویەوە دەنگێک دروست بووەو نامۆو دژە بەئەو و پێیقبوڵ ناکرێت.

ئێستا باشووری کوردستان تەمسیلی کۆریای باکورو باشوور دەکات، تەمسیلی هەردوو ئەڵمانیای شەرقی و غەربی جاران دەکات، لەبەشێکی کوردستان هەر کەس و ڕۆژنامەنوسێک مەترسی لەسەر بێت ڕوودەکاتە بەشەکەیتری کوردستان. سلێمانی چەندان ڕۆژنامەنووسی هەولێری تێدایە کە لەترسی گیانی خۆیان ڕویان لەسلێمانی کردووە.

ئەوەی دەبوو لەخاڵە جوانەکانی ئەم هەرێمەدا بمایەتەوە لەپاڵ چەمکەکانی (شۆڕش، شەهید، ئەنفال.......هتد) چەمکی (ئازادی ڕاگەیاندن)ە، بەڵام مەخابن ئێستا ئازادی ڕاگەیاندن تائەو سنورەیە بەدڵی دەسەڵات بێت، ئەگینا لەدەرەوەی ئەوە شتێک نییە ناوی ئازادی ڕاگەیاندن بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی